گەڕانەوە لە لێواری کاریسەیەکی گەورە!

د. بورهان یاسین
رێگریکردنی هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە دەرەوەی هەموو یاسا و رێسایەک، لە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و ستافەکەی و ژمارەیەك پەرلەمانتار لە ١٢ی ئەم مانگەدا دەستدرێژییەکی ئەوپەڕی مەترسیدار بوو بۆ سەر ڕەوایەتی دیموکراتی و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و تەواوی ئەزموونی ٢٣ ساڵەی باشووری کوردستان. 
     خۆم وەک یەکێک لە ستافی سەرۆکی پەرلەمان شاهیدی بینینی ئەو دەستدرێژییە هۆڤانەیە بووم، تابلۆیێکم بینی کە بە قەد شەڕی براکوژی قێزەوەن بوو. لەڕاستیدا دەتوانم بڵێم باشووری کوردستان بە جیاوازی چەند چرکەیەک لە لێواری کاریسەیەکی گەورە گەڕایەوە؛ کاریسەیەک کە دەیتوانی شەڕێکی تری براکوژی بێت و دەرئەنجامەکانیشی بگرە ترسناکتر بن لە شەڕە براکوژیەکەی ١٩٩٠کان. بۆ مێژووش دەڵێم، بە رادەی یەکەم حیکمە و خۆ بە دوورگرتنی سەرۆکی پەرلەمان لە هەر جۆرە کاردانەوەیەک وە قەبووڵکردنی ئەوەی کە بەبێ سێ و دوو بگەڕێتەوە سلێمانی، ئەم هەرێمەی لەم لێوارە ترسناکە گەڕاندەوە!   
    
