د. چۆمان هەردی خەڵاتی (فەرەنسی – ئەڵمانی بۆ مافی مرۆڤ) پێدەبەخشرێت


ئەمڕۆ بە فەرمی باڵوێزخانەی ئەڵمانی و فەڕەنسی لە عێراق ناوی براوەکانی ساڵی ٢٠٢٣ی خەڵاتە ھاوبەشەکەیان بۆ مافی مرۆڤ و سەروەری یاسا، ئاشکراکرد. 

ساڵانە ئەم خەڵاتە نێودەوڵەتییە دەبەخشرێتە ئەو کەس و دەزگایانەی کە خەبات بۆ مافی ژنان، ئازادی ڕۆژنامەگەریی و پاراستنی مافی مرۆڤ لە بوارە جیاکاندا دەکەن. خەڵاتی (فەڕەنسی ئەڵمانی بۆ مافی مرۆڤ)، لە ساڵی ٢٠٢٢دا بەخشرایە ژینا ئەمینی و بزوتنەوەی (ژن - ژیان - ئازادی) لە ئێران. لە ساڵی ٢٠٢١یشدا بەخشرا بە نێرگز موحەمەدی، کە دواتر خەڵاتی نۆبلی نێودەوڵەتیی بۆ ئاشتی پێبەخشرا. لە ساڵوەختی دامەزراندنیەوە ئەمە دووەمین جارە ئەم خەڵاتە دەبەخشرێت بە کەسایەتییەک لە عێراقدا. چالاکوانی ناسراوی ئێزیدی، خاتوو د. نغم حسن لە ساڵی ٢٠٢٠دا و ئەمساڵیش د. چۆمان هەردی براوەی خەڵاتەکەن.

ئەم خەڵاتەکە بە دوو قۆناغدا تێدەپەڕێت. سەرەتا چالاکوان یان ڕێکخراوێک لەسەر ئاستی هەر وڵاتێک دەپاڵێورێت. دواتر ئەم کەسە دەچێتە پێشبڕکێوە لەگەڵ پاڵێوراوانی سەرتاسەری وڵاتانی جیهاندا. لە کۆتاییدا دەستەبژێرێکی براوە بە نمایەندەگی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانی و فەرەنسی لەڕێگای باڵوێزخانە و قونسوڵگەرییەکانی ئەم دوو دەوڵەتەوە خەڵاتەکانیان پێدەبەخشرێت. خەڵاتی ئەمساڵی (فەڕەنسی - ئەڵمانی بۆ مافی مرۆڤ) بە نمایەندەگی خاتوو ئەنالێنا بێربۆک و خاتوو کاترین کۆلۆنا، دەبەخشرێتە ١٢ کەسایەتی . یەکێک لە براوەکانی ئەمساڵ د. چۆمان ھەردییە وەک پاڵێوراوی عێڕاق، کە لە مەراسیمێکی تایبەتدا لە شاری ھەولێر خەڵاتەکەی پێدەبەخشرێت.

د. چۆمان ھەردی نووسەر و پسپۆڕ لە بواری مافی ژنان لە زانکۆکانی ئۆکسفۆرد، لەندەن و کێنت بەکەلۆریۆس و ماجستێر و دکتۆرای بەدەستهێناوە. لێکۆڵینەوەی پۆست دوکتۆراکەی لەسەر ژنانی دەربازبووی ئەنفال بووە. لەساڵی ٢٠١٤وە گەڕاوەتەوە هەرێمی کوردستان و سەنتەری جێندەر و گەشەپێدانی لە زانکۆی ئەمریکی عێراق، سلێمانی دامەزراندووە. لەم زانکۆیە بە کۆشش و سەرپەرشتی د. چۆمان، بۆ یەکمینجار لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا خوێندنی جێندەر کرا بە مادەی لاوەکیی (minor). سەنتەری جێندەر و گەشەپێدان، کۆرسی خوێندنی بواری جێندەری بۆ بەشەکانی میدیا، یاسا، کاری کۆمەڵایەتی و پەروەردە وەرگیڕایە سەر هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی. ئەم کۆرسانە دەتوانرێت لە زانکۆکانی هەرێم، عێراق و رۆژهەڵاتی ناوین سوودیان لێوەربگیردرێت.

د. چۆمان هەردی خاوەنی پێنج کتێبە بە زمانی ئنگلیزی. لە ساڵی ٢٠١٠وە چەند شیعرێکی لە قۆناغی ناوەندی وانەی ئەدەبی ئینگلیزی لە ئینگڵتەرا و وێڵز دەخوێندرێن. لە ساڵی ٢٠١٤ دا شیعری (سەربانی هاوین)ی وەک یەکێک لە جوانترین شیعرەکانی خۆشەویستی لە پەنجا ساڵی ڕابردووەدا لە وڵاتی بریتانیا، هەڵبژێردرا. لە ساڵی ٢٠١٦دا دیوانی (تێڕامان لە ژنان) پاڵێورا بۆ باشترین کتێبی شیعر لە وڵاتی بریتانیا. د. چۆمان هەردی براوەی چەندین خەڵاتی ئەدەبیی و چالاکوانیی نێودەوڵەتیی و ناوخۆییە، کە بەناوبانگترینیان خەڵاتی وەرگێرانی دەزگای (PEN)ی ئینگلیزی و خەڵاتی یەکسانیی کە لەلایەن ٣٤ رێکخراوەوە لە هەرێمی کوردستان پێبەخشرا.

ئەو خەڵاتە لە ساڵی ٢٠١٦ەوە وڵاتانی فەڕەنسا و ئەڵمانیا ھەموو ساڵێک لە ڕۆژی جیهانیی مافی مرۆڤدا، خەڵاتی (فەڕەنسی ئەڵمانی بۆ مافی مرۆڤ و سەروەری یاسا) دەبەخشنە دەستەبژێرێک لە کەسایەتیی و دەزگا لە سەرتاسەری جیھاندا، کە لە وڵاتەکانی خۆیاندا بوێرانە و لە بارودۆخێکی سەختدا خەباتیان بۆ پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ و بەرگریکردن لە مافەکانی و سەروەری یاسا کردووە.





PM:09:51:10/12/2023