لێدوانێکی شەوی رابردووی وتەبێژی حکومەت لە میدیاکانی پارتی سڕایەوە

 

لیدوانێکی شەوی رابردووی وتەبێژی حکومەتی ( ماوە بۆ درێژکراوەی هەرێم) لە هەموو میدیاکانی پارتی وهەژمارەکەی خۆی سڕایەوە.

شەوی رابردوو پێشەوا هەرامی وتەبێژی حکومەتی( ماوە بۆدرێژکراوەی هەرێم) لە لێدوانێکیدا  لەسەر دادگای فیدراڵی و بڕیارەکانی بە ناڕاستەوخۆ هێرشدەکاتە سەر بافڵ تاڵەبانی و سەرکردەکانی یەکێتی و بە " خاک فرۆش " تاوانباریان دەکات، دوای ماوەیەک ئەو لێدوانەی ناوبراو لە هەموو میدایاکانی پارتی و هەژماری تایبەتی خۆی سڕایەوە.

وتەبێژی حکومەت دوای سڕینەوەی قسەکانی لە لێدوانێکی تریدا وتی" بابەتی مووچە نەدەبووە کێشە، ئەگەر قوباد تاڵەبانی داوای لە خالید شوانی نەکردایە داوای جیا کردنەوەی مووچەی سلێمانی لە بەغدا بکەن، بۆ ئەوەی کەس لە داهاتی سلێمانی نەپرسێت".

شەوی رابردوو پێشەوا هەورامی لەبارەی ئەو لایەنانەی کە لە کوردستان ئەو دادگایە بە دەستوری ناوزەد دەکەن، پێشەوا هەورامی دەڵێت" ئەوانەی لە کوردستان پشتگیری ئەم دادگایە دەکەن لە بەر ئەوەیە لە بەرژەوەندی ئەوان هەڵسوکەوت دەکات و بڕیاری نا دەستوری دەدات. بەڵام پێویستە خەڵکی کوردستان بزانێت کە خۆفرۆشان لایان گرنگ نیە چەند مافی دەستوری کوردستان بە دەستەوە دەدەن، بەهۆی ئەوەی ئەم بەناو دادگایە لە بەرژەوەندی ئەوان و دژی حکومەت بریار دەدات مافی دەستوری هەرێم پێشێل بکرێت".

دواتر وتەبێژی جێگری سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی( ماوە بۆ درێژکراوەی ) وەڵامی دایەوە و رایگەیاند "ئەو کەسەی بەناوی وتەبێژی حکومەتەوە قسە دەکات، تەنها تەعبیر لە خۆی و تیمە وەزاریەکەیان دەکات".

 



AM:09:21:23/03/2024