لە ڕێكەوتنەكەی گۆڕان و یەكێتی...

ئارام هادی

لە ڕێكەوتنەكەی گۆڕان و یەكێتی پەنجەكان یەكتر دەشكێننەوە یان برینەكان ساڕێژدەكەن؟!

لەباشوری كوردستاندا وای لێهاتوە خەڵك گەشبین نیە بە قسەی بریقەدار و تەنانەت پەیڕەو و پڕۆگرامی حزبەكان و خاڵەبندی ڕێكەوتن نامەكانیش!, چونكە كاتێك چاوێك دەخشێنیت بەو نوسینانەدا وەك ئەوە وایە وشەكان بە ئاڵتون نوسرابن, لەسەر ئەرزی واقعیش كاری پێناكرێت!!, خاڵی جەوهەری نیەتی كار و جێبەجێكردنە, ئەم قسەیەش تەواو بۆڕێكەوتنەكەی (گۆڕان و یەكێتی) شیاوە, هەرلەبەر ئەمەش بوو كاك نەوشیروان لەوتارەكەیدا لەبەردەم سەركردەكانی هەردوولا وتی(عیبرەت لەقسەكردن نیە, بەڵكولە جێبەجێكردنە)!.

ڕاستینەی كورد بەهۆی دابەشكاری و داگیركاریە, یەك لەدوای یەكەكانەوە, گەر بێت و تەنانەت دوو كەسی ئاسایی نێوانیان خۆش بێت و پەیوەندی یەكی تەندروستیان هەبێت چوار دەورەكەی قازانجی لێ‌ دەكات, تابلۆكە گەورەتركەین لەباشوری كوردستانیشدا بمانەوێت یان نا ڕاستیەكی هاشاهەڵنەگرە  (بزوتنەوەی گۆڕان. یەكێتی نیشتمانی), دووهێزی كاریگەری نێو پڕۆسەی سیاسین یەكێكیان شەرعیەتی شۆڕش و ئەویتریان شەرعیەتی جەماوەری هەیە, گەربێت و نیەتی چاكسازی و خزمەتی گەلی باشور لە زهنیەتی سەركردایەتی ئەم دوو حزبەداهەبێت گومانی تیانیە لە ئایندەیەكی نزیكدا دەتوانن هەرەس بەقەیرانەكان بێنن و ئاهێك بە بەر حكومەت و گەلدا بكەنەوە, لەهەمان كاتدا ببنە جێگەی ئومێد بۆ شۆڕشی پارچەكانیتری كوردستان, بەهاوكاری سەرجەم هێز و لایەنەكانیتری باشوری كوردستان.
هۆكارگەلێكی زۆرهەن تا وا لەبزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتی نیشتمانی بكەن هەنگاو بەرە و ڕێكەوتن و لەداهاتوشدا یەكگرتنەوەبكەن, ئاشكرایە لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا یادی سەدساڵەی پەیماننامەی (سایكس بیكۆ)بو, لەوەش ڕوونتر ئەوەیە كە لەداهاتودا بەندەكانی ئەم پەیماننامەیە وەك خۆی نامێنێت, كوردیش پێكهاتەیەكی سەرەكیە بۆگۆڕانكاری لەنێو نەخشەی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا, گەربێت و نێوماڵی كورد بەم بارو دۆخەی ئێستا و فرەكوێخاییە بمێنێتەەوە ئەوا زەرەرمەندی یەكەم تەنها هەركورد خۆیەتی وەك چۆن لە ڕابردودا هەبوە, لەلایەكیتر بەهۆی ناكۆكی هێزەكانەوە بەگشتی و بەتایبەت گۆڕان و یەكێتی دەمێك ساڵە هاوسەنگی هێز لەباشوری كوردستاندا نەماوە و بەقازانجی پارتی دیموكراتی كوردستان یەكلایی بۆتەوە كە ئەمە خەتەرە, بەتایبەت لەم ماوانەی ڕابردوودا هەم یەكێتی و هەم گۆڕان لەلایەك و لەلایەكیتر حزبەكانیتر هەریەكە بەجۆرێك لەلایەن پارتی یەوە گۆشەگیركرابون و دوورخرابونەوە لە ناوەندی بڕیاری سیاسی لەباشوری كوردستاندا, بەهۆی ئەم ڕێكەتنەوە گەربیانەوێت دەتوانن هاوسەنگی هێز ڕاگرن و ململانێی سیاسی خۆیان بكەن لەگەڵ سەرجەم هێز و گروپەكانی كوردستاندا لەچوارچێوەیەكی تەندروستدا, بەمەش لەلایەك گەل قازانج دەكات لەلایەكیتر هەموو لایەنەسیاسیەكان خۆشیان قازانج دەكەن.

