٣٠ی حوزەیرانێکی دیکە بەڕێوەیە!

د. بورهان یاسین
بە ئەگەری زۆر ٣٠ی حوزەیرانێکی دیکە بە ڕێوەیە، بەڵام پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە کە ئایا کام هێزی سیاسی ئامادەیە بچێتە ژێر باری ئەم ٣٠ حوزەیرانە تازەیە؟

وەک بیرخستنەوەیەک لە ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠١٣ لە شانۆگەریێکی "پەرلەمانیدا"، کە لە راستیدا هەندێک کەس و لایەن وەک کودەتای پەرلەمانی ناوزەدیان کردوە دوو ساڵ بۆ مەسعود بارزانی، بۆ مانەوە لە پێگەی سەرۆکایەتی هەرێم، درێژکرایەوە. ئەو کاتە بزووتنەوەی گۆڕان بە هەموو هێز و توانستی خۆی دژی ئەو هەنگاوەی پارتی و یەکێتی وەستایەوە، لەم هەڵوێستەشیدا پشتگیریێکی جەماوەری زۆری بەدەست هێنا. لە بەرامبەریشدا هەر زوو نیگەرانیەکی زۆر باڵی بەسەر نەک هەر کادر و بنکە جەماوەریەکەی یەکێتیدا گرت، بەڵکو لە ئاستی سەرکردایەتی ئەم حزبەش ئەو نیگەرانییە نەدەشارایەوە. هەر زوو ئەو باوەڕە دروست بوو کە یەکێتی لە داهاتوودا، بە تایبەتی لە هەڵبژاردنەکاندا، باجێکی زۆری ئەو هەڵوێستەی درێژکردنەوەی سەرۆکایەتی هەرێم بۆ مەسعود بارزانی دەدات.

ئێستا، دوای دواکەوتنێکی زۆر لە پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نۆهەم، یەکێک لەو کێشانەی کە بەرۆکی هەموو هێزە سیاسییەکانی بەشدار بوو لە پەرلەمان گرتووە مەسەلەی زیندوکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمە و دواتریش هەر زوو هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمە، کە هەر زوو پارتی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەم پۆستە کاندید کردووە. پارتی ئەوەی نەشاردۆتەوە کە ئەو حزبە دەخوازێ یاسای سەورۆکایەتی "زیندوبکاتەوە"، یا تۆ بڵێ هەموار بکاتەوە، بەبێ گۆڕانکاری؛ تەنها گۆڕانکاریێک کە ئەم حزبە رازییە بکرێ لەو یاسایەدا ئەوەیە کە "سەرۆکی هەرێم لە پەرلەماندا هەڵبژێردرێ". بەم مانایەش سەرۆکی هەرێم هەموو ئەو دەسەڵاتانەی لا دەبێت کە پێشتر مەسعود بارزانی هەیبوو، جگە لەمەش پەرلەمان مافی لێپێچینەوەی لە سەرۆکی هەرێم نەبێت.

ئێستا لێرە و لەوێ وە لە ئاستی جیاجیادا دەبیستین کە سەرکردەکانی بزاڤی گۆڕان دڵیان بەوە خۆشە کە سەرۆکی هەرێم لە پەرلەمانەوە هەڵدەبژێردرێ، وە تەنانەت ئەمە بە دەستکەوتی خۆشیانی دەزانن.

من بەش بە حاڵی خۆم هەر زوو چەند مانگێک بەر لە درێژکردنەوەی سەرۆکایەتی هەرێم بۆ مەسعود بارزانی لە ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠١٣ دا ئەو بۆچوونەم هەبوو کە لەو سیستمەی، یا راستر بڵێین ئەو دۆخی ناسیستمەی، کە لە هەرێمی کوردستان هەمانە زۆر گرنگ نییە سەرۆکی هەرێم لە پەرلەمانەوە یا راستەخۆ لە لایەن خەڵکەوە هەڵدەبژێردرێ بەڵکو شتی هەرە گرنگ ئەوەیە: ١) ئەم پێگەیە چەند دەسەڵاتی تیادا کۆبۆتەوە. . .؟ ٢) ئەم پێگەیە بە دەست کێ یا چ کەسێکەوەیە.

