ئێران.. چالاکوانێکی ئایینی کورد لە سێدارە دەدرێت

 

دوای ١٤ ساڵ زیندانیی، سزای سێدارەی داود عەبدوڵلایی، چالاکوانی ئایینی کورد و خەڵکی مەهاباد لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کرا.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردووەتەوە" سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە سزای سێدارەی داود عەبدوڵڵایی، بەندکراوی مەزهەبیی کورد و خەڵکی شاری مەهاباد لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کرا کە ماوەی شەش ڕۆژ بوو مانی لەخواردن گرتبوو".

هەنگاو ڕایگەیاند" پرۆسەی دادگایی ئەم بەندکراوە بە تەواوەتی ناڕوون و نادادپەروەرانە بووە".

پێشتریش ئەیوب کەریمی و قاسم ئابستە، هاودۆسیەی عەبدوڵڵایی سزای لەسێدارەدانیان لەسەر جێبەجێ کراوە.

داود عەبدوڵاهی و شەش چالاکی ئایینیی کوردی دیکە بە کۆمەڵێك تۆمەتی وەك "چالاکی دژی ئاسایشی نیشتمانی"، ''چالاکی دژی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی''، ''ئەندامەتیی گرووپە سەلەفییەکان'' و ''خراپەکاریی لەسەر زەوی'' سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرا.

رێکخراوی هەنگاو بۆ مافی مرۆڤ رایگەیاندووە" لە ساڵی ٢٠٢٣دا ٨٢٣ بەندکراو لە زیندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لەسێدارەدراون و ١٥١ کەسیان کوردن کە دەکاتە ١٨٪ی کۆی ئەو کەسانەی لەسێدارە دراون".


 



PM:06:37:02/01/2024