لەم سەردانەیدا "هاکان فیدان" چی دەستکەوت؟

هیوا سه‌ید سه‌لیم
دوای دەستبەکاربوونی وەک وەزیری دەرەوەی تورکیا، هاکان فیدان، بەسەردانێکی دوو رۆژە گەیشتە بەغدا و لەوێشەوە سەردانی هەولێری کرد.

  لەم گەشتە دبلۆماسیەییدا فیدان جگە لەوەی لە بەغدا دیداری لەگەڵ هاوتا عێراقیەکەی ئەنجامدا، دواتر لەگەڵ سەرۆککۆمار و سەرۆک وەزیرانی عێراق دیداری ئەنجامدا. 

سەردانەکەی وەزیری دەورەوەی تورکیا لە کاتێکدایە کە ساڵانێکە لە نێوانی عێراق و تورکیا چەندین کێشەی وەک کێشەکانی ( ئاو، هەناردەکردنی نەوت، ئاسایشی سنوور ) هەیە.

  شایانی باسە، گلدانەوەی ئاو بە درووستکردنی چەندین بەنداو گەورە و بچووک،  لەسەر ڕێڕەواکانی دیجلە و فورات لە ناو خاکی تورکیا، وایکردەوە بەشی هەرەزۆری شارەکانی عێراق تووشی کەم ئاوی زۆر ببێ. جگە لەم گرفتە، ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەهۆی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریس، وە سەپاندنی سزای ملیارێک و چوارسەد ملیۆن دۆلار بەسەر تورکیا قەیرانێکی دیکەی نێوان عێڕاق و تورکیا لێکەوتۆتەوە.

  لە پاڵ ئەو دوو قەیرانەدا،  گرفتی بوونی بنکە و بارەگا سەربازیەکانی تورکیا لە نێو خاکی هەرێمی کوردستان و عێڕاق، وە بۆردومانە ڕۆژانەکەی بە فڕۆکە و درۆن، هەروەها لە هەندێک ناوچەی سنووریش تۆپباران و ئۆپراسیۆنی سەربازی، وە بە ئامانجگرتنی خەڵكی سڤیل بە بیانووی شەڕیان لەگەڵ هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان PKK، هەموو ئەو دۆسیانە بوون کەوتنە سەر مێزی دانووستانی هەردوولا.

  شایانی باسە، هاتنی هاکان فیدان، هاوکاتبوو لەگەڵ چوونی وەزیری نەوتی عێڕاق بۆ تورکیا و کۆبوونەوەی لەگەڵ هاوتا تورکیەکەی بۆ گفتوگۆکردن سەبارەت بە هەناردەکردنەوەی نەوت لەرێگەی بەندەری جیهانی تورکیا کە لە ناوەڕاستی مانگی ئاداری ئەمساڵ ڕاگیراوە، بۆیە دەتوانینن بڵێین ئەنجامە نەرێنیەکانی کۆبوونەوەکەی تورکیا کاریگەری لەسەر ئەنجامەکانی  کۆبوونەوەکانی "هاکان فیدان" هەبوو لە عێراق.

 ئەوەی وا دەکات بڵێین کۆبوونەوەکەی نێوان وەزیری نەوتی عێراق و وەزیری ووزەی تورکیا بێ ئەنجام بووە رێکنەکەوتنە لەسەر ماوەیەکی زەمەنی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوت، هەروەها گرفتی پێ بژاردنی ئەو ملیار و چوارسەد ملیۆن دۆلارەی بەسەر تورکیا سەپێندراوە و خواستی تورکیا بۆ بەرزکردنەوەی کڕێی گواستنەوە.