حەز دەکەم ئەوە بۆ یەکەم جار رابگەیەنم، کە ئەم بۆچوونەی سەرەوەم دەربارەی ئیشکالیەتی پێگەی سەرۆکایەتی هەرێم لە پرۆژەیەکی هەمە لایەندا چەند مانگێک بەر لە ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠١٣ پێشکەش بە خوالێخۆشبوو نەوشیروان مستەفا کرد. . . دەمەوێ لێرەدا بە دیوێکی دیکەدا ئەو بۆچوونەم کە لە پڕۆژەکەدا هاتبوو بخەمە روو: کەسێک کە باوەڕی تەواوی بە سەروەری یاسا هەبێ، رێز بۆ هەموو وردەکارییەکانی سیستم دابنێت، ئیرادەی خەڵک سەرچاوەی دەسەڵاتی بێت، بە تایبەتی دەنگدەر بخاتە سەروی خولیا و حەزەکانی خۆی و باوەرێ بە هەموو وردەکارییەکانی بەرپرسیی و مافەکان هەبێت، من بەش بە حاڵی خۆم کێشەم نییە ئەو جۆرە کەسە هەموو ئەو دەسەڵاتەی هەبێت کە لە یاسای سەرۆکایەتیدا هەیە. لەبەرامبەریشدا، واتە پێچەوانەکەی، کەسێک باوەڕی بەو هەموو رەگەزانە لە یاسا و مەسەلەی رەواییەتی دیمۆکراتی و سیستم نەبێت دەسەڵاتی کەمتریشی بەدەستەوە بێت لەوەی کە لە یاسای سەرۆکایەتیدا هاتووە ئەوا ئەو کەسە لەو پێگەیەدا، تەنانەت بە دەسەڵاتی کەمتریشەوە، مەترسیە بۆ سەر سیستم و بەها دیمۆکراتییەکان.

دەمەوێ ئەوەی لەسەرەوە وترا بە دیوێکی دیکەدا بخەمە روو: نێچیرڤان بارزانی، کە کاندیدە بۆ سەرۆکایەتی هەرێم، لە ١٩ ساڵی رابردوودا، بە تایبەتی لە ساڵانی دوای کەوتنی رژێمی بەعس، لە پێگەی سەرۆک وەزیراندا بووە. لەم هەموو ساڵانەدا نەک هەر بۆ جارێکیش رازی نەبووە لە لایەن پەرلەمانەوە لێپێچینەوەی لێ بکرێ، کەچی وەک کورد دەڵێ هەزار و یەک هۆ هەبووە بۆ لێپێچینەوەی، بەڵکو تەنانەت بۆ پرسیاریش رازی نەبووە بچێتە بەردەم پەرلەمان. لەولاتریش، نێچیرڤان نەک هەر خۆی رازی نەبووە لێپێچینەوەی لێبکرێ بەڵکو رازی نەبووە ئەمە بەرامبەر وەزیرەکانیشی بکرێ. ئەوە لە کاتێکدایە کە بە یاسا پەرلەمان بۆی هەبووە لێپێچینەوە لە خۆی و لە وەزیرەکانی بکات.

دەرەنجام: ئەوە گرنگ نییە ئەو کەسەی لە پێگەی سەرۆکایەتی هەرێمدایە لە پەرلەمانەوە هەڵدەبژێدرێ یا لە ناو جەماوەر، بەلکو گرنگ ئەو کەسە کێیە و باوەڕی ئەو کەسە چەندە و چۆنە روو لە سەروەری یاسا و رێساکانی سیستم وە دەسەڵاتەکانی چەندن.

