دەوڵەت لەنێوان وەهم و واقیعدا

ئارام هادی

(دەوڵەتی كوردستان ئاستەنگەكان و دەرفەت), ناونیشانی یەكەم كۆنفڕانسی ساڵانەی زانكۆی (ئەمریكی لە دهۆك), وەك یەكەمین كۆنفڕانسی زانكۆكە بابەتێكی گرنگیان هەڵبژاردبو,  كەتایبەتە بەچارەنوسی نەتەوەیەك , دیارە ئەمە جێگەی دەست خۆشیە, دروست بونی دەوڵەتی كوردستان خەون و خولیای هەمووتاكێكی كوردە, وەك مافێكی سروشتی خۆی, لەوپێناوەشدا كورد بەدرێژایی سەدساڵی ڕابردوو خەباتی سیاسی و چەكداری لەپێناوداكردوە و قوربانیەكی زەبەلاحیشی بۆداوە.
بەڵام ئایا ئێستا زەمینە لەبارە بۆ دروست بونی دەوڵەتی كوردی؟ ئاستەنگەكان چین؟ دەرفەتەكان بۆلەدەست بدەین؟!!, بنەما و كەرەستەكانی دروست بونی دەوڵەتی كوردیمان هەیە؟ یان نیمانە یاخود بەدەستی خۆمان لەناومان بردون؟!!.
ناكۆكی لایەنەسیاسیەكان لەوپەڕی خراپیدایە بەهۆی ئەوەی پارتی ساڵێك زیاترە پەڕلەمانی داخستوە, لەگەڵ ئەوەشدا وەزیرەكانی بزوتنەوەی گۆڕانی ناردۆتەوە ماڵەوە, موچەخۆرانی هەرێم بەهۆی پاشەكەوت و دواكەوتنی موچەكانیانەوە حكومەتیان توشی ئیفلیجی كردوە تەنانەت خوێند لەبەشێكی زۆری هەرێمی كوردستان پەكی كەوتوە, هەربەهۆی سیاسەتە هەڵەكانی پارتی یەوە پەیوەندی نێوان هەرێم و عیراق لەدۆخێكی زۆر خراپدایە, گرێبەستی نەوت تا ئێستاش كەس نازانێ‌ چۆنە؟ و بەچەندە؟ و بۆكوێ‌ دەچێت؟ و پارەكەی چی لێدێت؟!!, ئێستاش سوپای داگیركەرێكی سەرسەختی وەك توركیا لەهەرێمی كوردستان بونی هەیە, سەرباری ئەمانەش شەڕی موسڵ وەك دوا وێستگەی داعش لەعیراق بەرە و كۆتایی دەچێت و كورد بەرنامەیەكی ڕونی نیە بۆ دوای داعش, چۆن مامەڵە لەگەڵ عیراق بكات, چۆن لەگەڵ هێزە نێودەوڵەتیەكان بچوڵێتەوە, توركیا بەشێوەیەك دەستی بەسەر سیاسەتی هەرێمی كوردستان لەڕێگەی پارتی یەوە گرتوە, لەلێواری دۆوژمنایەتیەكی سەختداین لەگەڵ (عیراق. ئیران. تەنانەت هێزە كوردیەكانی پارچەكانیتری كوردستان), كە ئەمە خەونی هەمیشەیی توركیایە تا هیچ دۆستێك بۆ هەرێم نەهێڵێتەوە و بۆخۆی بەئارەزوی خۆی بەكارمان بێنێت.
بەڵام نیەتی توركیا كە ئێستا پارتی واتێگەیشتوە كە هاوكارمان دەبێت بۆ دروست بونی دەوڵەتی كوردی, زۆرهەڵەیە و گەورەترین هەڵەشە كە ئەمڕۆ پارتی دەیكات, چونكە توركیا خەونی گەڕانەوەی ولایەتی موسڵی هەیە بۆسەرخاكەكەی و هیچیتر, دواتر لەم ڕێگەیەوە دەیەوێت وەك ئێستا هەرچی وزەی سەرخان و ژێرخانی ئابوری هەرێم هەیە حەپەلوشی بكات و خەونی دروست بونی دەوڵەتی كوردی بخاتەوە ژێرخاك, بەردەوامیش لەهەوڵی ئەوەدایە كە شەڕێكیتری نێوان لایەنە سیاسیەكانی كوردستان لەئاستێكی باڵاتر لەسەر ئاستی باشور, ڕۆژئاوا, باكوری كوردستان بەرپابكات و بۆچەندین دەیە و بگرە سەدسالیتر كورد زەلیل و بەردەست بكات.
لەبری دروشم و خۆڵاكردنە چاوی خەڵك ئەوەی ئەمڕۆ بۆ دۆخی كوردان پێویستە, بكرێت و هەنگاوی جددی بۆبنرێت, چاككردنی نێوماڵی سیاسی هەرێمی كوردستانە, دواتر دروستبونی یەكێتی یەكی نەتەوەیی گشتگیر, باش بونی قەیرانی دارایی بەدابینكردنی موچە بۆفەرمانبەران و مامۆستایان, ڕادەستكردنی نەوتی هەرێم بەبغداد و ناردنی بودجە لەبەرامبەریدا, كاراكردنەوەی پەڕلەمانی كوردستان و دەركردنی حكومەت لەو چەقبەستوییەی تێی كەوتوە, ئەم خاڵانە پێویستە كاری جددی تیابكرێت.
ئەوەی پەیوەندی بە دروست بونی دەوڵەتەوەهەیە, باوەڕناكرێت كەس كێشەی لەگەڵ ئەوەهەبێت, بەڵام بەم میكانیزمانەی ئێستا كە لەحەقی پڕۆسەكەدانیە, دەچێتە چوارچێوەی وەهم و خەیاڵەوە.






18/12/2016



وتارەکانی تری نوسەر