یەكێتی چیتربكات؟

ئارام هادی


یەكێتی نیشتمانی كوردستان وەك هێزێكی كاریگەری باشوری كوردستان, نەك تەنها لەناوخۆی باشور بەڵكو لەسەر ئاستی هەرچوارپارچەی كوردستان كەسانی سەربەخۆ و نەتەوەیی ئێستاش لەو باوەڕەدان, كە یەكێتی بەئەركی خۆی هەستێت و كۆتایی بەو قەیرانانەبێنێت كە بەرۆكی هەرێمی كوردستانی گرتوە, لەسەر و ئەمانەشەوە پێویستە یەكێتی ڕێگەبگرێت و نەهێڵێت شەڕی كورد بە كورد جارێتر ڕوبدات و ستۆپ بە توركیا و پارتی بكات, ئەمەش بە بەكارهێنانی سەرجەم كەناڵەپەیوەندیەكانی كەهەیەتی, یان بە فشاردروستكردن لە ناوخۆی باشور لەسەر پارتی و توركیا. 

یەكێتی نیشتمانی هەر لەسەرەتای دروستبونی شەڕی داعشەوە, چەندین سیناریۆی جۆرا و جۆر و بەهێز لەدژی ئەو حزبە و جێگەی ناوچە نفوزی داڕێژراوە و خراوەتە بواری جێبەجێكردنەوە, بەڵام خۆشبەختانە بە پشتبەستن بەخۆی و بەهەوڵی جەماوەرە دڵسۆزەكەی هەرەسی بە پیلانەكان هێناوە كە لەدژی گێڕاویانە, بمانەوێت یان نا ئەوە ڕاستیەكی هاشاهەڵنەگرە كە توركیا بەهاوكاری دۆستەكانی و گروپە تیرۆریستیەكان بەردەوام هەوڵی دەستەمۆكردنی یەكێتی دەدات و بۆئەم مەبەستەش چەندین سیناریۆی قێزەونی لەدژی گێڕاوە, هەرلەدروست بونی ناكۆكی و پێكدادانی پێشمەرگە و حەشدی شعبی لەناوچەی داقوق و دوز و جەلەولا, لەڕێگەی توركمانەكانی ناو حشدی شعبیەوە, یان سیناریۆ گەورەكەی كە بەڕای چاودێرانی سیاسی بەپیلانی (بی) توركیا ناسێنرا لەسەر كەركوك, هێنانی گروپێكی تیرۆریستی بەژمارەیەكی زۆرەوە كەمەبەست تەنها پشێوی دروستكردن نەبو لەناو كەركوك بەڵكو داگیركردنی تەواوی شارەكە بو, بەهەمان سیناریۆی موسڵی 2014, بەپێی خەمڵاندنەكانیش ئەو هێزە تیرۆریستیەی كە سەرەتا چونە موسڵ هیچی وایان لەوەی كەركوك كەمترنەبو, بەڵام خۆشبەختانە بەهاوكاری هێزی پێشمەرگە و دژەتیرۆر و ئاسایش و پۆلیس و خەڵكی مەدەنی شارەكە شكست بەو پیلانە هێنرا, كە بەپیلانی(بی)توركیا ناسێنرا.
ئەوە باسی هەڕەشەبەردەوامەكانی سەركێڵگەنەوتیەكانی كەركوك ناكرێت, كەبەردەوام توركیا لەڕێگەی حزبێكی دیاریكراوی كوردیەوە هەوڵی داگیركردنی دەدات, لەگەڵ ئەوەشدا ناردنی گروپە تیرۆریستیەكان بۆ ناوسلێمانی كە بەهیممەتی خەڵكی مەدەنی و برایانی دژەتیرۆر و ئاسایش ڕێگە لەچەندین گروپی تیرۆریستی گیرا بۆناوشارەكە, لەڕێگەی (بازیان و سەنگا و قەرەداخ و دێلێژە)وە ڕووبەڕوویان بونەوە و شكست بەم پیلانەش هێنرا.