***
ئەزموونە ٢٣ ساڵییە ناجێگیرەکەی باشوری کوردستان هەر لە سەرەتاوە بە کۆمەڵێک کێشەی جددیەوە لە ١٩٩٢دا دەستی پێکرد. کێشەکانیش بەشێکیان جێماوێک بوون لە مێژووی پێشتر وە هەندێکیشیان پەیوەندیان هەبوو بە شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ واقیعی سیاسی دوای راپەڕین، کە زیاتر هی گرتنە دەستی دەسەڵات و فەرمانڕەوایی بوو. بە کورتی و بە چڕی کێشەکان تێکەڵاویەکی فرەلایەن بوون، لە لایەکەوە مێژوو و گرێکوێرە چارەسەرنەکراوەکانی، وە لە لایەکی ترەوە سیاسەت (بە مانای پێدراوە سیاسییەکان و ئەو کەلتورە سیاسییەی کە حزبە سیاسییەکان هەڵگری بوون). لە دوای ئەم هەموو ساڵە، تا ئێستاش ئەم کێشانە (بە هەردوو رەهەندە مێژوویی و سیاسییەکەیەوە) نەک هەر چارەسەرنەکراون بەڵکو بەردەوام وەک مۆتەکە بەسەر ئەزموونەکەوە بوون. بە درێژایی ئەم ٢٣ ساڵەش ئەم کێشانە هۆکاری سەرەکی بوونە بۆ سەرهەڵدانی شەڕی خۆکوژی و هێنانی لەشکری ئەنفالکردنی کورد بۆ سەر کەرامەتی نەتەوەیی کورد لە ٣١ی ئابدا و دوو ئیدارەیی و... هتد. 
     وەک ئاماژەی پێدرا، هۆکارێکی سەرەکی ئەم کێشانە پێکهاتەیەکی ئاڵۆز بووە لە زهنیەت و کەلتوری سیاسی. لەم زهنیەت و کەلتورە سیاسییەدا بەردەوام قۆرخکاری سیاسی و قەبووڵنەکردنی سەرکەوتنی ئەوی تر و خۆ بەزلزانی و زاڵبوونی ئەو بۆچوونە نادیموکراتییەی کە پێداگری لەو جیهانبینییە دەکات کە دەڵێ ئەوەی لەگەڵ مندا نەبێ دژی منە و سەرکەوتنی ئەوانی تریش بە زەروورەت شکستی منە... یەکێکیش لە خەسلەتەکانی ئەم جیهانبینییە زیانبەخشە ئەوەبووە کە حزب بەردەوام هەوڵ دەدات پانتایی و فەزاکەی خۆی یەکسان بکات بە تەواوی پانتایی و فەزای نەتەوە. هەر لەبەر ئەوەشە کە زۆر جار وەهمی ئەوەی کە ئەو حزبە بەقەدەر پانتایی نەتەوە گەورەیە، بەم پێوەرەش دەبێ بە قەدەر ئەو گەورەییە وەهمییە باڵا دەست بێ و قورسایی سیاسی هەبێت، سەرچاوەی هەرە گرنگی کێشەکان بووە. بە مانایەکی تر حزب گەورەیی خۆی لە گەورەیی وەهمی خۆیدا دەبینێتەوە، نەک لە ژمارەی راستەقینەی ئەو دەنگدەرانەی کە پشتگیری لەو حزبە دەکەن یا ژمارەی ئەو کورسیانەی کە ئەو حزبە لە پەرلەماندا هەیەتی. هەر لەبەر ئەوەشە هەڵگری ئەم شێوازە لە جیهانبینی ناتوانێ بە ئاسانی گەورەیی و کاریگەری و سەرکەوتنی ئەوانی تر قەبوڵ بکات: بە پێی ئەم لۆژیکە چاوەڕوانی ئەم هێزە گەورەیە ئەوەیە کە لایەنەکانی تر، چەندیش گەورە بن، دەبێ ئەوە قەبووڵ بکەن کە بە بچووکی مامەڵەیان لەتەکدا بکرێ.
