لە یادی عەگیدێکدا ..

خەبات عەبدولآ

ئازاد هەورامی لە بەڵگەنامەیەکی ئیستیخباراتی عەسکەریی بەعسدا

وەکو پابەندبوون بەو ڕێنماییانەی ڕێکخراوی سلێمانیی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان پێش ڕاپەڕین تەعمیمی ناو ڕێکخستنە نهێنییەکانی کردبوو، دەبوا پێش هەر شتێکی دیکە، هەوڵی دەستبەسەراگرتنی هەموو ئەو دۆکیومێنتانە بدرێت کە لە دامودەزگاکانی بەعس لە سلێمانی لە دەمی ڕاپەڕین دەستیان بەسەردا دەگیرێت. 

دوای گرتنی ئەمنە سوورەکە لە ٨ی ئاداری ١٩٩١ و کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی بەعس لە سلێمانی، ژمارەیەکی زۆر لە دۆکیومێنتەکانی دائیرەکانی ئەمن و موخابەرات لەڕێی هاوڕێکانم لەو بنکەیەی بەندە بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ گرتبوو، دەستیان بەسەردا گیرا و گواسترانەوە شوێنی مەبەست. یەکێک لەو دۆکیومێنتە دەگمەنانەی کە تا ئێستاش کۆپییەکم لێی پاراستووە، ڕاپۆرتێکی زلە لە دووتوێی کتێبێکدا کە لەلایەن وەزارەتی بەرگری/ بەڕێوەبەرێتی گشتیی ئیستخباراتی عەسکەری بە ناونیشانی (الاتحاد الوگنی الکردستانی)ییەوە نووسراوە و دوو جاریش؛ جارێک لە سەرەوەی بەرگی یەکەم و جاری دووەم لە دامێنی بەرگەکەدا نووسراوە (سری للغایە: یەکجار نهێنی).

ڕاپۆرتەکە لە پێشەکییەکی ٤٠ لاپەڕەیی و شەش (ملحق: پاشکۆ) پێکهاتووە، بە هەمووی ١٥٨ لاپەڕەی قەوارە ناوەنجییە.  لە پێشەکییەکەدا بە دوورودرێژی باسی سەرهەڵدانی کۆمەڵە و دامەزراندنی یەکێتی، سەرکردەکانی، پێکهاتەی ڕێکخراوە نوێیەکە، دامودەزگاکانی، پاشخانی هەندێک لە کەسە دیارەکانی، .. تد دەکات.  پاشکۆکانیشی تەرخان کردووە بۆ:

1. بەیاننامەی دامەزراندن.
2. پەیڕەو و پڕۆگرام.
3. زانیاری ورد لەسەر سەرکردەکانی.
4. زانیاری لەسەر هەندێک لە فەرماندەکانی.
5. سیستمی جەنگیی یەکێتی.
6. پەیڕەوی ناوخۆی مەکتەبی عەسکەریی یەکێتی.

لە پاشکۆی سێیەم و چوارەمیدا و کە دێتە سەر باسی سەرکردە و فەرماندەکانی، جگە لە ناو و ناوی نهێنی، کارنامە و ژیاننامە، دۆست و نزیکەکانی، بڕگەیەکی تەرخان کردووە بۆ خەسڵەتە تایبەتییەکانی کەسەکە. لە دەستنیشانکردنی خەسڵەتەکانی هەر کەسێکدا جەختیان لە چوار لایەنی سەرەکی کردۆتەوە کە ئاخۆ کەسی ئاماژە بۆکراو: 

1. مەیلی بۆ ژن هەیە؟
2. پارە پەرستە؟
3. عەرەقخۆرە؟
4. تووڕەیە یان هێمن؟

هەرچەندە ناکرێت زانیارییەکانی ناو ڕاپۆرتەکە، بەتایبەتیش ئەوەی لەسەر کەسایەتی و خەسڵەتەکانی ئەم و ئەو نووسراون، هەمووی بە هەند وەربگیرێن، بەڵام زۆرێک لە زانیارییەکان چەندوچۆن هەڵناگرن. لە هەمان پێودانگەوە بەشێکی زۆر لەو سەرکردە و فەرماندانەی ناویان لەم تاقیکردنەوەیەی ڕاپۆرتنووسەکانی بەعسدا هاتووە، دەرنەچوون! 

یەکێک لەو سەرکردانەی کە ڕاپۆرتنووسەکانی بەعس نەیانتوانیوە لە گوڵ کاڵتری پێ بڵێن (ئازاد عەبدولمەجید غەففار جەعفەر: ئازاد هەورامی)ییە، ئەوان ئاوا پەسنیان داوە:

• هێمنە، هەندێک جار تووڕەیە.
• عەرەق ناخواتەوە، مەیلی بۆ جنس و پارە نییە.


01/09/2022



وتارەکانی تری نوسەر