"دوای تەواوبوونی وردبینی لە لیستی مووچەی فەرمانبەران دەستدەکرێت بە خەرجکردنی مووچە"

ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت" لە ئێستادا وردبینی لە خشتەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەکرێت و دوای تەواوبوونی دەستدەکەن بە خەرجکردنی مووچە". 

د. نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لەبارەی ناردنی (٦١٨) ملیار دینارەکەی بەغداد ڕایگەیاندووە" لە بەدواداچوونی بەردوامم بۆ پرسی موچەی موچەخۆرانی هەرێم، ئەمڕۆ پەیوەندیم کرد بە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵەوە، پێیان راگەیاندم کە لیستی موچەی هەرێم زۆر بە باشی ئامادەکراوە وەک ئەو خشتەیەی داواکرابوو".

ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای تەواوبوونی ووردبینی، دەستدەکەن بە خەرجکردنی مووچە، بەڵام هەر توێژە و بە جیا واتا فەرمانبەران، خانەنشینان، تۆڕی چاودێری کۆمەڵایەتی.

ئەمەش لە کاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ ماڵپەڕی (سپی) لە هەواڵێکیدا بڵاویکردەوە کە تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق داوای وردبینی دیکەی لە لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمدا کردووە.


PM:08:08:10/03/2024