بەندە و دوکتۆر بەرهەم و، چەند شتێکیتر

ئاری هەرسین
تەکنۆلۆژیای زانیاری وەک هەموو جۆرەکانی تری تەکنۆلۆژیا، دوو ڕووی باش و خراپی هەیە. ئەتوانی لە ووزەی ئەتۆم کارەبا بەرهەم بهێنیت، ئەشتوانی بۆمبای لێ دروستکەیت و بەسەر خەڵکی هیرۆشیما و ناکازاکیا بیبارێنیت. فەیسبوکیش وایە، ئەتوانی وەک ڕۆژنامەیەکی شەخسی بەکاری بهێنیت، ئەشتوانی درۆ و دەلەسەی پێ بڵاوکەیتەوە و خەڵک چەواشە بکەیت.

دیسانەوە ڕۆژنامەنوسە بەڕێزەکان پەیوەندیمان پێوە ئەکەن و ئەپرسن: کە ئایا ڕاستە بەندە پەیوەندیم بە دوکتۆر بەرهەمەوە کردوە و بەشێکم لە لیستەکەی بەڕێزیان؟ هەرچەندە بەندە پێشتر وەڵامی ئەم پرسیارەم داوە تەوە، بەڵام ئەوا جارەکیتر و بۆ دواجار وەڵامی ئەو پرسیارە ئەدە مەوە و قسە لەسەر هەندێک شتی تریش ئەکەم.

لەدوای داگیرکردنی کەرکوک لە ٢٠١٧/١٠/١٦، ئەویش لە ئەنجامی ڕادەست کردنی شارەکە لە لایەن کۆمە ڵێک خۆفرۆشەوە، وەک کەسێکی پێشمەرگەی ڕێبازی کوردایەتی فراکسیۆنی نەتەوەییمان لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان جیاکردەوە. بەڵام بە هیچ جۆرێک نامەی دەستلەکار کێشانەوەم لە پارتی دیموکراتی کوردستان بە هیچ ئۆرگان و تاکە یەک کەسی ناو پارتیش نەداوە. هەر بۆیەش ئەگەر بڕیاربێت خۆم لە هەر هەڵبژاردنێکدا کاندید بکەم، ئەوا ئەو لیستە تەنیا پارتی ئەبێت و بەس، چونکە بەندە ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستانم. ئیتر لەسەر ئەم سەرکێشیە کۆنگرەی ١٤ بڕیار ئەدات و هەر لە ئێستاشەوە گەردنی ئازا بێت. لەسەر کاک دوکتۆر بەرهەمیش، هیچی وا بە پێویست نازانم بیڵێم، هە تا ئەو کاتەی کە کاک بەرهە م (بە ناوهێنان) هێرش نەکاتە سەر حیزبەکەی من و قسەی نابەجێ و ناحەق و ناڕەوای پێ نەڵێت. ئەگەر کاک بەرهەم ئەوەی کرد، ئەوا بەڕێزیان ئێمە بۆ (موشاجەرەیەکی) ئاشکرا ( دەعوە ت) ئەکات، بەندەش بە دڵنیاییەوە ئەو (دەعوەتە) ڕە ت ناکەمەوە.

مومارە سەی دیموکراسی

مووچە لە بەرامبەر (کار، یان هەر خزمەتگوزاریەکیتر) مافی ئینسانە و خێر و سەدە قە نیە خاوە ن کار (ئیتر ئەگەر حکومەت بێت یان کۆمپانیایەکی ئەهلی) بە مووچەخۆری بکات. ئینسان بۆ بەڕێوەچوونی بژێوی ژیان پێویستی بە دەرامەتە. ئەگەر ئەو دەرامەتە لە ئان و کاتی خۆیا بەردەست نە بوو، ژیان زۆر سەخت ئەبێت. هەر بۆیەش ناڕەزایی مووچوخۆران لە بەرامبەر پاشە کەوت و دواکەوتنی مووچەکانیان مافی سەرەتایی خۆیانە.

هەموو جۆرە بێ ڕێزیەک بەرامبەر بە مووچەخۆری ناڕازی، بێڕێزیە بەرامبەر بە حکومەت و پارلەمانی کوردستان. ئەبێت ئەو کەسانەی کە قانونیان شکاندوە و بێڕێزیان بەرامبەر بە مووچوخۆرانی ناڕازی کردوە بەرەو ڕوی قانون بکرێنەوە و بە سادە و ساکاری لەو تاوانەی کردویانە ڕزگاریان نەبێت.

بەڵام کەسێکی سەلەفی جیهادی کە گوتاربێژی مزگەوتێک بوبێت لە هەولێر و بە گوتارەکانی ڕۆژی هەینی و (ڕێکخستنی نهێنی) مێشکی دەیان گەنجی ئەم شارەی شتبێت و ڕەوانەی لای داعشی کردبن بۆ ئەوەی پێشمەرگەی دیل سەر ببڕن، ئینجا پاش ئەو هەموو بێڕێزیەی بەرامبەر پیرۆزیەکانی مەزهەبی شیعە دەیکات لە بەغدا ماستاو بۆ شیعەکان سارد بکاتەوە و لە هەولێریش خاڵک هان بدات بڵێن: بڕوخێت دز… ئەم کردەوەیە ناچیتە بابی دیموکراسیەوە. ئەمە ئیرهابی فکریە و ئەنجامەکەشی کوشت و کوشتار ئەبێت و هیچیتر

زۆر جار ئەم مەسەلەیەم باس کردوەو ئەم جارەش ئەیڵێمەوە. ئەم خۆپیشاندانانە پلان بۆ داڕێژراون، ئەویش نەک بە مەبەستی پشتیوانیکردن لە مافە ڕەواکانی مووچەخۆرانی کوردستان، بە ڵکو بۆ سێ مەبەستی زۆر ڕوون:

یەکەم: بانگەشەی هەڵبژاردنی پارلەمانی عێراقە

دووهەم: پوکاندنەوەی (ئیدارەی سیاسی) هەرێمی کوردستان و کردنەوەیەتی بە چەند پارەزگایەک (وەک سەردەمی سەددام)

سێهەم: سەرکەوتن لەو دوو خاڵەی پێشوو، واتە پوکاندنەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان و بناماڵەی بارزانی، نەک سەروەریی میللی و خۆشگوزەرانی بۆ خەڵک

بە کوردیەکەی، ئاساییە هەرێم نەمێنێت… و کورد ٣٠ ساڵ بگەڕێتە دواوە بۆ سەردەمی ئەنفال، بەس بەمەرجێک بناماڵەی بارزانی و پارتی لە نەخشه ی سیاسی خۆرهاڵاتی ناوەڕاست بسڕێنەوە… کە ئەوەش خەیاڵێکی هەرزانە و خاوە

29/03/2018



وتارەکانی تری نوسەر