ئێستا: بە خۆ دورگرتن لەم نووسراوەدا لە مەسەلەی ئەوەی کە پارتی بۆ پێداگری لەسەر نێچیرڤان دەکاتەوە بۆ پێگەی سەرۆکایەتی هەرێم، دەکرێ بپرسین ئایا بۆ پارتی قەبوڵیەتی نێچیرڤان لە ناو پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت؟ ئایا بە راستی لە باوەڕی ئەو حزبەوەیە بە سیستمی پەرلەمانی یا هۆکاری تری هەیە؟

بە بۆچوونی خۆم پارتی هەر زوو، بە تایبەتی ئەو کێشانەی کە لەگەڵ یەکێتی سەری هەڵدا وە لە پێشیشیانەوە مەسەلەی ١٦ی ئۆکتۆبەر و هەڵبژاردنی بەرهەم سالح وەک سەرۆک کۆمار، حسێبی ئەوەی کردووە کە دەکرێ ئاسانتر بێ لە ناو پەرلەمانەوە، لە خەرابترین حاڵەتدا، دەنگی ٥٠+١ بە دەست بهێنێ (بە کورسیەکانی پارتی خۆی و کورسییەکانی کۆتا)، تەنانەت بەبێ پشتگیری هیچ هێزێکی دیکە! لە بەرامبەردا دیوی تری ئەم قسەیە ئەوەیە کە پارتی پشتڕاست نییە کە کاندیدەکەی بۆ سەرۆکایەتی هەرێم لە دەرەوەی پەرلەمان (واتە لە ناو خەڵکەوە) بەو ئاسانییە تەنانەت رێژەی٥٠+١یش بەدەست بێنێت. ئەمەش لەبەر هۆیەکی زۆر سادە: لە دەرەوەی پەرلەمان ژمارەی دەنگدەرانی هەموو کورسییەکانی کۆتا کە ١١ کورسییە بە یەکەوە، بە رادەیەک کەمە بەراورد بە ژمارەی دەنگدەری کورسییە ئاساییەکان، کە هەرگیز لەگەڵ ژمارەی دەنگدەرانی پارتی (لە دەرەوەی پەرلەمان) بە یەکەوە ناکاتە ٥٠+١، بە تایبەتی ئەگەر مەسعود بارزانی خۆی نەچێتە هەڵبژاردنەوە. هۆکاری تریش ئەوەیە کە بۆ پارتی ئاسانترە لە پەرلەماندا وە لە رێگەی کۆمەڵێ رێککەوتن پێگەی سەرۆکایەتی هەرێم بباتەوە بەبێ ئەوەی کاندیدێکی تر دەرفەتی رکابەری هەبێت لەبەرامبەر کاندیدی پارتیدا. بەڵام، لە بەرامبەردا، هەڵبژاردن لەناو خەڵکدا دەکرێ دەرفەت بدات بە کاندیدی تر بۆ ئەوەی رکابەری کاندیدەکەی پارتی بکات، بە تایبەتی ئەگەر هێزە سەرەکییەکانی دەرەوەی پارتی بە یەکەوە پشتگیری لەو کاندیدە رکابەرەی کاندیدی پارتی بکەن. لە دەرەوەی پەرلەمان دەنگدەرانی لایەنەکان بە رادەی پەرلەمانتارانی هەمان لایەن، تەنانەت ئەو لایەنانەشی کە کە رێککەوتنیان لەگەڵ پارتی هەیە، بە ئەگەری زۆی پابەند نابن بە رێکەوتنی حزبەکانیانەوە لەگەڵ پارتی و بەو پێیەش بە زەرورەت مەرج نییە دەنگ بە کاندیدی پارتی بدەن.
دەرەنجام، بە کورتی و بە چڕی: پارتی یارییەکەی بردۆتە ناو پەرلەمان چونکە لەوێ بەدەستهێنانی ٥٠+١ مسۆگەرترە لەوەی لە دەوەی پەرلەمان. پێشتر لە چەند نووسراوێکی پێشووترم ئەوەم جەخت کردۆتەوە کە پارتی لە گەمەی دیمۆکراتیدا لە کەمایەتی بوون رادەکات، وە هەر گیز ناچێتە ناو هیچ جۆرە گەمەیەکەوە بەبێ مسۆگەرکردنی زۆرینە: کاتێ دوای هەڵبژاردنەکانی ٣٠ی سیپتەمبەری پار ئەو زۆرینەیەی لە ناو پەرلەماندا، بە یارمەتی کۆتاکان، مسۆگەر کرد ئەوا بە باوەڕ بەخۆ بوونی زیاترەوە یاریەکە دەباتە ناو پەرلەمان. ئەمەش تەواو بە پێجەوانەی خولی پێشتر بە تایبەتی لە ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠١٥دا کە تا بۆی کرا یارییەکەی بردە دەرەوەی پەرلەمان، چونکە لە پەرلەماندا کەمینە بوو.

