خراپیەکانی پڕۆژە یاسای کۆمسێۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن

د. لەتیف مستەفا

پڕۆژە یاسای کۆمسێۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان کە لە بەرواری ١٣/١١/٢٠١٩ لەلایەن حکومەتەوە نێردراوە بۆ پەرلەمان وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ یەکێک لە داواکاریەکانی خۆپیشاندەران لە جیاتی ئەوەی ببێتە ھۆی سەربەخۆکردنی کۆمسێۆن و کەم کردنەوەی گەندەڵی ،دەبێتە ھۆی زیاتر کۆیلەکردنی ،وە ھەروەھا  برەو دان بەگەندەڵی و لەھەمان کاتیشدا پڕۆژەیەکی دژە کوردیشە وەک لە خوارەوە ڕونی دەکەینەوە:


یەکەم /گرەنتی نەکردنی سەربەخۆیی بوون. 

مادەی دوو لە پڕۆژەکە دەڵێت ئەنجومەنی کۆمسیاران لە حەوت ئەندام پێک دێت بەم شێوەیە:
یەکەم /٣ دادوەر پۆلێنی یەکەم ،٢دادوەریان لەلایەن ئەنجومەنی دادوەری فیدراڵی و ١ دادوەریش لەلایەن ئەنجومەنی دادوەری ھەرێمی کوردستان کاندید دەکرێن 

دووەم/ ڕاوێژکارێک خزمەتی ١٠ ساڵ کەمتر نەبێ لەلایەن ئەنجومەنی شوراوە کاندید دەکرێت

سێیەم /دوو پڕۆفیسۆری زانکۆ لە پسپۆڕێتی زانستە سیاسیەکان و کۆمپیتەر کەخزمەتی زانکۆییان لە ١٥ ساڵ کەمتر نەبێ لەلایەن لیژنەی پسپۆڕی پەرەپێدانی ھەردوو کۆلێجی زانستە سیاسیەکان وکۆمپیتەرەوە کاندید دەکرێن

چوارەم/ژمێریارێک کە خزمەتی لە ١٥ ساڵ کەمتر نەبێ لەلایەن دیوانی چاودێری داراییەوە کاندید دەکرێت.

ئەم سەرنجانەی خوارەوە دەخەینە ڕوو: 

وەک دەردەکەوێت ئەم پڕۆژەیە ئەرکی کاندید کردنی ئەندامەکانی کۆمسێۆنی سپاردوە بە دام و دەزگاکانی دەوڵەت وای داناوە کە دام و دەزگاکانی دەوڵەت سەربەخۆو پڕۆفیشناڵ و پیشەیین ،لە بیری چۆتەوە کە سەرجەم دام و دەزگاکانی حکومەتی فیدراڵ و ھەرێمیش بە دەسەڵاتی دادوەری و زانکۆکانیشەوە  لەنێوان حیزبە دەسەڵاتدارەکان لە وەزیرەوە بۆ فەڕاش بەشێوەی پشک پشکێنە دابەش کراون و کۆنترۆڵ کراون وخەلکی پرۆفیشناڵ و سەربەخۆو پیشەیی یان دەرکراون یان پەراوێز خراون و ھەموو جومگەکان بەدەستی حیزبیەکانەوەیە، ھەرکەسێک کاندید بکرێت لەو دەزگایانەدا یەکێک دەبێ سەر بەخۆیان.
 ئەگەر بەڕاستی دام و دەزگاکانی دەوڵەت سەربەخۆوو بێ لایەن بونایە خەلک نەدەگەیشتە ئەو ئاستی نارازی بونە و نەدەھاتە سەرجادە.
بۆیە پێویستە بە دوای خەڵکانێکدا بگەڕێین کە بەڕاستی و بەفیعلی سەربەخۆن نەک ئەندامی دام و دەزگایەک بن کە بە شەکلی سەربەخۆن بەڵام لەواقیعدا وابەستەی حیزبن ، پێویستە سود لە ئەزموونی  دروستکردنی  یەکەم کۆمسێۆن لەساڵی ٢٠٠٤ وەربگرین کە ھاوپەیمانانو نەتەوە یەکگرتوەکان  توانیان لەدەرەوەی دامو دەزگاکانی حکومەت کۆمسێۆنێکی  سەربەخۆ  لەکەسانی  بێلایەن  دروست بکەن.
 
