چیرۆکی ئەم وێنەیە ..

خەبات عەبدولآ

ڕۆژی ۱۷ی نیسان، یادی کارەساتی گیانلەدەستدانی کارزان و فرمان و ئازاد و ڕێبوارە کە هەر چواریان هاوڕێی قوتابخانەی سەرەتاییم و کوڕی یەک گەڕەک و پێکەوە ئەندامی ئەو تیپە هونەرییە بووین کە ساڵانی کۆتایی حەفتاکان لەلایەن مامۆستای دلێرەوە؛ دلێر ئیبراهیم لە قوتابخانەکەمان؛ قوتابخانەی شێخ مەحمود، دایمەزراند.

 تیپەکەی ئێمە کە پاشان لەگەڵ تیپی مناڵانی قوتابخانەی نەورۆز بەسەرپەرشتی مامۆستا عوسمان کراینە تیپی چالاکی قوتابخانەکانی سلێمانی، لە چەندین بۆنە و ڤێستیفاڵدا نمایشی گۆرانی، موزیک، شانۆیی و ئۆپەرێتی جیاجیامان پێشکەش کرد. 

وێنەکەی کە لە خوارەوە دانراوە، مێژوویەکی تایبەتی لە ژیانی مندا هەیە. وێنەکە ڤیستیفاڵ و کێبڕکێی نێوان چالاکیی قوتابخانەکانی سەرجەم پارێزگاکانی عێراقە لە بەغدا. تیپەکەی ئێمە کە بە ئەنقەست و وەکو دژایەتیکردنی کورد پاش شکستی شۆڕش، خرابووینە ڕیزبەندیی دواهەمینی هەموو پارێزگاکانی تری عێراقەوە، سەعات دەوروبەری یەکی شەو نۆبەمان هات بۆ پێشکەشکردنی کارەکانمان. من بۆ خۆم دوو جار لە خەو بەخەبەریان هێنابوومەوە، هیچ تاقەت و حەوسەڵەمان نەمابوو، بەتایبەتیش کە لە نیوەڕۆی ئەو ڕۆژەوە ئێمەیان لە پشتی شانۆکەوە لە هۆڵێکی بچوکدا دانابوو. 

جا بۆ ئەوەی خەواڵو و بێتاقەت دەرنەکەوین بە (سوراو)ی هەندێک لەو کچ و ژنانەی لە پشتی پەردەوە بوون، لێو و کوڵمیان سور کردین.
هەر کە چووینە سەر شانۆ و پەردەمان لەسەر لادرا، هۆڵەکە خرۆشا! تیپێکی مناڵانی سلێمانی بە جلی کوردییەوە لە پایتەختی عروبەوە! ماندوێتیمان لە خۆمان تەکاند. مامۆستا دلێر وەکو چاودێر لە تەنیشتەوە دوور لە کامێرا، چاوی لە سەرمان بوو. لە هەمووشی گرنگتر یەکێک لە کارەکانمان سروودی (نیشتمانەکەم)ی زێوەری شاعیر بوو، ئەو شیعرەی بەم بەیتە دەست پێ دەکات: (چەند شیرینە لام دار و بەردی وەتەنم .. بەفیدای ئەکەم سەر و گیان و بەدەنم. ..هتد.)، ئاوازەکەی لە مارشێکی ئیتالی وەرگیرابوو، میلۆدییەکی یەکجار خرۆشێنەر بوو. کوردەکانی لە هۆڵەکەدا بوون خۆیان پێ نەگیرا، یەکەم جار بوو دوای شکست لە گەرووی کۆمەڵێک مناڵی چەتوونەوە و لە بەغدای پایتەختی بەعسەوە گوێیان بە سروودێکی نیشتمانیی بکەوێتەوە، گوڵبارانیان کردین. سەر تەختەی شانۆکە تژی گوڵ بوو. (تکایە سەرنجی وێنەکە بدە).

پاش کارەکانی ئێمە، شەو درەنگانێک هەواڵمان پێگەیشت کە پارێزگای سلێمانی یەکەمی سەرجەم پارێزگاکانی عێراق بووە. بۆ من و ئەڵبەتە ئەوانەش کە بە پەنجە ڕەنگینەکانیان دڕیان بەو شەوەزەنگەی بەغدا، دا، یەکێک لە خۆشترین ساتەکانی ژیانمە کە هەرگیز بیرم ناچێتەوە. 
وێنەکە:

فرمان: سێیەمی لای ڕاست (ئۆکۆردیۆن)، (شەهید).
کارزان: سێیەمی لای چەپ (کەمانچە)، (شەهید).
ڕێبوار: دووەمی لای ڕاست (بانگۆز)، (شەهید).
یادگار: چوارەمی لای ڕاست (سەنتور)، (شەهید). (ناسراو بە مەلا یادگار؛ ئەندامی سەرکردایەتی پاسۆک کە ساڵی١٩٨٧ لەگرتنی بورجەکەی قەرەداغدا شەهید کرا).
بەندە: وەستاوەکان کە بە ڕەنگی سور دیاری کراوە.

17/04/2022



وتارەکانی تری نوسەر