لە خوێندنەوەیەکی بە پەلە و بناکراو لەسەر ئەوەی کە لە سەرەوە وترا، لە ئێستادا دوو یاریکار زۆر گرنگن روو لەو ئەگەرەی کە لە پێشمانەوەیە، بەبێ ئەوەی ئەوەمان وتبێت کە کۆمەڵی ئیسلامی، یەکگرتوی ئیسلامی و نەوەی نوێ گرنگ نین. ئەو دوو یاریکارەش یەکێتی نیشتمانی کوردستان، کە لە یاریێکدا کە زیاتر لە یاری (مشک و پشیلە دەچێت) کەوتۆتە بگرە و بەردەیەکی زۆر لەگەڵ پارتیدا، وە لە لایەکی تریشەوە بزاڤی گۆڕان کە رێکەوتنێکی لەگەڵ پارتیدا لە ١٨ی شوبات مۆر کردووە.

بە تەقدیری خۆم یەکێتی نیشتمانی بە ئاسانی ناچێتە ژێر باری ٣٠ی حوزەرانێکی ترەوە و بە ئەگەری زۆر ئەو "عەیبە سیاسییە" بۆ گۆڕان بەجێ دەهێڵێت، و تەنانەت لەوانەیە بخوازێ هەڵبژاردنی نێچیرڤان بکات بە دەرفەت بۆ تۆڵە سەندنەوە لە گۆڕان؛ بەو مانایەش خۆی بدزێتەوە لەوەی کە فراکسیۆنەکەی بەشداری لە زیندوکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم وە بەم مانایەش هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمدا بکات. لە بەرامبەردا، بە ئەگەری زۆر یەکێتی زۆر حەز بکات کە گۆڕان بچێتە ژێر باری ئەو ٣٠ی حوزەیرانەی کە لە پێشمانەوەیە. بەم مانایەش بزاڤی گۆڕان هۆکارێکی جددی هەیە کە نیگەران بێت لەوەی کە لە پێشمانەوەیە و لە رووی سیاسیشەوە بە وردەکاریێکی زۆرەوە یاریەکە بکات. مەرجێکی یاریێکی باشیش ئەوەیە کە پێویستە گۆڕان لە هەموو گۆشە نیگایەکانەوە لە مەسەلەکە بڕوانێ. مەرجێکی سەرەکی یاریێکی باشتریش ئەوەیە کە ئەم بزووتنەوەیە ئەو حاڵەتی "نەشعە و خۆشحاڵییە" کە گوایە هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم لە پەرلەمانەوە سەرکەوتنێکە بۆ گۆڕان، تێپەڕ بکات. . . گۆڕان نابێ ئەوەش لەبیر بکات کە دوور نییە یەکێتی بە مەبەستی تۆڵە سەندنەوە (تۆڵە سەندنەوەی ٣٠ی حوزەیرانی یەکەم و رێکەوتنی ئەو بزووتنەوەیە لەگەل پارتیدا لە ١٨ی شوباتدا) گۆڕان، راستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ، پاڵبدات بۆ بەشداریکردن لە ٣٠ی حوزەیرانی دووەم، کە لە پێشمانەوەیە. 

15/03/2019



وتارەکانی تری نوسەر