عێراق سنورەکانی لەگەڵ سوریا تۆکمە دەکات


حکومەتی عێراق سنورەکانی خۆی لەگەڵ سوریا پتەو دەکات و، وەزیری ناوخۆ تەواوبوونی دیوارێکی نێوان هەردوو وڵاتی راگەیاند.

عەبدولەئەمیر شەمەری وەزیری ناوخۆی عێراق ئەمڕۆ یەک شەممە ٢٨ ی کانوونی دووەم تەواو بوونی ئەو دیوارە کۆنکرێتییەی لە مەراسیمێکدا بە میدیاکان راگەیاند کە بۆ پاراستنی سنوورەکانی عێراق لەگەڵ سوریادا دروستکراوەو وتی" ئامانجیان ئەوەیە لە رێگایەوە سنوورەکان لە گروپە چەکدارەکان و قاچاغچێتی بپارێزن."

شەمەری لە درێژەی قسەکانی لەو مەراسیمەدا وتی" ئەو دیوارە بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی سنوور دروستکراوە لە دزەکردنی گروپە چەکدارەکان و قاچاغێتی ماددەی هۆشبەر و چەک".

تەحسین خەفاجی وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لەبارەی دیوارەکەوە وتی " دیوارەکە درێژەپێدەری دیوارێکی پێشووە کە دوو ساڵ لەمەوبەر کاری لەسەر کراوە، درێژییەکەی ٥٠ کیلۆمەتر دەبێت و ١٥ ملیار و ١٤٠ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار دیناری تێدەچێت، بڕیاریشە جێبەجێکردنی دیوارەکە بەردەوام بێت تاوەکو تەواوی ٦٠٠ کیلۆمەتری سنووری عێراق و سوریا بگرێتەوە".





PM:03:50:28/01/2024