وادەی دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ڕاگەیەندرا

ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت" لەم هەفتەیەدا پارەکەی بەغداد ڕەوانەی هەرێم دەکرێت و دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت". 

كاروان یاروەیس ئەندامی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە ٢١ی کانوونی دووەم لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند" بڕیارەكەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ ناردنی ئەو (٦١٨) ملیار دینارەكە تەمویلە و قەرز نییە، چونكە ئەگەر قەرز بێت پێویستی بەگرتنەبەری چەند رێكارێك هەیە و دەبێت حكومەتی عێراق نووسراو بۆ وەزارەتی دارایی بكات و رەزامەندی لەسەر بدرێت و دواتر بانكەكان رەزامەندی لەسەر بدەن". 

لەبارەی پشکی هەرێم لە یاسای بودجەی گشتی عێراقدا، کاروان یاروەیس ئاماژەی بەوەکرد، ئەو (٦١٨) ملیار دینارەی بۆ هەرێم ڕەوانە دەکرێت لەسەر بنەمای پشكی هەرێمە كە بەپێی خەرجی كردارەكی دیاریكراوە.

لە دریژەی قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو، حكومەتی فتدراڵ لە (١٨ بۆ ٢٥)ی هەموو مانگێك دەستدەكات بە دابەشكردنی مووچە و چاوەڕواندەكرێت لەم هەفتەیەدا (٦١٨) ملیار دینارەكە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم رەوانە بكرێت، دوای گەیشتنی پارەکەی بەغداد ڕاستەخۆ دەستدەکرێت بە دابەشکردنی مووچەی ئەم مانگەی فەرمانبەرانی هەرێم. 


PM:06:40:21/01/2024