دووەم /ئەم پڕۆژەیە لەجیاتی دژایەتی گەندەڵی برەو بە گەندەڵی دەدا:

لە مادەی حەوتەم بڕگەی دوەم دەڵێ ئەو بەڕێزانەی سەرەوە ئینتیداب دەکرێن بۆ ئەندامێتی کۆمسێۆن ،واتە پێویستە بەھەمان پلەو مووچەی پۆستی خۆیان ئینتیداب بکرێن و دوای تەواو بوونی ماوەی ئینتیدابەکەیان کە چوار ساڵە بگەڕێنەوە سەرکاری پێشویان ،کەچی ئەم پڕۆژەیە بەسەر ئەم ئینتیدابەدا بایداوەتەوەو فێڵی لە خەڵک کردوەو لەمادەی ١٣/دوەم دەڵێت سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمسیاران سەرپشک دەکرێن لە نێوان مووچەو دەرماڵەی پۆستەکەی پێشوی خۆیان یان مووچەو دەرماڵەی ئەوەی وەكیل وەزیر وەری دەگرێت ،لەوەش زیاتر لە بڕگەی سێیەمی ھەمان مادەدا دەڵێت لەکۆتایی ماوەی کارکردنیان لە کۆمسێۆن ،سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمسیاران سەرپشک دەکرێن بە گەڕانەوە بۆ سەر پۆستی خۆیان یان خانەنشین بن بە ڕێژەی ٨٠٪‏ ی ئەو موچەیەی لە کۆمسێۆن وەری دەگرن ،ئەمەش واتەدرێژەدان بەو گەندەڵیەی ھەیە ، پۆستەباڵاکان بەماوەیەکی کەم بە مووچەی باڵا خانەنشین بن ،دەبوایە بە ئیجباری بڵێ دەگەڕێنەوە سەر پۆستی پێشویان.


سێیەم / سەبارەت بە پشکی کورد
سەرەتا دەبێ ئەوە بڵێین ئێمەو خەلکی کوردستانیش دژی پشکپشکێنەی حیزبین بۆ دابەش کردنی پۆستە گشتیەکان  لە عێراق و کوردستانیش بەڵام لەگەڵ ئەوەین کوردو پێک ھاتەکانی تریش ھەریەکەیان پشکی خۆی لە پۆستە گشتیەکان ھەبێ لەسەر بنەمای ئەوەی ئەو پۆستانە بدرێن بەکەسانی شایستە لەسەر بنەمای ململانێ و پێشبڕکێ ، ئەگەر سەیری ئەم پڕۆژە یاسایە بکەین ژمارەی ئەندامانی کۆمسێۆنی کەمکردۆتەوە لە ٩ ئەندامەوە بۆ ٧بەڵام پشکی مسۆگەری کوردی کردوە بەیەک ئەندام واتە نیواو نیو کەمی کردوە ،ئەو ئەندامەش دادوەرێک دەبێت لەلایەن ئەنجومەنی دادوەری ھەرێم دادەنرێت ،ھەموولایەک دەزانن دەسەڵاتی دادوەری لە کوردستان و عێراقیش سەربەخۆ نیەو لەدەستێوەردانی حیزبی بەدور نیە ،لەکوردستان دەسەڵاتی دادوەریش وەک دەزگاکانی تر لە نێوان پارتی و یەکێتی دابەش کراوە،بەڵام کۆنترۆڵی دەسەڵاتەکە بەپلەی یەکەم لە ژێر کۆنترۆڵی پارتیدایە،بۆیە ئەنجومەنی دادوەری لەجیاتی کاندیدکردنی دادوەرێکی بێلایەن و لێھاتوو ئەکید دادوەرێکی سەربەپارتی کاندید دەکات ،ئەمەش سەرەڕای ئەوەی دژی پرەنسیپی سەربەخۆیی کۆمسێۆنە ،لەقازانجی کوردیش نیە،لەناو لایەنەکانی کوردستانیشدا جگە لە قازانجی یەک لایەن لەقازانجی ھیچ لایەنێک نیە


21/11/2019



وتارەکانی تری نوسەر