كاك نه‌وشیروان به‌خێربێیته‌وه
ئاری هەرسین
له پاش ٢٠١٥/٦/٢٣ په‌یوه‌ندی ئێمه‌و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ١٨٠ ده‌ره‌جه له دوو حیزبی هاوپه‌یمانه‌وه بۆ سه‌نگه‌ر لێك گرتن و ته‌نانه‌ت هه‌تا ئاستێكی زۆر نزم له‌سه‌ر تۆڕه كۆماڵایهتیهكان یه‌كتر ناشرین كردن هیچیتر نه‌بوه. ده‌ڵێی هه‌موو ڕێگاكانمان تاقی كردۆته‌وه هیچی سه‌ری نه‌گرتوه، بۆیه له‌سه‌ر تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان جوێن به یه‌كتر ده‌ده‌ین!
به‌درێژایی مێژووی خه‌ڵكی كوردستان فاكته‌ری ناوخۆ (وه‌ك میكانیزمێكی ڕێگر) به‌ربه‌ست بوه له پێناو گه‌یشتن به سه‌رفرازی نیشتیمانی و، هه‌مووجارێكیش ئه‌و فاكته‌ره (په‌رته‌وازه‌یی) ناو خۆمانه. له ئیستادا دیسان بۆ ماوه‌یه‌كی كورت هه‌لێكی زێڕینمان بۆ ڕه‌خساوه و، ئه‌سته‌مه به بیانوی لاوه‌كی له‌كیس خۆمانی بده‌ین.
له‌م ساته‌وه‌خته‌دا، خه‌ڵكی كوردستان نه موحتاجی دیموكراسیه و نه به موئه‌سه‌سات كردنی ئیداره‌ی وڵات. ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی كوردستان پێویستی پێیه‌تی یه‌كڕیزی لایه‌نه سیاسیاكانه له پێناو ئامانجه پیرۆز و زۆر ڕه‌واكه‌ی هه‌مومان كه ئه‌ویش سه‌رفرازی نیشتیمانیه. ئیتر هه‌ر وه‌ك ئه‌حمه‌د موختار جاف ده‌ڵێت (هیوادارم بهیتهكهم به هه‌ڵه نه‌نوسیبێت):
پاش قڕانی مودده‌عی ده‌س پێ ئه‌كا ته‌عمیری موڵك
ڕێگه‌یی ئاسن ئه‌چێته شاخی هه‌ورامانه‌وه
هه‌رچی شت له نێواندا هه‌یه كه پێویستی به گفتوگۆ هه‌یه، و په‌یوه‌ندی به دیدی جیاوازمانهوه هه‌یه له‌سه‌ر هه‌ندێك مه‌سائیلی به‌ڕێوه‌بردنی وڵات با وه‌لای نێین بۆ پاش دامه‌زرانی ده‌وڵه‌ت. چونكه ئه‌و چاكسازیه‌ی ئێمه ده‌مانه‌وێت به‌م فۆرمه‌ی خۆ به‌ڕێوه‌بردن كه ئێمه له باشوری كوردستان هه مانه ناكرێت. موناقه‌شه‌ی زۆر، وزه‌یه‌كی زۆر سه‌رفكردن له‌پێناو خولانه‌وه به ده‌وری بازنه‌یه‌كدا. واته هه‌موو جارێك گه‌ڕانه‌وه بۆ خاڵی ده‌سپێك.
گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌ڕێز كاك نه‌وشیروان جگه له دڵڕوونی بۆ ئه‌ندام و لایه‌نگرانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، لای هه‌ندێك كه‌س وه‌ك چانسێكی هاتنه‌كایه‌ی یه‌كڕیزی له‌م ساته‌وه‌خته مێژووییه هه‌ستیاره لێك ده‌درێته‌وه. بێگومان ئه‌م لێكدانه‌وه‌یه مه‌نتیقی تێدایه. بۆیههیوادارم كاك نه‌وشیروان وه‌ك فهكتهرێكی به‌رچاوی سیاسی له كوردستان، درێغی نه‌كه‌ن له ئه‌وه‌ی ڕۆڵی ئیجابی خۆیان ببینن. با هیچ نه‌بێت هه‌تا مه‌قسه‌دی ده‌وڵه‌ت پێكه‌وه بین، ئیتر پاش ئه‌وه هه‌ر كه‌س به ڕێگای خۆی. ده‌وڵه‌ت و ڕیفراندۆمهكهشی كه بۆی ده‌كرێت، نابێت وه‌ك موڵكی یه‌ك لایه‌نی سیاسی سه‌یر بكرێت. ئه‌م ئامانجه، ئه‌م ئه‌ركه هه‌مومان خاوه‌نین، به هه‌موشمان ده‌بێت بیپارێزین.
ئاری محه‌مه‌د هه‌رسین
٢٠١٧/٥/١٣
13/05/2017
وتارەکانی تری نوسەر