لە کۆبوونەوەی لەتیف رەشید و بەرپرسی میتی تورکیادا باسی یەکێتی‌و سلێمانی کراوە

لە کۆبوونەوەی سەرۆکی کۆماری عێراق و بەرپرسەی دەزگای هەواڵگری تورکیا( میت ) باسی سلێمانی و یەکێتی نیشتمانی کوردستان کراوە.

بەپێی راگەیاندنی میدیا عێراقییەکان، ئەمڕۆ ٢٢ی کانوونی دووەم، لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عێراق لەگەڵ ئیبراهیم کالن سەرۆکی دەزگای میت لە بەغدا کۆبۆتەوە، هەندێک ناوەندی یەکێتی ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە تورکیا دەیەوێت پەیوەندیەکانی لەگەڵ یەکێتی چاک بکات، هەندێک ناوەندی تریش ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە هۆشداری دابێت بە یەکێتی کە چیتر پەیوەندی ئەوان و پەکەکە و پەیوەندی ئەوان ئێران بەمشێوەیە لەلای تورکیا پەسەند نییە.

وەک لەراگەیاندنی سەرۆک کۆماردا هاتووە باسی، ڕێزگرتن لە سەروەری دەوڵەتان و بڕیارە سەربەخۆکانیان و گەیشتن بە لێکتێگەیشتن سەبارەت بە ئاسایشی سنوورەکان لەگەڵ دراوسێکان، کراوەو، لەتیف رەشید جەختی لەسەر ڕەتکردنەوەی ئەو کردەوە تاکلایەنانە کردۆتەوە کە ئاسایش و ئارامی تێکدەدەن.( ئاماژەیە بۆ بۆردومانی تورکیا لەسەر هەرێم و بەتایبەتی ناوچەکانی سلێمانی ).

لە راگەیاندنەکەدا هاتووشە" د. لەتیف رەشید بە بەرپرسی  هەواڵگری تورکیای راگەیانووە: پێشێلکارییەکانی سەر سلێمانی و شارەکانی دیکە ڕەنگدانەوەی نەرێنی لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات دەبێت، ئەمەش پێویستی بە مامەڵەی یەکلاکەرەوە هەیە لە چوارچێوەی بنەماکانی ڕێزگرتن لە سەروەری وڵات و ئاسایش لە هاوڵاتیان".

 لەلایەن ئەوانەی ئەم سەردانەیان بە هۆشداریدان بە یەکێتی هەژمار دەکەن لە رێگای سەرۆک کۆمارەوە، پێیانوایە " تورکیا دوای کوژرانی دەیان سەربازی لە ئۆپراسیۆنەکانی پەکەکەدا لە پارێزگای دهۆک لەم مانگەدا، وەک شێوەی گیاندارێکی زامدارەو تۆڵە دەکاتەوە، بەتایبەتی دوای لێدوانەکانی ئۆردوغان و هاکان فیدانی وەزیری دەرەوە کە رایانگەیاندبوو؛ بێلایەنی نەماوە دەبێت یان، لەگەڵمان بن، یان دژمان بن".



PM:09:28:22/01/2024