     زۆر بە کورتی و بە چڕی، دیموکراتیخوازیی ئەم جۆرە حزبە، کە بەردەوام لەسەر وەهمی "گەورەیی" خۆی و "بچووکی" دەژیێ و بەردەوام سیاسەتیشی لەسەر دەکات، رووکەشە و حزبەکەش بوونەوەرێکی خاڵییە لە بەها هەرە گرنگەکانی دیموکراسی. زۆر بە راشکاوی ئەمە رێک خەسڵەتی یەکێک لە هێزە سیاسییە سەرەکییەکانی باشووری کوردستانە کە ئەویش پارتی دیموکراتی کوردستانە، کە بەردەوام بە لۆژیکی "پێویستە ئەوەی هەیە لە ژێر رکێفی من بێت ئەگەرنا لێناگەڕێم ببێت" کار دەکات. کێشەی تری ئەم حزبە بە تایبەتی لە دوای دەرکەوتنی بزاڤی گۆڕان لە (٢٠٠٩)وە ئەوە بووە کە پارتی بەردەوام بە وەهمی زۆرینەبوون مامەڵەی لەگەڵ واقیعێکی گۆڕاودا کردووە. پارتی تا ئێستاش ناتوانێ ئەوە هەزم بکات کە لە هەڵبژاردنەکانی ١٩٩٢ بەرامبەر بە یەکێتی  ٥٠+١ی دەنگەکانی بەدەستهێنا، بەڵام ئەمڕۆ هەر ئەم حزبە نوێنەرایەتی کەمێک زیاتر لە یەک لەسەر سێی خەڵکی کوردستان دەکات. هەر چەندە پارتی، لە دەرەوەی پەرلەمان، زۆربەی هەرە زۆری جومگەکانی دەسەڵاتی جێبەجێکاری و دادوەری بەدەستەوەیە، بەڵام لە ٢٣ی حوزەیران پشتڕاست بوویەوە کە پێگەی راستەقینەی پارتی هی کەمایەتیێکە نەک زۆرینە، وە زوو یا درەنگ دەبێ ئەو حزبە ئەو راستییە قەبووڵ بکات. لە راستیدا لە کەمایەتیشدا زۆرینەی هەری زۆری کورسیەکانی پارتی (کەم یا زۆر ٢٦ لە کۆی کورسییەکانی لە پەرلەمان) هی دەنگدەرانی پارێزگای دهۆکە. کەواتە هێزی پارتی دوو جار کەمایەتییە، یەکێکیان کە فراکسیۆنەکەی پارتی بەرامبەر فراکسیۆنەکانی تر کەمایەتییە و ئەوی تریشیان ئەوەیە کە زۆرینەی هەرە زۆری ئەم کەمایەتییە نوێنەرایەتی تەنها یەک پارێزگا دەکەن کە رێژەی دانیشتوانی لە هەر یەک لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی کەمترە.  
     بە کورتی و بە چڕی ئەسلی کێشەکە ئەوەیە کە پارتی نایەوێ ئەو راستییە قورسە قەبوڵ بکات کە لە پەرلەماندا کەمایەتییە. ئەمە رێک ئەو حاڵەتە بوو کە بە روونی لە ٢٣ی حوزەیراندا دەرکەوت. لە دوای ئەم مێژووەوە پارتی بۆ بەرەوڕوبوونەوەی ئەم واقیعە تاڵەی دوای ئەم مێژووە تەنانەت ئامادە بووە هێزیش بەکاربهێنێ: گرنگ پێکانی ئامانجەکەیە کە ئەویش گەڕاندنەوەی هاوسەنگییە بۆ دابەشبوونی هێز لە هاوکێشەی سیاسی باشووری کوردستاندا، کە بە تایبەتی لە ٢٠٠٩وە ناهاوسەنگیەکی جددی بەخۆوە بینیوە، بەڵام بە روونی لە ٢٣ی حوزەیراندا دەرکەوت.  

