"سەدان هەزار فەرمانبەر بە نا یاسایی لە تۆڕی چاودێری کۆمەڵایەتی مووچەیان وەرگرتووە"

ئەندامێکی لیژنەی دەستپاکی پەرلەمان گەڕاندنەوەی زیاتر لە ١٠٠ ملیار دیناری بۆ گەنجینەی حکومەت ڕاگەیاند و دەشڵێت" هەزاران سەرپێچیکار هەن کە شایەنی مووچەی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی نین".

هادی سەلامی، ئەندامی لیژنەی دەستپاکی پەرلەمان، گەڕاندنەوەی زیاتر لە ١٠٠ ملیار دیناری ڕاگەیاند، بەهۆی ئەوەی ٢٠٠ هەزار فەرمانبەر بە نایاسایی لە تۆڕی چاودێری کۆمەڵایەتی مووچەیان وەرگرتووە".

هادی سەلامی لە پۆستێکدا ڕایگەیاندووە" زیاتر لە ١٠٠ ملیار لە کۆی ٢٢٠ ملیار دینار گەڕێنراونەتەوە بۆ گەنجینەی حکومەت، بەهۆی ئەوەی ٢٠٠ هەزار کارمەندی فەرمانگە حکومییەکان لە ساڵانی ڕابردوودا لە تۆڕی چاودێری کۆمەڵایەتی مووچەیان وەرگرتووە.
ئاماژەی بەوەکرد، لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونەکان بەردەوامدەبن بە مەبەستی گەڕاندنەوەی ملیارەها دۆلار، لێپرسینەوە لەو کەسانەش دەکرێت کە سەرپێچی لە سامانی گشتی دەکەن.

لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، ئەحمەد ئەسەدی، بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەکانی ڕاگەیاند بۆ دەستنیشانکردنی ئەو کەسانەی پێشێلکاری لە تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی دەکەن.

جەختیشی کردەوە کە سەرجەم توێژەران و کارمەندانی دەستەی پاراستنی کۆمەڵایەتی ڕاسپێردراون کە وردبینی بە ناو و لیستی ئەو خێزانانە بکەن کە لە ماوەکانی ڕابردوودا لە تۆڕی چاودێری کۆمەڵایەتی سوودمەندبوون، لەکاتێکدا هێشتا هەزاران سەرپێچیکار هەن کە شایەنی مووچەی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی نین.



PM:02:39:29/03/2024