چاوشئۆغڵوو سبەینێ بۆ ٤ ئامانج دێتە عێراق

سەلاح خدر

بڕیارە سبەینێ مەولود چاوشئۆغڵوو بێتە عێراق ئامانجی سەردانەکەی چاوشئۆغڵوو لە ٤ خاڵدا خۆی دەبینێتەوە.

١- گفتوگۆ لەسەر بڕیاری پەرلەمانی عێراق بۆ کردنەدەرەوەی هێزە بیانییەکان، چونکە هەر لە دوای بڕیارەکە چاوشئۆغڵوو گوتی ئەو بڕیارە ئێمە پەیوەندیدار ناکات، هەربۆیە هەوڵی مانەوەی هێزەکانی خۆیان دەدەن، بەڵام ئەگەر بڕیارەکە بەکرداری بکرێت مانەوەیان مەحاڵ دەبێت، چونکە جیاواز لە هێزە بیانیەکانی دیکە بوونی هێزی تورکی لە عێراق بەتایبەت لە بەعشیقە لەلایەن عیراقەوە وەک داگیرکەر حسابی بۆ دەکرێت.

2- چاوشئۆغڵوو دێتە هەرێمی کوردستان یان نا؟ ئەوە هێشتا ڕوون نەبوەتەوە، بەڵام وەک بینیمان کوردان و بەشێک لە سوننەکان بەشداری دانیشتنەکەی پەرلەمان نەبوون بۆ دانی بڕیاری کردنەدەرەوەی هێزە بیانییەکان، تورکیا دەیەوێت لەڕێی کورد (بەتایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان) سوننەکان و بەرەی تورکمانەوە هێزێک وەک کوتلەیەک بەفۆڕمێکی نوێ لەگەڵ ڕەوشەکەدا دروست بکاتەوە بۆ پراکتیزەکردنی پیلانەکانی کە خۆی لە جێبەجێکردنی پەیمانی میساقی میلی دا دەبینێتەوە (سودوەرگرتن لە ئاڵۆزییەکانی عێراق و دەستگرتن بەسەر موسڵ و کەرکوک) دا.

3- تورکیا تا ئێستا لەنێوان ئەمەریکا و ئێران گەمە دەکات، بەڵام دەبێت خۆی یەکلابکاتەوە، بۆ ئەوەش دەیەوێت فریودانێک بکات و لەڕێی عێراقەوە پەیامێک بۆ ئێران بنێرێت، هاتنی چاوشئۆغڵوو دوای سەردانی پوتین بۆ تورکیا و دیداری تەلەفۆنی سێرگی شویگۆف وەزیری بەرگری ڕووسیا لەگەڵ هاکان فیدان ڕاوێژکاری میتی تورک دێت، ئەوەش کۆمەڵێک پەیامی دیکەی لەخۆگرتووە.

4- لە دوای سودان پیلان و ستراتیژی تورکیا لە لیبیاش تێکچوو، بۆیە دەبێت ڕووبکاتە جێگەیەکی دیکە و قەرەبووی ئەو شکستە بکاتەوە، لەبارترین جێگەش بۆ ئەو لە ئێستادا عێراقە.


08/01/2020



وتارەکانی تری نوسەر