لە لۆزان چی گوزەرا؟

هیوا سه‌ید سه‌لیم
بەشی دووەم

هەمیشە دەوترێت کورد لەبەر دوو هۆکار نەگەیشووە بە مافەکانی کە خۆی دەبینێتەوە لە مافی بڕیاردان لە سەر چارەنووسی خۆی بە دامەزراندنی دەوڵەتیشەوە.

هۆکاری یەکەم خودییە و پەیوندارە بە فاکتەرە زاتیەکە، لە پاڵ ئەویشدا فاکتەری دەرەکی هەیە کە بریتییەلەو هەموو ناحەقیەی لەسەر دەستی زلهێزەکان بەرامبەر بە گەلی کوردستان کراوە.

سەبارەت بە فاکتەرە زاتییەکە زۆر ووتارە و زۆریشی لەسەر نووسراوە،  کە کورد میللەتێکی خۆخۆری یەکتر نەگرە، هەمیشە بەسەر ململانێ ئیقلیمییەکان دابەش بووە.

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان KNK، کە لایەنی ئامادەکار بووە بۆ بەستنی کۆنفراسی ١٠٠ ساڵەی لۆزان، بەدەر لە ناکۆکییە سیاسی و حزبییەکان، چەند مانگێک پێش بەستنی کۆنفراسەکە لە دەرگای سەرجەم حزبە سیاسییەکانی داوە، تا هەمووان بەیەکەوە دژ بەو ڕاییە بوەستنەوە کە هەمیشە دەوتريت کورد هێندەی کار بۆ پەرتەوازەیی دەکات کار بۆ یەکگرتن ناکات.

بۆیە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان یادی ١٠٠ ساڵەی رێکەوتنامەی لۆزانی بە دەرفەت  زانی تا هەموو لایەک بۆ شەرمەزارکردنی ئەو غەدرە مێژووییە بەیەکەوە دەنگ هەڵبڕن و ئەم دەستپێشخەریەی کرد.

مخابن لەگەڵ ئەوەی کە ژمارەییەکی زۆری هێز و لایەنی سیاسی چوار پارچەی کوردستان لە کۆنفراسی لۆزان بەشداری کرد و پەیامی خۆیان هەبوو، بەڵام هەمدیسان هەمووان لەوێ نەبوون.

بۆچی بەشێک لە هێزەکان لە لۆزان نەبوون؟!

ئەو پرسیارێکە دەبێت ئەوانە وەڵامی بدەنەوە کە بە بەرنامە بایکۆتی ئەو کۆنفراسەیان کردووە.

شایانی باسە، ئامادەنەبوونی بەشێک لە سەر ئاستی هێز و کەسایەتی لە کۆنفراسی لۆزان وایکردووە لێرە و لەوێ هەندێک ڕەخنە ئاڕاستەی کۆنفراسەکە بکرێ، کە لە ڕاستیدا بەشێک لەو ڕەخنانە نەک لە جێگای خۆیدا نییە بگرە لێدانیشە لە گەورەیی کۆنفراسەکە و ئەو دەرنجامانەی کە لێیکەوەتەوە.

بۆیە دەڵێین ئەو کەسانەی ڕەخنەی بێ بنەما دەگرن پێیان خۆش بێت یان نا درێژە بەو دۆخە زاتییە دەدەن کە بریتییە لە پەرتەوازەیی نێو ماڵی کوردی.

دەپرسین ئایا کۆنفراسی لۆزان بێ گرفت و بێ کەموکورتی بوو؟ بێگومان هیچ کاتێک کارێکی وا گەورە بێ کێماسی نابێت، بەڵام دەکرا بە بەشداری هەموو لایەک بەسەر ئەو کێماسییانە زاڵ بین نەک دوور بە دوور پەلاری لێبگیرێت.

لە بەشی یەکەمی ووتارەکەم ئاماژەمداوە بە لایەنە ئەرێنیەکانی کۆنفراسی لۆزان، لێرەدا نامەويت بگەڕێمەوە سەری، تەنیا ئەوە دەڵێم کە لە رۆژانی کۆنفڕاس لۆزان سیمای شارێکی کوردستانی پۆشی بوو.

هەوڵی کۆنفراس تەژی کرابوون لە کوردان، سەرۆک شارەوانی لۆزان لە ناو کوردان بوو، شەقامەکان بۆ کوردان گیرا بوون، هێزە ئەمنییەکان بۆ کورد خرابوونە ئامادەباشی، ئاڵای کوردستان لە لۆزان دەشەکایەوە.

لە پاڵ هەموو ئەو خاڵە ئەرێنیانە ڕەخنەی ئەوە لە کۆنفراس دەگیرێت کە لە ژێر کاریگەری ئەجندایی لایەنێکی سیاسی بووە، یان چوار جۆر ئاڵای کوردستان هەڵکراوە.

سەبارەت بە ڕەخنەی یەکەم، هيز و لایەنێک دەتوانێت ئەو ڕەخنەیە بگرێت کە خۆی ئامادەیی تێدابایە بەشداری لەم کۆنفراسە بکات، ئەوسا ئەگەر شتی وای دیتبا دەیتوانی ڕێگری لێ بکردایە.

سەبارەت بە چوار ئاڵاکەش لێرەدا بە ئەرکی خۆمی نازانم پاساوی بۆ بهێنمەوە وەلێ مخابن تا ئێستاش کاریگەری فاکتەرە ناوخۆییەکە لەسەر بزاڤی رزگاریخوازی گەلی کوردستان ماوە ئەویش ئەو پەرتکردن و جیاوازیانەیە کە دووژمنان و داگیرکەران بەسەریان سەپاندووین. 

کوردستان و گەلەکەی لە ١٠٠ ساڵی ڕابردوو تاکە نیشتمان و نەتەوەییە کە خاکی داگیر و پارچە پارچە کرا بێت و رێکەوتنامەکانی ( سەعد ئاباد و سایکس بیکۆ و لۆزان) ڕەوایەتیان بەو دابەشکارییە داوە، کوردیش بە ناچاری چۆتە ژێرباری.

بۆیە بە دانیشتن و نزیکبوونەوەی هيزە کوردستانییەکان دەکرا لەو بۆنە تڕاژیدییە بەسەر ئەو کێماسیانە زاڵ بین.

لە دوا جار دەڵێم لە ئێستادا پرسی کورد لە چوار پارچەی کوردستان کراوەتە چەند واقیعێکی جیاواز، لە ئێستاشدا، زۆر بەی زۆری هێزە کوردستانیەکانیش باس لەو دەکەن کە نەک دەبيت ئەو واقیع داسوپاوە لە بەرچاو بگیرێت ، بگرە نا بێت هیچ لایەنێک دەستوەردان لە کاروباری خەباتی پارچەکانی دیکە بکات.

ئەگەر ئەو داواییە ڕەوا بێت دەبێت جیاوازیەکانی یەکتریش قەبوول بکرێ.
لە کۆتاییدا دەڵێم ئەوەی لە لۆزان گوزەرا ڕووداوێکی گرنگ بوو، کە لە یادی ١٠٠ ساڵەی رێکەوتنامەی شوومی لۆزان کورادان بە دەنگێکی بەرز لە هەمان شوێن ڕاگەیەندراوی ڕێکەوتنامەک، ە ووتیان ڕکەوتنامەکە ڕەتدەکەینەوە و ئیدی ئەو غەدر و بێ مافیە قەبوول ناکەین.

27/07/2023



وتارەکانی تری نوسەر