هەوڵی كڕینی كادرانی یەكێتی و تۆخكردنەوەی ململانێكانی ئەو حزبە لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان تادەچێت قوڵتردەبێتەوە و بەرە و ئاڕاستەیەكی خراپ دەچێت, ئەمە سەرباری كۆبونەوەی بەردەوامی  لیژنەباڵاكەی نێوانیان, كێشەكانی ئەم دوو حزبە ئەوەندەی پەیوەندی بە خودی هەردوو حزبەوە هەیە زۆرلەوە زیاتر دەستوەردانی نهێنی توركیایە, كە بمانەوێت یان نا, ئەمەش یەكێكیترە لەپیلانەكانی توركیا و پارتی تا ئەم دووهێزە سەرقاڵكەن بەكێشەناوخۆییەكانی خۆیانەوە و دەرفەتی ئەوەیان نەبێت ببنە لەمپەڕ لەبەردەم پڕۆژەی توركیدا!!.
هەرئەم یەكێتی یە بوو, كەبەتەیارە بۆیەكەم جار چەك و فیشەكی گەیاندە كوبانی و ڕۆڵی یەكلاكەرەوەی گێڕا لەسەركەوتنی خوشك و براكانمان لە كوبانی بەسەر داعشی تیرۆریستدا, بەرپرسێكی یەكێتی لەیەكێك لەمەڵبەندەكاندا, بۆی باسكردم كاتێك (كاك لاهور) لەڕێگەی هاوڕێ‌ كانیەوە خەریكی كڕین و دابینكردنی چەك و فیشەك بوە بۆ خوشك و براكانمان لەڕۆژئاوا, بەداخەوە هەندێك لەمەكتەب سیاسیەكان لەژوورە داخراوەكاندا خەریكی قوڵتركردنەوەی ناكۆكیەكانی نێوانیان بون و ئاگاشیان لەهیچ نەبوە تا ئەوكاتەی لەڕاگەیاندنەكانەوە وەك خەڵك گوێبیستی هەواڵی ناردنی چەك بون لەڕێگە حزبەكەیانەوە, كەتا ئێستاش ئەو ناكۆكیانە چارەسەرنەبونە و كاریگەری لەسەر بڕیاری دروستی یەكێتی كردوە. 
یەكێتی بەڕەچاوكردنی ئەمری واقیع, كە ئیدارەی (سلێمانی و هەڵەبجە و كەركوك) دەكات, ئاشكرایە كە ناتوانێت بچێتە شەڕێكی یەكلاكەرەوە لەگەڵ توركیادا, بەڵام بەكۆتایی هێنان بەكێشەكانی ناوخۆی و كێشەكانی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان دەتوانێت, دەوری ئەساسی ببینێت لەیەكلاكردنەوە و ستۆپ پێكردنی پارتی و توركیا لەباشوری كوردستاندا, تا ئەجێنداكانیان جێبەجێنەكەن, كەمەبەست لێی شەڕێكی ماڵوێران كەری كورد بەكوردە و دواجار داگیركردنی تەواوی باشوری كوردستان, من وەك خۆم شانازی دەكەم كە حزبەكەم یان كەسانێك لەحزبەكەم كارەكانیان جێگەی شانازی نەتەوەیی پێوەدیارە و دەوریان بینیوە و ڕەنگی داوەتەوە لە سەر دەستكەوتەكانیتری حزبەكەم, جێگەی دەست خۆشی و دڵخۆشیشە, بەڵام پێویستیشە, یەكێتی لە ئێستا و داهاتودا ئەم كارانەش بكات. 