  لە بەغداش دوای دیداری یەکەمی "هاکان فیدان" کە لەگەڵ فوئاد حوسێنی هاوتا عێراقیەکەی ئەنجامیدا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا هەردوو وەزیری دەرەوە پەردەیان لەسەر تەوەرەی کۆبوونەوەی نێوانیان هەڵدایەوە، لە قسەکانی هەردوولایاندا هەست بە ناکۆکی نێوانیان دەکرا، عێراق داوای ئاو و پەرەپێدانی بازرگانی و هەناردەکردنەوەی نەوت لە تورکیا کرد، شەرمنانەش باسی بوونی بنکە سەربازیەکانی تورکیا کرد. 

  لە بەرامبەردا هاکان فیدان جەختی لەسەر خواستی وڵاتەکەی بۆ بە تیرۆرست ناساندنی رێکخراوی  pkk   و هاوکاری هەردوولا بۆ رووبەرووبوونەوەی هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان کردەوە، ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن هیچ یەک لە تورکیا و عێڕاق لەو سەردانەی وەزیری دەرەوەی تورکیا لەسەر خاڵێکی دیاریکراو ڕێککەوت بن.

  بێ ئەنجام بوونی کۆبوونەوەکانی بەغدا وایکرد کە ئەم دوو لایەنە باس لە کاتێکی دیاریکراو نەکەن بۆ هاتنی رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆککۆماری تورکیا بۆ عێراق، کە دوای هەڵبژاردنەوەی چەندین جار باس لە سەردانی کراوە بۆ عێراق.

  جگە لەم خاڵە، دەبینین کاتێک هاکان فیدان لە دیدارەکانی بەغدا بێ ئومێد دەبێت، بە گەرم و گوڕێ ڕوودەکاتە هەولێر و لە هەولێر ستایلی کۆبوونەوەکانی ئاستی پرۆتۆکۆلی دبلۆماسی تێدەپەڕێنێت. بۆیە لەوێ نەک بەتەنیا لەگەڵ سەرۆکایەتیەکانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، بگرە بەشێک لە سەرکردەی حزبە دۆستەکانی تورکیاشی بەسەرکردەوە.

 ئەگەرچی دەتوانین بڵێین تورکیا دۆستی هیج لایەنێک نیە بگرە بەرژەوەندی لە نزیکبوونەوە لەم لایەنانە هەیە، هەر بۆیە دەبینین تەنانەت  لەو کاتانەش کە شاندی باڵای تورکیا لە هەرێمی کوردستانە،  تورکیا دەست لە کووشتنی خەڵکی سڤیلی کوردستان هەڵناگرێت. هاوکات کاتێک هاکان فیدان، لە هەولێر بوو فڕۆکەکانی وڵاتەکەی لە دەڤەری برادۆست تەواوی ئەندامانی خێزانەکی کۆچەری کۆمەلکووژ کرد، کە بڕوا ناکرێت لە هیچ یەک لەو دیدارانەی لە هەولێر لەگەڵی ئەنجام دراببون  ئەو گلەیە لە هاکان کرا بێت، تەنانەت بڕاوا ناکرێت حزب ئیسلامیەکانیش جورئەتیان کرد بێ باس لە بە ناڕەوا ڕژانی خوێنی خەلکی سڤیل بکەن بە دەستی هاوپەیمانە ئیسلامیەکەیان  .

  هاوکات لەگەڵ گەیشتنی وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ هەولێر وەزیری دووەمی تورکیا (وەزیری ووزە) دەگاتە هەولێر، ئەمەشیان پەیامێک بوو بۆ بەغدا، بەوەی ئەگەر ئێوە ئامادەیی رێکەوتنتان تێدا نیە ئەوە هەرێمی کوردستان هەیە.

 ئەگەرچی تورکیا هەرێم تەنیا وەک کارتی فشار لە بەرامبەر بەغدا بەکاردەهێنێت، چونکە دوای بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریس و بڕیاری دادگای فیدڕالی لە بە نا شەڕعی فرۆشتنی نەوت لە لایەن هەرێمی کوردستان، ئاسان نیە تورکیا بەبێ عێراق جارێکی دیکە مامەڵە بە نەوتی هەرێمی کوردستان بکاتەوە.

25/08/2023



وتارەکانی تری نوسەر