بەشێک لە پارەکەی بەغداد گەیشتە هەرێم

وه‌زاره‌تی دارایی هەرێم ڕایدەگەیەنێت" بڕی (٢٥٠) ملیار دینار گەیشتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابوری". 

وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بەیانی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ ١٢ی كانوونی یه‌كه‌می ٢٠٢٣، لە بڵاوکراوەیەکدا رایگه‌یاند" کەمێک پێش ئێستا بڕی (٢٥٠) ملیار دینار لە رێگەی بانکی رافیدەینەوە خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابوری لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق". 

شەوی ڕابردوو دارایی هەرێم لە ڕوونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەکرد، گرێبەستی وەرگرتنی (٢٠٠) ملیار دیناریان وەک قەرز لە ڕێگای بانکی ڕافیدەینەوە واژوو کردووە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا بە هەماهەنگی لەگەڵ نوێنەرایەتی هەرێم لە بەغداد سەرجەم ڕێکارەکان و گرێبەستی وەرگرتنی (٥٠٠) ملیار دیناریان لە ڕێگەی بانکەکانی ڕافیدەین و بانکی بازرگانی عێراقیەوە واژوو کردووە.

ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردووش وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاریدا بە ناردنی (٧٠٠) ملیار دیناری دیکە بۆ هەرێمی کوردستان کە دواتر ئەو بڕە پارەیە لە شایستە داراییەکانی هەرێم بەپێی یاسای بودجە پاکتاو دەکرێت.         


AM:10:08:12/12/2023