ڕیفراندۆم داواکارییەکی ڕەوا، بەڵام لەکاتێکی ناڕەوا و زەمینەیەکی شڕا!

نیاز سەعید
پرۆسەی ڕیفراندۆمی  خەڵکی کوردستان، بۆ بڕیاردان لەچارەنووسی نەتەوەیی لە(٢٠١٧/٩/٢٥)دا، هیوا و خەوێکی دەیان ساڵەی نەتەوەی کورد بوو ، بەڵام بە نەزۆکیی و بە خەیاڵپڵاویی و لەسەر بنەمای میزاج و سەرکێشیی هەندێک سەرکردە ؛ وەکو بڕیارێک  لەکاتێکی نالەباردا سەپێندرا، لەکاتێکدا پێویست بوو لەڕووی هەلومەرجی بابەتیی و ناوخۆیی و دەرەکییەوە ؛ پێشتر شیکردنەوە و  هەڵسەنگاندنی ورد و هەمەلایەنەی بۆ بکرایە!

بڕیاردەرانی ڕیفراندۆم دەریانخست کە  چەند سادە و سەرپێین لەبیرکردنەوەدا و چەند بێ ئاگان لەتێگەیشتن و خوێندنەوە و شیکردنەوە ؛ بۆ  ڕۆڵ و کارگەریی  بنەڕەتیی و یەکلاکەرەوەی فاکتەری دەرەکیی و چەند  بێ پلانی ستراتیژیین و چەند بە ئاسانیی ئامادەن  ، یاریی بە چارەنووسی نەتەوەوە بکەن و لەسەر مێزی قوماری سیاسی ؛ خەمساردانە چارەنووسەکە بدۆڕێنن  .

بڕیاڕدەرانی ڕیفراندۆم وەکو یاری قومار، مامەڵەیان لەگەڵ  ڕیفراندۆم کرد و نەتەوەی کوردیان خستە بەردەمی شانس و ئەوەیان قۆستەوە کە هەستوسۆزیی نەتەوەیی ؛ پاڵ بەڕێژەیەکی زۆری هاووڵاتییانەوە ئەنێت بۆ بەشدارییکردن، تەنانەت پاڵی بە بەشێک لەوانەش نا ؛ کە بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەکەشیان بە هەڵە و نەگونجاو زانی!

پێش ریفراندۆم پێویست بوو ، لەئاستی دەرەکیی و لەلایەن ناوەندە گەورەکانی بڕیار لەجیهاندا ، بە ئاشکرا یان لەپشتی پەردەوە ؛ پشتگیریی و داکۆکیی  لە بژاردەی ڕیفراندۆم زامن بکرایە ، ئینجا ڕیفراندۆمەکە  ئەنجامبدرایە ، چونکە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و ئەنجامەکەی ؛ هێندەی کارکردن بە ئەنجامەکە و دانپیانان پێی ، گرنگ و کاریگەر نەبوو .

ڕیفراندۆم بە بێ لێکۆڵینەوەی بەرایی و تاوتوێی تێروتەسەل و دەرخستنی دەرەنجام و دوور لەڕاوێژ بە پسپۆڕان و شارەزایانی کاروباری نێودەوڵەتیی  و بێ ئەنجامدانی شیکردنەوەی زانستیی  و داڕشتنی  پلانی ورد ؛ کرایە بڕیار و   دەمارگیرانە جێبەجێکرا ، زیان و دەرەنجامی خراپ و نەخوازراوی زۆری لەچەندین کایەدا دەرخست ، گرنگترینیان دەرکەوتنی ناکامڵیی عەقڵی سیاسیی و ستراتیژیی هەندێک لەسەرکردە دەستڕۆیشتووەکانی ئەو قۆناغە و هەڵەشەیی  و نێرجسییبوون (سەرسامبوون بە خود) و زاڵبوونی میزاج و  تاکڕەوییان بوو،  لەئێستادا ئەو سەرکردانە ،  هەر ئەوە ماوە کە وەکو قومارچییە دۆڕاوەکە؛ بۆ ئەوەی شەق نەبەن ، ئەمانیش بڵێن بەهینمانەوە !!

25/09/2021



وتارەکانی تری نوسەر