بەڵام ئەوەی كە جێگەی نیگەرانیە ئەوەیە ئەم ڕێكەوتنە بۆدژایەتی پارتی بێت, دووبارە ململانێی شەستەكانی سەدەی ڕابردوو لەگەڵ پارتی بكەنەوە, كە لێكەوتەی دووئیدارەیی جارێكیتر بەسەرگەلدا پەیڕەودەكەنەوە, لەچركەساتەكانی دوای ئاهەنگی ڕێكەوتنەكەوە قسەی پارتی  مان لەزاری(هێمن هەوارمی)ەوەبیست دواتر لەڕۆژی دوایدا بەیاننامەكەی پارتی شمان بینی, كە بەهیچ جۆرێك لەگەڵ ئەم ڕێكەوتنە نیە, چونكە بە گەلە كۆمەی دەزانێ‌ بۆسەرخۆی!!, لەبەرامبەریشدا یەكێتی و گۆڕان هەرچەندە بەفەڕمی ڕایان نەگەیاندوە بەڵام مەیلی دووئیدارەیی لە زهنیەتیاندا هەیە گەر بێت و پارتی ڕێك نەكەوێت لەگەڵیان!!, بۆ ئەمەش پارتی و یەكێتی هەریەكە ئەزمونی مێژوویی و تاقەیەكی باشی ئەو ململانێیەی هەیە كەدواجار زەرەرمەندی یەكەم گەلەكەمان دەبێت لەم شەڕەدا كە هیوادارین ڕوونەدات.
دواجارپێویستە هەریەكە بەئەركی مێژوویی خۆی هەستێت, باوەڕناكەم جارێكیتر گەل قبوڵی ئەوەبكات سەركردەكانمان لەسەر شاشەی تیڤی یەوە دووبارە ئەستۆپاكیمان پێ‌ بفرۆشنەوە و  ململانێی خوێناوی لەكۆڵ خۆیان بكەنەوە, چونكە وەك پێشتر باسمكرد ئەمڕۆ ناوچەكە لەلایەك لەجەنگێكی خوێناوی دایە, پڕیشكی گەورەی ئەو جەنگەش بەركورد كەوتوە, لەلایەكیتر لەبەردەم گۆڕانكاری جدیداین نەپێویستمان بە ململانێی ناشەریفانەهەیە نەتەحەمولیشی دەكەین, بۆئەوەی لەكاروانەكە دانەبڕێین!!.

لەكۆتاییدا دەمەوێت ئەوەش بخەمە ڕوو كە ڕای سێ‌ یەمیش لەسەر ئەم ڕێكەوتنە هەیە, بەهۆی چارەسەرنەكردنی كێشە و ئاڵۆزی و قەیرانەكانی هەرێمی كوردستانەوە, بەتایبەت قەیرانی دارایی و نەبونی موچە كە كاریگەری ڕاستەوخۆی بەسەر ڕۆژانەی تاك بەتاكی هاوڵاتیانەوە هەیە, ترسی دروست بونی حزبێكی نوێ‌ لەسەر هێڵێك كە دژی باگگراوندی سیاسی ئەم حزبانەی ئێستابێت, هانی سەركردایەتی گۆڕان و یەكێتی داوە بۆنزیك بونەوە بەئاگاداری خودی (بارزانی)!!, ئیدی من كارم بەوەنیە لەڕاگەیاندنەوە چی دەگوزەرێت, گەر ئەمە ڕاست بێت ئەم دژایەتیەی پارتی بۆ زیاتر هاندانی ئەندام و لایەنگرانی گۆڕان و یەكێتی یە تا هیچ حساباتێكیتر لەگەڵ سەركردەكانی خۆیان نەكەن كە بزوتنەوەی گۆڕان بۆ لەیەكێتی جیابۆیەوە؟ وەئێستاش بۆڕێك دەكەونەوە؟, گەورەكردنی ئەم ڕێكەوتنە و دژایەتی پارتیش بەجۆرێك لەمیدیاكاندا ڕەنگی داوەتەوە ئەندامانی هەردوو لا تەنها بیریان لای دژایەتیەكانی پارتیە بۆئەم ڕێككەوتنە!!.
ئایندە باشترین وەڵام دەبێت بۆدەركەوتنی نیەتی سەركردەكانی ئەم دوو هێزە لەوەش گرنگتر پێویستە ئەندامانی هەردوولا, توێكی ڕابردوو فڕێ‌ بدەن و تەنها لەوە تێبگەن كە (حزب وەسیلەیە بۆبەدەست هێنانی ئامانج), ئەو ئامانجەش بەخزمەتی خەڵك بێت نەك پێچەوانە.
تێبینی/ پەنجەكان یەكتر دەشكێنن, ناونیشانی كتێبێكی كاك نەوشیروان مستەفایە.



21/05/2016



وتارەکانی تری نوسەر