کۆڕی شانۆی با دەقێکی شانۆیی بەختیار عەلی دەباتە سەر تەختەی شانۆ

شانۆیی بێتاوانی و سزا دەبێتە نوێترین بەرهەمی کۆڕی شانۆی با کە لەمساڵدا ئەنجامدەدرێت، کە دەقەکەی نووسینی نووسەری ناوداری کورد (بەختیار عەلی)یە.

ڕێژەن جەمال، دەرهێنەری شانۆییەکە بە سپی میدیای ڕاگەیاند، "بۆ دۆزەخ ئەی بێ گوناهان"  یەکەم دەقی شانۆیی بەختیار عەلیە و بۆ یەکەمجار لەلایەن کۆڕی شانۆی با-وە دەخرێتەسەر شانۆ بە ناونیشانی "بێتاوانی و سزا".

دەرهێنەری شانۆییەکە، ئاماژەی بەوەشکرد "بێتاوانی و سزا لە قۆناغی ئامادەکاریدایە بۆ نمایش و بڕیارە لە مانگی نۆی ئەمساڵ لە شاری سلێمانی دەست بە نمایشکردن بکات، ئەوەش دووەم بەرهەمی شانۆیی گروپی کۆڕی شانۆی (با)یە کە لەمساڵدا نمایش بکرێت.

ئەم بەرهەمە بە هاوبەشی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی و بە هاوکاری پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی سلێمانی نمایش دەکرێت.

لەبارەی چیرۆکی شانۆییەکە، ڕێژەن جەمال ئەوەی خستەڕوو "مستەفا، فەرمانبەرێکی ئاساییە، لە کاتێکدا لە دەوامی ڕۆژانەی خۆی دێتەدەرێ، لەلایەن دەزگایەکەوە دەگیرێت و دەبرێتە زیندان. کاتێكیش مستەفا پرسیار دەکات ئاخۆ لەسەر ئەوە گیراوە کە تاوانبارە؟ بەرپرسانی دەزگاکە بۆی روندەکەنەوە ئەو لەسەر بێتاوانی گیراوە.. هیچ هاوڵاتییەك نابێت هەست بە بێتاوانیی بکات، بۆیە مستەفا ناچار دەکرێت تاوانێك بۆخۆی بدۆزێتەوە، هەر خۆیشی شایەت بۆ تاوانەکەی پەیدا بکات، لەکۆتایشدا هەر خۆی جۆری سزاکەی دیاری بکات".





PM:05:37:26/07/2023