***
بە باوەڕی من پێویستە ئەوەی لە چەند مانگی رابردودا روویدا وەکو بەشێک لە ململانێی دوو رەوت تەماشا بکەین، کە بە درێژایی ئەم خولەی پەرلەمان بە شێوازی جۆراو جۆر ئامادەییان هەبووە و لەگەڵ یەکتردا لە دژایەتیدابوون: 
ئاراستەی یەکەم: ئەم ئاراستەیە هی پارتی دیمۆکراتی کوردستان بوو وە هەوڵی بێوچانی دا لە رێگای خۆدزینەوە لە رەواییەتی دیموکراتی و کوشتنی کات و بەکاربردنی کۆمەڵیک فرتوفێلی سیاسی مەسەلەکان بگەیەنێ بە کۆتایی رێگا و بنبەست. ئەو کاتەش (واتە رێک لەو بنبەستەدا) لە بەرژەوەندی خۆی واقیعێک لە دەرەوەی رێسا و یاسا بە ئەوانی تر بداتە قەبووڵکردن، واقعێک  کە تیایدا، بە تایبەتی بە بەهانەی نەبوونی کات، ١) نە هەرێم بووبێتە خاوەنی دەستور؛ ٢) نەش یاسای سەرۆکایەتی هەرێم هەموارکرابێتەوە؛ ٣) سەرباری ئەمەش، بۆ دوو ساڵی تریش لە رێگای هەندێک "ئالوێر و فرتوفێڵی سیاسییەوە" بوار بڕەخسێت بۆ مەسعود بارزانی وەک سەرۆک بۆ دوو ساڵی تریش بە هەموو دەسەڵاتەکانیەوە بمێنێتەوە؛
ئاراستەی دووەم: ئەم ئاراستەیە هەموو هەوڵەکانی بۆ گەڕانەوەی هەیبەت و شەرعیەت بۆ پەرلەمان بوو. کارەکتەرەکانی ئەم ئاراستەیەش، بە تایبەتی لە چەند مانگی رابردوودا، بە گشتی چوار فراکسیۆنی (کۆمەڵ و یەکگرتوو و یەکێتی و گۆڕان) بوون. ناشبێ ئەوە لەبیر بکەین کە بزاڤی گۆڕان، زۆر بە تایبەتیش رێکخەری گشتی ئەم بزاڤە نەوشیروان مستەفا، داینەمۆی هێنانە کایەی یەکڕیزی ئەم چوار فراکسیۆنە بوو؛ یەکڕیزیەک کە دواجار خۆی لە خوێندنەوەی یەکەمی پڕۆژە یاسایەکی هاوبەشی ئەم چوار هێزە لە ٢٣ی حوزەیران دەربڕی. دەبێ ئەوەش بگوترێ کە زۆر بە تایبەتی ئەم ئاراستە و ئیرادەیە خۆی لە شەخسی سەرۆکی پەرلەمان (دکتۆر یوسف محەمەد)دا دەربڕی، کە بەردەوام لایەنگرێکی سەرسەختی ئەوە بوو کە مەسەلەکان لە پەرلەمان و بە شێوەیەکی یاسایی یەکلابکرێنەوە. هەر ئەوەشە وایکردووە کە هەر زوو پارتی دیمکراتی کورستان بە رادەی یەکەم سەرۆکی پەرلەمانی کردە ئامانج وە باوەڕی وابوو بە لابردنی ئەو دەکرێ بەشێک لەو ناهاوسەنگییە راستبکاتەوە و شکستی خۆشی لە ٢٣ی حوزەیراندا بەو لابردنە بکات بە سەرکەوتن. چونکە بە لای (پارتی دیمۆکراتی کوردستان)ەوە سەرۆکی پەرلەمان بەرپرسی یەکەمی شکستەکەی ئەو حزبە بوو لە ٢٣ی حوزەیران.  
     بە کورتی و بە چڕی، دەتوانین بڵێین ئێستگەیەکی هەرە گرنگ کە تیایدا کاری ئەم چوار فراکسیۆنە بە لوتکە گەیشت، بەڵام لە هەمان کاتدا بووە هۆی هەراسانبوونی پارتی دیموکراتی کوردستان، کۆبوونەوەی پەرلەمان بوو بە نیسابی یاسایی لە ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠١٥ و بە سەرکەوتوویی ئەنجامدانی خوێندنەوەی یەکەم بۆ یاسای سەرۆکایەتی هەرێم لەو کۆبوونەوەیەدا. مرۆڤ دەتوانێ بە ئاسانی تێبگات کە ئەو رۆژە پارتی هەستێکی وای لا دروست بوو کە پڕ بوو لە شەپرزەیی و ئەو پەڕی هەستکردن بە تاڵییەکانی شکست: پارتی بۆ یەکەم جار لە ٢٣ ساڵی رابردوودا بوو بە کەمایەتی، پارتی بۆ یەکەم جار چووە پێگەی ئۆپۆزیسیۆن بوونەوە وە هەر لەو پێگەیەشەوە زۆر "بێ دەسەڵات" دەرکەوت وە لەبەر ئەوەش تەنها ئەلتەرنەتیڤێک کە لەبەردەمی مابوویەوە بایکۆتکردنی کۆبوونەوەکە بوو. 
     جگە لەمەش، ئەوەی بە لای پارتیەوە بە هیچ شێوەیەک جێگای قەبوڵ نەبوو ئەوەبوو کە لە کارێکی پەرلەمانیدا، کە تیایدا چوار فراکسیۆنی پەرلەمان گۆڕان، یەکێتی، یەکگرتوو و کۆمەڵ هاوکاری یەکتر بوون، پرۆسەکە گەیاندرایە قۆناغی کۆتایی لە ١٩ی ئاب، وەک هەوڵێک بۆ خوێندنەوەی دووەم بۆ یاسای سەرۆکایەتی هەرێم.
     دەرئەنجام: لێرەدایە کە هەستکردنی پارتی بە تاڵیی شکستهێنان لە ٢٣ی حوزەیراندا بە لوتکە دەگات. لە راستیدا کەمجار پارتی لە مێژوویدا رووبەروی حاڵەتێکی ئەوها بۆتەوە و ئەو رادەی تاڵیی شکست چێستووە. لە لایەن پارتیشەوە تەواوی بەرپرسیارێتی لەم شکستەدا زیاتر وەک دەرهاوێشتەی کار و هەوڵەکانی بزاڤی گۆڕان و سەرۆکی پەرلەمان (د. یوسف محەمەدا) خوێندرایەوە. هەر لێرەشەوەیە کە بە لای پارتییەوە بۆ خۆدەربازکردن لەو هەستکردن بە تاڵیی شکستە و خۆ پاککردنەوە لەو "عەیبە" سیاسییە تەنها چارەسەر "رۆیشتنی گۆڕان و سەرۆکی پەرلەمان" بوو.