پێویستە یەكێتی چیتربكات؟ 
بەپەلە كاربكات بۆ كۆتایی هێنان بەكێشەناوخۆییەكانی حزب, چارەسەركردنی كێشەكانی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان, هەتا ئاستی یەكگرتنەوە, یەك بڕیاری و یەكگوتاری لەئاستی هەموو پرسەكان بەتایبەت چارەنوس سازەكان, كەمكردنەوەی قەیرانەكان, ئەوكات سنوردانان بۆ ملهوڕیە داگیركاریەكانی توركیا لە باشوری كوردستان و نەهێشتنی شەڕی توركیا و پەكەكە, كە چاوەڕێی ئایندەیەكی زۆر خراپی لێدەكرێت, هەوڵی نێوەندگیریەكی توند و تۆڵ لەنێوان پەكەكە و پارتی بدات و هەوڵبدرێت بەهەرنرخێك بێت پارتی لەباوەشی توركیا دوورخرێتەوە, گەروانەكرێت سەرئەنجامەكەی بۆ خودی پارتی و لایەنەسیاسیەكان و گەلی كورد گەڕانەوەمانە بۆ خاڵی سفر!!. 

باچیدی هەندێك لەمەكتەب سیاسیەكان لەژوورەكانی خۆیانەوە خەریكی قوڵتركردنەوەی ناكۆكیەكان نەبن و تەماشاكەرنەبن لەوەی چی ڕوودەدات, گەرنا ئەوا كاتێك دەزانن وەك چۆن هەفتەی ڕابردوو لە (شیلادزێ‌ و ئامێدی) جەندرمەی توركی بەزاڕدا و بەڕۆژی ڕوناك مانۆڕیان دەكرد, ئەوا لەجادەی سالمی سلێمانیش هەمان شت ڕوودەدات!!. 
كەسیش دواتر خۆی نەكاتە دەمسپی و پێمان بڵێت گەربەقسەی من و پڕۆژەی من بوایە ئەمە ڕووی نەدەدا, چونكە ئەم سیاسیانەی ئێمە وەك فلمە ئەمریكیەكان ڕاهاتون كە چۆن لەو فلمانەدا دواجار تەنها سەركەوتن بۆ (CIA. FBI). ئاوا لەدوای كارەساتەكان لەیاداشتەكانیاندا بۆمان بنوسن گەر بەقسەی من بوایە وەك ئێستانەدەبو, ئەو ئێستایە لەم كاتەدایە و كاتی قسەكردن نیە, بەڵكو كاتی كردارە و دەبێت بەكردەوە پێش بەم داگیركاریە بگیردرێت كە دەمێكە كاری بۆكراوە, لەلایەن توركیاوە. 

ڕۆژێك كەسایەتیەكی سیاسی, بۆی باسكردم, گلەیی لە مامۆستاسڵاحدین كردبوو, كەپارساڵ نیوەی گروپە پەڕلەمانیەكەی چونە پاڵ پارتی و دواتر ئەو كارەساتە ڕویدا كەتائێستاش پەڕلەمان داخراوە, وتبوی بۆچونەتە پاڵ پارتی, ئەمینداری ئێستای یەكگرتوو لەوەڵامدا وتبوی, ئێمە وەك یەكگرتوو دەزانین پارتی چیە!!, بەڵام نازانین یەكێتی چیە و بەتەمای چیە!!, باچیتر وامان پێنەڵێن و ڕوئیا و سیاسەتمان ڕۆشن بێت, هەركاكە و لەئاشێك باراش نەهاڕێت!!. 
تەبعەن ئەمە تەنها نەك بۆیەكێتی بەڵكو پێویستە لایەنەكانیتری كوردستان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی و گەلەكەمان كە هەركەس خۆی بەئازادیخواز دەزانێت, جالەهەركوێ یەك هەن, ئامادە و لەسەرپێبن, بۆ وەڵامدانەوەی ئەو مەترسیانەی كە ئێستا لەناوماڵمانە و ڕێگری لێبكەین و شكستی پێبهێنرێت. 
دواجار, لەو باوەڕەدام ئەو هێڵە نەتەوەییەی ناو یەكێتی, وەك هەمیشە سەردەكەوێت بەسەر ناكۆكیەكان و شكست بە پیلانەكانی داگیركەران دێنێت, هەرئەمەشی لێ چاوەڕوان دەكرێت.

15/05/2017



وتارەکانی تری نوسەر