پەیامنێر و وێنەگری کوردسات نیوز دوای دەستگیرکردنیان ئازاد کران

کەمێک پێش ئێستا پەیامنێر و وێنەگری کەناڵی کوردسات نیوز دوای دەستگیرکردنیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی هەولێرەوە ئازادکران. 

بەپێی هەواڵی میدیاکانی یەکێتی، پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە سیروان حسێن پەیامنیر و فەرمان عەبدول قادر وێنەگری کەناڵی کوردسات نیوز لە کاتی رووماڵکردنی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی هەولێرەوە دەستگیرکران، بەڵام دواتر ئازاد کران

هەروەها لای خۆشییەوە دەزگای میدیای کەناڵی كوردسات لە بەیاننامەیەکدا ئاماژە بەوەکردووە" لە كاتی روماڵكردنی كارێكی رۆژنامەوانیدا لە شاری هەولێر، هێزە ئەمنییەكانی ئەو شارە بەبێ‌ هیچ بیانوو و هۆكارێك و بەبێ‌ فەرمانی دادوەر، سیروان حسێن پەیامنێری كوردسات نیوز و فەرمان عەبدولقادر وێنەگریان دەستگیركرد، ئەوەش لە ماوەی هەفتەیەكدا دووەم جارە رێگری لە تیمی رۆژنامەوانی كوردسات نیوز دەكرێت". 

دەزگای میدیای كوردسات لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا سەرەڕای ئیدانەکردنی ئەو كارەی هێزە ئەمنییەكانی هەولێر، دوپاتیشیدەكاتەوە" هەمیشە پابەندی بنەماكانی كار و ئیتیكی رۆژنامەوانی بووە و هیچ كاتێك كارێكی نەكردووە لە هیچ روویەكەوە زیانی بۆ هەرێمی كوردستان هەبووبێت ئەمە جگە لەوەی هەمیشە دەنگی سەرجەم لایەنەکان بووە بە بێ جیاوازی، چونكە دەزگای میدیای كوردسات هەمیشە باوەڕی تەواوی بە پرەنسیپەكانی نیشتیمان پەروەری و پاراستنی بنەما نیشتیمانییەكان هەیە". 

دەزگای میدیای کوردسات لە کۆتایی بڵاوکراوەکەدا داوا لەسەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكان و سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان و سەنتەری میترۆ و هەموو ئەو لایەنانە دەكات كە خۆیان بە پارێزەری مافی رۆژنامەنووسان دەزانن، رێگری لەو جۆرە كارانە بكەن و نەهێڵن دووبارە ببێتەوە. 


PM:12:55:08/04/2023