***

ئەوەی جێگای نیگەرانییە ئەوەیە کە جگە لە هەندێک دەنگ لێرە و لەوێ، من وا دەزانم کاردانەوەی هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لەمەڕ زۆر هێنان، بە زەبری چەک، بۆ سەرۆکی پەرلەمان کە لە بازگەی پردێوە بگەڕێتەوە سلێمانی، پڕ بە پێست نەبوو. نەک هەر ئەوە، بەڵکو هەر وەک چۆن دوای ماوەیەک خیانەتەکەی ٣١ی ئاب، کەم یا زۆر، لەبیرکرا ئەوهاش کاردانەوانەکان بەرامبەر گێڕانەوەی سەرۆکی پەرلەمان بۆ سلێمانی ئەوەندە لاواز بوون کە ئیتر پرۆسەی لەبیرچوونەوەیان هەر ئێستا دەستیپێکردووە. لە راستیدا تەنانەت مەترسی ئەوەش هەیە کە ئەسلەن رووداوی ١٢ی ئۆکتۆبەری بازگەی پردێ، لەبەر هۆیەک یا هۆیەکی تر، ئەسلەن نەچووبێتە ناو یادەوەری (زاکیرەی) بە کۆمەڵی خەڵکی کوردستان! ئەمە نەک هەر مەترسیێکی گەورەیە، بەڵکو رێک کاریسە ڕاستەقینەکەیە: ئەگەر لەبیرچوونەوەی هەڵە و خیانەت و چەوتی و گوناهەکانی رابردوو هەر وا ئاسان بێت، ئەوا دووبارەبوونەوەشیان لە پرۆسە سیاسییەکاندا بە هەمان راددە ئاسان دەبێت.   
     بە داخەوە بە بەهانەی بوونی هەڕەشە و مەترسی لەسەر باشووری کوردستان دەبێ ترسناکترین ئەتکردنی یاسا بەسەرماندا تێبپەڕێت، دەبێ قەبووڵی بکەین و دەبێ لێشی بێدەنگبین. دەبێ قەبوڵ بکەین کە هێمای گرنگترین دامەزراوەی دیمۆکراسی (واتە سەرۆکی پەرلەمان) بە بەر چاوی هەموانەوە، وە لە ژێر هەڕەشەی چەکەوە زۆری بۆ بهێنرێ بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە سلێمانی. لێرەدا دوو پرسیار دێنە پێشەوە: ئایا بە راستی هێزە سیاسییەکان لە قەوارە و مەترسی سیاسییانەی ئەم رووداوە گەیشتوون؟ ئەگەر لە رووداوەکەش گەیشتوون، ئایا ئامادەن چاوپۆشی لیبکەن بە بەهانەی "بوونی شەڕی داعش و مەترسی لەسەر ئەزموونی سیاسی باشوری کوردستان"؟     

