سیاسیەکان چۆن دەڕواننە جەلالی سام ئاغا؟

جەلالی سام ئاغا کەسایەتی دیاری سلێمانی و کوردستان لەلایەن رێكخراوی گەشەپێدانی ئابووری خەلآتی  کەسایەتی ساڵی بەبۆنەی رۆژی جیهانی بەرنگاربوونەوەی گەندەڵیەوە پێدرا، لەو بۆنەیەدا جگە لەئامادەبوونی ژمارەیەک کەسایەتی بەرچاوی سلێمانی، ژمارەیەک کەسایەتی نزیکی ناوبراو وتاریان پێشکەش کرد، هەندێک کەسایەتی سیاسی و حکومی دیار لە رێگای پەیامەوە بەشداری ئەو رێزلێنانەیان کرد.

کۆسرەت رەسوڵ جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پەیامێکدا بەو بۆنەیەوە دەڵێت"ئەو ماوەیەی لەگەڵ کاک جەلالی سام ئاغآ کارم کرد، بەراستی نموونەی سەرۆکێکی دەست پاک و جوامێرە، هەروەها ئەو ماوەیەی کە لەوەزارەتی دارایی و ئابوری بوو زۆر خزمەتی ناوچەکەی کردووەو بەهیچ شێوەیەک قبووڵی نەکردووە کارێکی بێ قانوونی ئەنجام بدات".

جەلالی سام ئاغا پێش ماوەیەک لەمەوبەر کاندیدکرا بۆ پێدانی خەلآتی یەكێتی نێودەوڵەتی ئابوریناسان و كارگێڕییەكانی وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا وەک کە سایەتی ساڵ لەبواری دەستپاكی كارگێڕیدا، بەلآم ناوبراو لەبەر چەند هۆیەکی تایبەت رەتیکردەوە.

یەکێک لەو کەسایەتییە حیزبی و حکومییەی پەیامی هەبوو بۆ رێزلێنانی سەرۆکی پێشووی دیوانی چاودێری دارایی، د. بەرهەم ساڵح بوو، ئەو لەو پەیامەیدا دەڵێت" من وەک سەرۆکی حکومەت سوودمەند بووم لە راوێژو بیروبۆچوون و راپۆرتەکانی لەبواری دارایی و بەڕێوەبردن و دەستگرتن بەسەرچاوەکانی داهاتەوە".

بەرهەم ساڵح لە درێژەی پەیامەکەیدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات" شوێن دەستی کاک جەلال وەکو سەرۆکی ئەو دەزگا گرنگە، دیار و بەرچاوە، لەکاتی ئەودا چەندەها راپۆرت سەبارەت بە رێگری لەزیادەرۆیی خەرجی حکومی و بەفیڕۆدانی داهاتی گشتی، لەسەرجەم وەزارەت و داموودەزگا رەسمییەکان نیشانەی خەمخۆری و بەدەنگەوەهاتنی کاک جەلالی سام ئاغا بوون بۆ کارەکەی و بەرژەوەندی گشتی میللەتەکەی و چەسپاندنی بنەماکانی دەست پاکی و حکومەتێکی دروست".

جەلالی سام ئاغا زەویەکی لە موڵکی شەخسی خۆی فرۆشتووە،  پارەکەشی لەبانک داناوە و فائیدەی پارەکەی تەرخانکراوە وەک خه‌لآت‌ سالآنە ده‌بەخشرێت به‌ژماره‌یه‌ک فه‌مانبه‌ری دڵسۆز چاودێری دارایی لە ژن و پیاو.

عەدنان موفتی ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی کە هاورێی نزیکی جەلالی سام ئاغایە، لە پەیامێکدا بەو بۆنەیەوە دەڵێت"  
من جەلالی سام ئاغام لەنزیکەوە ناسیووەو بەرپرسیاری هاوبەشمان هەبووە لە بەڕێوەبردنی وەزارەتی دارایی و ئابووری لەسەرەتای ٢٠٠٠ تا ٢٠٠٢ لەو ٣ ساڵەدا بەراشکاوی دەڵێم، وەک جێگری وەزیری دارایی هاوکاری زۆری کردووم هەروەها سوودێکی زۆرم لە ئەزموون و شارەزایی بینییوە لەبواری بەڕێوەبردن و داراییدا و جێگا پەنجەی دیاربوو بەسەر بەڕێوەبردنی وەزارەتەوە".
 
جەلالی سام ئاغا تەنها هەر لە کاری وەزیفی کەسێکی خۆنەویست نەبووە، بەڵکو لەسەر ئاساتی کۆمەلآیەتیش کەسێکی بەخشندە بووە، خانوویەکی هەیە لە گردی سەرچنار، وەسیەتی کردووە پاش کۆچکردنی ئەو خانووەی بکرێت بە نەخۆشخانەی گشتی تاخەڵکی سلێمانی سوودی لێوەربگرن و هەموو رێوشوێنێکی یاسایشی بۆ نەخۆشخانەیە تەواو کردووە.

جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم، قوباد تاڵەبانی، ئەویش لەو بۆنەیەدا پەیامێکی هەبوو کە تیایدا هاتووە" جێی شانازیمە کە ئەمڕۆ لەرۆژی جیهانی بەرەنگاری گەندەڵیدا وەک وەفایەک بۆ هەوڵ و ماندووبوونیان، رێز لەیەکێک لە کەسایەتییە ناسراو و دڵسۆزەکانی کوردستان و حکومەت و شاری سلێمانی خۆشەویست، بەڕێز کاک جەلالی سام ئاغا دەنێین".

قوباد لە درێژەی پەیامەکەیدا دەڵێت" جەلالی سام ئاغا لەتەمەنی پڕ بەرهەمی خەباتی کوردایەتی و لەتەمەنی پڕ کۆششی کاری حکومەتدا، یەکێک بووە لەو پیاوە ئازاو تێکۆشەرانەی کە هەمیشە بە بڕوای تەواوە کاری بۆ زیادکردنی شەفافیەت و دژایەتی گەندەڵی و خراپ بەکارهێنانی موڵک و ماڵی میللەت کردووە لەم پێناوەشدا زۆر ماندوو بووە".

جەلال عومەر سام ئاغا، ساڵی 1941 لە گەڕەكی سەرشەقامی سلێمانی لەدایكبووە و كۆلێژی بازرگانی و ئابووری زانكۆی بەغدای تەواو كردووە، چەندان پلەی وەزیفی جیاجای بینیووە، دوای پێكهێنانی یەكەمین كابینەی حكومەتی هەرێمی كورستان كراوەتە راوێژكاری ئابووری و لەساڵی 2002 تاوەكو 2011 بۆ ماوەی 9 ساڵ سەرۆكی دیوانی چاودێری دارایی بوو، له‌و کاره‌یدا 2720 راپۆرتی چاودێری و وردبینیان له‌سه‌ر داموده‌زگاکانی حکومه‌تی هه‌رێم ئاماده‌ کردووه‌، پاشان دوای تێپه‌ڕکردنی ئه‌و 9 ساڵه‌، چەند جارێک داوای خانەنشینی کردووە، لە ٢٠١١دا خانەنشین کراوە.






 



PM:10:51:14/12/2015