ئەفسەرێکی هاتوچۆ: بەرگەی هەواڵەکان ناگرین، لافیتەی ڕەش بە سوچی هەموو کۆڵانێکەوەیە

ڕۆژانە ڕووداوەكانی هاتووچۆ لە زیادبوندایە و تەنها لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا زیاتر لە ٤٠ كەس بوونە قوربانی لە هەرێمی کوردستان و ئەفسەرێكی هاتووچۆ دەڵێت: "بەرگەی هەواڵەکان ناگرین، لافیتەی ڕەش بە سوچی هەموو کۆڵانێکەوەیە”.

ئەمرۆ شەممە ٢٢ی تەموزی ٢٠٢٣ ڕائید بەهمەن عەبدوڵا، ئەفسەری هاتووچۆی سلێمانی لە نووسینێكدا لە واڵی خۆی لە فەیسبووك نووسیویەتی، "مۆبایلەکانمان خوێنی لێدەچۆڕێ، ئازیزان بەرگەی هەواڵەکان ناگرین”.

وتیشی: "لافیتەی ڕەش بە سوچی هەموو کۆڵانێکەوە، نە کردەوەی خۆکوژیە، نە دوژمن هێرشی کردوە، نە غاز تەقیوە، نە بۆردمانی تورکیایە، لەماوەی ٤٨ کاتژمێری ڕابردودا ٣٠ کەس بەڕووداوی هاتووچۆ برینداربوون و ١١ کەس گیانیان لەدەستداوە، كە ئەمە تەنها ئەو ڕووداوانەن، کە لە سۆشیال میدیا بڵاو کراونەتەوە”.

ئەو ئەفسەرەی هاتووچۆیە لە دریژەی نوسینەکەدا باسی لەوەشکردووە، تکایە پابەندی خێرایی ڕێگە پیدراو بن، تکایە یاری بەژیانی خۆتان مەکەن هەمووان دەزانین ڕێگاوبانەکانمان وەکو پێویست نیە، خێرایی زۆر و تێپەڕاندنی هەڵە و سەرقاڵ بون بە مۆبایل لە مەترسیدارترین ئەو هەڵانەن، کە شۆفێر تووشی ڕووداوی دڵتەزێن دەکات.


PM:08:20:22/07/2023