فەرماندەی هێزی ئاڵتونی عێراق فازل بەراوری رایگەیاند" پۆلیسی پارێزگای ئەنبار هۆکاری بەدەستەوەدانی شاری رومادی بوون".
بەرواری کە خۆی و هێزەکەی نێردراوە بۆ شەڕی رومادی دژی چەکدارانی داعش، دەڵێت" شانە نهێنییەکانی داعش لەنێو پۆلیسدا بووە هۆی بەدەستوەدانی شارەکە"، ئەو دەڵێت: لەرۆژانی رابردوودا بارودۆخەکە لەژێر کۆنترۆڵدابوو هەموو کەلێنە ئەمنییەکان پڕکرابوونەوە.
بەراوری بەمیدیاکانی عێراقی راگەیاندووە" سەرەتای شکستی رومادی لە پۆلسی ئەنبارەوە بوو کە دەستیان کرد بە پاشکشەیەکی بەکۆمەڵ".
شەوی ١٤-١٥/٥ چەکدارانی داعش لەڕێگای چەندین ئۆتۆمبیلی خۆکووژەوە هێرشیان کردە سەر کۆمەڵگای فەرمانگەکانی رومادی و شارەکەیان کۆنترۆڵکردو ئێستا تەنها بارەگای ئۆپراسیۆنەکانی رومادی و بارەگای لیوایەک بەدەست سووپای عێراقە ماوەتەوە، ئەمڕۆش بەبەردەوامی فرۆکەکانی هاوپەیمانان و فرۆکەکانی عێراق بۆ ردومانی بنکەکانی داعشیان لەو شارەدا کردووە.