دەستەی خۆپشاندانەکانی پێنجوێن لە بەیاننامەیەکدا هۆشداری دەدەن

دەستەی خۆپشاندانەکانی  پێنجوێن بەیاننامەیەکیان بڵاوکردووەتەوە و نیگەرانن لە دۆخی خزمنگوزاری شارەکەیان و دەڵێن" بەداخەوە بەهۆی بێ باکی کاربەدەستانی حکومەت بەگشتی و خەمساردی و کەمتەرخەمی دامودەزگا پەیوەندیدارەکان، شارۆچکەی پێنجوێن رۆژ بەڕۆژ لەوێرانەیەکی پشتگوێخراو نزیک دەبێتەوە". 


ئاماژەیان بەوەشداوە ئەو بەڵێنانەی لەخۆپیشاندانی ساڵی پاردا لەلایەن وەزارەتەکانی حکومەت درا بە پێنجوێنیەکان، تەنیا کردنەوەی فەرمانگەی ئاوەدانکردنەوە جێبەجێکراوە'.

دەقی بەیاننامەکە دەستەی خۆپشاندانەکانی پێنجوێن بەم شێوەیە:
 
بەناوی خودای بەخشندەی میهرەبان...

هۆشداریەک بۆ کاربەدەستان و داواکاریەک بۆ دانیشتوانی سنوری پێنجوێن و دەورووبەری...

  بەداخەوە بەهۆی بێ باکی کاربەدەستانی حکومەت بەگشتی و خەمساردی و کەمتەرخەمی  دامودەزگا پەیوەندیدارەکان، شارۆچکەی پێنجوێن ڕۆژ بەڕۆژ لەوێرانەیەکی پشتگوێخراو نزیک دەبێتەوەو بە تەواوی پەراوێز خراوە و وەک ناوچەیەکی سزادراو لەلایەن حوکمەتی هەرێم و حوکمەتی خۆجێیشەوە هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکرێت. تەنانەت  ئەو بەڵێنانەی لەخۆپیشاندانی ساڵی پاردا لەلایەن وەزارەتەکانی حکومەت درا بە پێنجوێنیەکان، تەنها کردنەوەی فەرمانگەی ئاوەدانکردنەوە جێبەجێکراوە  !" 

ئێمە لەماوەی ڕابردوودا چەندین جار ڕێکاری چارەسەرکردنی کێشەو گرفتەکانی ئەم شارەمان خستوەتە بەردەم لێپرسراوان و ئامادەیی خۆمان دەربڕیوە بۆ هاوکاریکردن، بەڵام بەداخەوە بەهۆی کەمتەرخەمی یەوە گرفتەکان ڕۆژبەڕۆژ زیاددەکات و کەڵەکە دەبێت. بەڕادەیەک گەیشتووەتە بن بەست وە بەهەموو شێوەیەک بێ ئومێد بووین لەچارەسەرکرنی گرفتەکان.

بەکورتی ئەوەی لەسەر شانی ئێمە بووە گەیاندنی  کێشەو گرفتەکانی ئەم شارە بووە بەلایەنی پەیوەندیدار بە شێوازێکی شارستانی و بێ کەموکوڕی.

هاوشاریانی خۆشەویست ...

وەک بەڕێزتان ئاگادارن لە ڕێکەوتی (٢٩ی١١ی ٢٠٢٣  ) بە بەشداری چەندین کەسایەتی حیزبی و چالاکوانان و پۆلێک لە لاوانی پێنجوێن، لە بەیاننامەیەکدا داواکارییەکمان ئاراستەی حوکمەت کرد بۆ کۆتایهێنان بە سزادان و گاڵتەکردن بە هەستی هاوڵاتیانی پێنجوێن، لەوەڵامدا لە ڕێی بەڕێز قائیمقامیەتی قەزای پێنجوێنەوە بەڵێنی تەواوەتی بە پێنجوێنیەکان درا کە چیدی کێشە بۆ کارەبای پێنجوێن دروست ناکرێت و لەهیچ بارودۆخێکدا ناکوژێنرێتەوە. بەڵام وەک هەموو بەڵێنەکانی تری حوکمەت ئەم بەڵێنەشیان ناڕاست دەرچوو. 

ئێمە لێرەوە بە کاربەدەستان دەڵێین (کارەبای پێنجوێن هێڵی سوری هەموو تاکێکی ئەم شارەیە بەبێ جیاوازی)، وە لەڕۆژانی داهاتوودا هەڵوێستی پێنجوێنیانەمان دەبێت و هەرگیز زوڵم و ستەم قبوڵ ناکەین. داواکاریشمان بۆ هاوڵاتیانی خۆمان ئەوەیە کە خۆیان ئامادە بکەن بۆ کۆتایهێنان بەو بێ ڕێزیانەی بەرانبەرمان دەکرێت لەلایەن( حوکمەت و وەزارەتی کارەبا و بەڕێوەبەرایەتیەکانی کارەبای سلێمانی و سید صادق و فەرمانگەی کارەبای پێنجوێن)ەوە. 
ــــــــ
دەستەی ڕێکخەری خۆپیشاندانەکانی پێنجوێن
۳/۲/۲۰۲٤


AM:09:53:04/02/2024