یەکێتی زانایان: مەلا عەبدولکەریمی مودەریس فەخری عێراق و کوردستانه‌

یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان ئیدانەی سوکایەتیکردن بە مەلا عەبدولکەریمی مودەریس دەکەن و دەڵێن" فەخری عێراق و کوردستانه‌".

مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان، له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویانکردەوە" دوای بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆی کە تێیدا راشکاوانە (مەهدی سومەیدەعی) هێرشدەکاتە سەر یەکێك لە شانازییەکانی زانایانی کوردستان و عیراق و جیهانی ئیسلامی مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی مودەریس- خوا دەرەجاتی عالی بکات- و سوکایەتی بە پێگەو پیشەو کەسایەتی و هەڵوێست و مێژوە پڕ لە شکۆمەندییەکەی دەکات، ئێمە زۆر بە توندی سه‌ركۆنه‌ی ئەو سوکایەتییە دەکەین، کە نەک تەنها سوکایەتیە بە کەسایەتی پایەبڵندی مەرحومی مامۆستای مودەریس، بەڵکو سوکایەتی و بریندارکردنی هەستی سەرجەم زانایانی کوردو عێراق و ناوچەکەیە". 

ئەوەش هاتووە" مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی مودەریس کەسایەتیەکی بلیمەت و ناوازەو هەڵکەوتوی جیهانی ئیسلامی و سیمبول و جێی شانازی گەلی کوردو زانایانی کوردستانە، بە کۆدەنگی زانایانی سەردەمی خۆی عەللامەو پێشەواو موجتەهیدو هەڵکەوتوی نێو زانایانی عیراق بوە، هەر ئەوەش وایکردوە ببێتە موفتی عێراق و خزمەت و هەنگاوەکانی ببنە مایەی شانازی بۆ هەتا هەتایە، سەرباری ئەوەی خەرمانی بەرهەم و نوسین و فەتواو کۆششە زانستیەکانی ئەم کەڵە زانایە گەواهیدەری پاکی و پایەداری و سەرمەشقی و پێشەنگی ئەم زاتە مەزنەن". 

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووە" ئێمە چاوەڕوان بوین (مەهدی سومەیدەعی) بابەتی مافە دەستوری و یاسایی و شایستە داراییەکانی کوردستان روبەڕوی حکومەتی ناوەندی بکات و پێگەی فەتوا لە ئاست ئەو چاوەڕوانیە بەکاربێنێت، کە هەمو زانایانی عێراق خوازیاری بون، نەک ناو و پێگەو لێدوانی خۆی بۆ سوکایەتی بەرامبەر فەخری عێراق و کوردستان شێخ عەبدولکەرمی بیارە بەکاربهێنێت، بەناوی زانایانی کوردستانەوە داوا لە لایەنی پەیوەندیدارو دامەزراوەی یاسایی دەکەین، بە زویی رێکاری پێویست بەرامبەر ئەو کەسە بگرنەبەرو، رێگە نەدەن هیچ کەس و لایەنێک سوکایەتی بەرامبەر رەمزو سیمبولە ئایینیەکان بکات".


AM:08:38:29/12/2023