هەپەگە: گورزی کوشندەمان لە سوپای تورکیا داوە

هەپەگە، ڕایگەیاند لە ئامەد، جولەمێرگ و شرناخ دژی هێزەكانی سوپای توركیا چالاكییان ئەنجامدا و گورزی كوشندەیان لێداون.


ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەكانی پاراستنی گەل- هەپەگە، لە ماڵپەری فەرمیەوە زانیاری لە بارەی چەند چالاكییەكی گەریلاكانەوە بڵاوكردەوە.

هەپەگە ڕایگەیاندووە، سوپای توركیا ڕۆژی ١٩ی مانگی ١١ تا ٢٤ی مانگی ١٢ بە هەشت هەزار سەربازو چوار هەلیكۆپتەر لە جۆری كوبرا و ٢٠ هەلیكۆپتەر لە جۆری سكۆرسكی و ژمارەیەكی زۆری ئۆتۆمبێلە زرێپۆشەكانییەوە لە شارۆچكەكانی لیجە، هەزرۆ، فارقین، پاسوور و كارازی سەربە ئامەد ئۆپەراسیۆنێكی ئەنجامدا.

هەپەگە بەم شێوەیە بەردەوامی بە ڕاگەیەندراوەكە داوە: ڕۆژی ٣٠ مانگی ١١ كاتژمێر ١١:٤٠ خولەكی شەو لە باغلاری ئامەد، هێزەكانمان چالاكییەكیان دژی بنكەی پۆلیسی باغلار ئەنجامدا، لەو چالاكییەدا سێ پۆلیسی تورك برینداربوون، ئەو تیمەی چالاكییەكەیان ئەنجامدا بە تەندروستی گەڕانەوە شوێنی خۆیان.

لە بەشێكی دیكەی ڕاگەیەندراوەكەی هەپەگەدا هاتووە:"ڕۆژی ١ی ئەم مانگە كاتژمێر ٠٤:٣٠ ی ئێوارە لە قلابانی سەربە شرناخ، هێزەكانمان لە دژی بارەگایەكی سوپای تورك چالاكییەكیان ئەنجامدا، گورزێكی سەختیان لە پێگەكانی سوپای تورك دا، بەڵام ژمارەی كوژراو بریندارەكانی سوپای تورك نەزانراوە، هێزە داگیركەرەكان پاش چالاكییەكە ناوچەكەیان تۆپباران كرد".

لە كۆتایی ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە "ڕۆژی ٢ی مانگ كاتژمێر ٠٩:٣٠ خولەكی سەرلەبەیانی، سوپای تورك لە خەرەگۆلی سەربە چەلێی جولەمێرگ چالاكییەكیان ئەنجامدا، لەو چالاكییەدا گورزی سەخت لە پێگەكانی دوژمن درا و چوار سەرباز كوژران، پاش ئەو چالاكییە هێزە داگیركەرەكان شوێنی چالاكییەكەیان تۆپباران كرد".



PM:08:02:04/01/2018