***
لەوەدەچێت ئەزموونی باشووری کوردستان هێشتان ئەزموونە شکستخواردووەکەی وڵاتانی عەرەبی لە زیاتر لە نیو سەدەی رابردوو تێپەڕنەکردووە: قەبووڵکردنی ئەتکردنی سیمبۆلی رەواییەتی دیمۆکراتی (واتە پەرلەمان) بە بەهانەی بوونی مەترسی شەڕ لەسەر کوردستان، دووبارە بوونەوەی ئەزموونە شکستخواردووەکەی وڵاتانی عەرەبییە.
     لە ژیانی سیاسیی گەلانی عەرەبیدا بۆ ماوەی ٦٠ – ٧٠ ساڵ ستەمکار و دکتاتۆرەکانی وڵاتانی عەرەبی سەرکەوتوو بوون لە دواخستنی ریفۆرم و چاکسازی بە بەهانەی بوونی مەترسی و هەڕەشە و پیلانگیری زایۆنیزم و ئیمپریالیزم لەسەر ئەم گەل و وڵاتانە! ئا لەم پرۆسەیەدا، وە وەک دەرهاوێشتەیەکی ئەم سیاسەتەی دەسەڵاتدارانی عەرەب، گەلانی عەرەب گەورەترین باجیاندا لە شێوەی دەهان ساڵ دواکەوتنی پرۆسەی گەشەکردنی سیاسی و مرۆیی، مۆدێرنیزەکردن، دیموکراتیزەکردن و مافی مرۆڤ و ئازادییەکان و ...هتد. 
     بە کورتی و بە چڕی، وەک دەرئەنجامی ئەم سیاسەتە، ئەوەی بەرهەمهات کۆمەڵێک سیستمی ستەمکار بوو کە تیایدا لە پێناو بەدەستهێنانی ئاسایشی رژێمە ستەمکار و تاکڕەوەکان، ئاسایش و ئازادییەکانی هاوڵاتیانی ئەم وڵاتانە کرایە قوربانی. لە راستیدا بۆ مسۆگەرکردنی ئاسایش و ئارامی بۆ رژێمەکان دەبووایە گەلەکانی وڵاتانی عەرەبی بەردەوام لە ژێر هەڕەشەی دەرەکی و ترس و تۆقاندندا بژین. پرسیار ئەوەیە ئایا لە کاتێکدا ئەم ئەزموونە لە مێژوو لەبەر دەستمانە و بەبێ هەژماریش لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی ئەکادیمی لە چوارچێوەی ئەم وانەیە مێژوویەدا لەبەردەستن، بۆ دەبێت ئێمەی کورد نەتوانین لەو وانەیە فێربین و ئەو فێربوونەش لە خزمەت ئاراستەیەکی سیاسی راست و دروستدا بەکاربهێنین؟ بۆ دەبێ ئێمەی کورد ئەو ئەزموونە شکستخواردووەی وڵاتانی عەرەبی دووبارە بکەینەوە، لە کاتێکدا کە دەزانین ئەزموونی وڵاتانی عەرەبی لەو ماوە دوور و درێژەدا یەکسان بووە بە کاریسەیەکی راستەقینە بۆ گەلانی ئەو وڵاتانە. بۆ دەبێ ئێمە لە ژێر هەڕەشە و مەترسییە دەرەکییەکان، کە زۆر جار دروستکراوون تا راستەقینە بن، خەڵکی باشوری کوردستان رێگا بە دامەزرانی سیستمێکی دیکتاتۆری بدات، سیستمێک کە تیایدا لە پێناو دەسەڵاتێکی دوور لە رەوایەتی دیموکراتی هەموو یاسا و رێسا و ئیرادەی خەڵک بنپێبکرێن! 
     بە باوەڕی من ئەوەی کە لە ماوەی ٢٣ی حوزەیران تا ١٢ی ئەم مانگە روویدا بەدەستهێنانی لوتکەیەکی سیاسی بەرز بوو بە ئاراستەی بەرجەستەکردنی بەها دیموکراتییەکان و شەرعیەتی دیمۆکراتی و پەرلەمانی. ئەم دەرەنجامە لە ئاکامی کاری یەکگرتوویی چوار فراکسیۆنەکە و کار و خەباتی سەرۆکی پەرلەمان بەدەست هات. لەم ئاراستەیەدا بە تایبەتی رۆڵ و پێداگیری سەرۆکی پەرلەمان رەگەزێکی زۆر گرنگ بوو. جا ئەوەی ئێستا لەسەر چوار هێزەکە پێویستە ئەوەیە کە ئەم لوتکەیە بپارێزن. تاکە ئامرازیش لەم پێناوەدا پاراستنی یەکڕیزی ئەو چوار هێزەیە. ئەگەر ئەوە هەر نەکرا، ئەوا چاوەڕوانیم ئەوەیە کە هەموو هەوڵەکانی سەرۆکی پەرلەمان ئەوە بێت کە خۆی رێگا نەدات ئەم لوتکەیە تێکبشکێندرێت و ئەزموونیش ببرێتەوە دواوە بۆ چوار گۆشەی ژمارە یەک! لە لایەکەوە دەزانم ئەم کارە بۆ سەرۆکی پەرلەمان ئاسان نییە، بەڵام ئەگەر ئەوەی بۆ نەچووە سەر، ئەوا پێویستە رێگا نەدات ئالوێر و مامەڵەی سیاسی بە پێگەکەی و چارەنووسی ئەو پێگەیەوە بکرێ. بە بۆچوونی خۆم نابێ سەرۆکی پەرلەمان لە پاراستنی ئەم هەڵوێستە دودڵ بێت تەنانەت ئەگەر ئەم پاراستنی هەڵوێستە بە وازهێنانێکی شەرەفمەندانەش بێت، نەک هەر لە سەرۆکایەتی پەرلەمان بەڵکو لە تەواوی کاری پەرلەمانیش! بە هەر حاڵ پێویستە دواجار هەر دەست لە کار کێشانەوەیەکی سەرۆکی پەرلەمان، لە رووی سیاسی و جەماوەری و مەعنەویەوە، نەک تەنها لەسەر ئەوانەی لە ١٢ی ئۆکتۆبەردا دەستدرێژیان کردە سەر شەرعیەتی دیمۆکراتی گران بکەوێت، بەڵکو لەسەر ئەوانەشی کە ئەو دەستدرێژییە قەبووڵ دەکەن و دەبن بە بەشێک لە تەرتیباتی دوای دەستدرێژییەکە یا لێی بێدەنگ دەبن! 

تێبینی: بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە بە شێوازی پ د ف، تکایە تەماشای پێگەی تاکەکەسی نووسەر بکە:
www.burhanyassin.com

د. بورهان أ. یاسین
سلێمانی، ١٤/١٠/٢٠١٥


 


16/10/2015



وتارەکانی تری نوسەر