كرۆكی كێشەكە لەكوێدایە؟ چی لەناوچەكەدا دەگوزەرێت؟

د. کامەران مەنتک
ئەمڕۆ پەرلەمانی ئێراق كۆدەبێتەوە، ڕێژەی یاسایی تەواو دەبێت یاخود نا، كاندیدەكەی پارتی دەردەچێت یا هی یەكێتی، ئەگەرچی ئەو پرسیارە ستۆكانە هەموو میدیای كوردی‌و مێشكی نووسەرو شرۆڤەكارو سیاسەتمەدارو ... هتد خەریك كردووە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرسامیە، ئەو مەسەلەیە دیوی دەرەوەی ململانێكانەو هەرگیز كرۆكی كێشەكە نیە! كرۆكی كێشەكە ئەوەیە، كە لەپشت پەردەوە چی دەگوزەرێت!.
 
لەسەر ئاستی هەرێمی‌و نێودەوڵەتیدا لەئێستادا دۆخەكە بەقۆناغێكی هەستیاردا تێدەپەڕێت، ڕوسیا هەنگاوە مەترسیدارەكەی ناوەو شەڕی ئۆكرانیا درێژەی هەیەو تادێت ئەو شەڕە ئاڵۆزترو چڕتردەبێتەوە، بۆیە لەبەرژەوەندی ڕوسیادایە بەرەی شەڕەكە فراوانبكات، ناتۆ بەردەرگای ئەوروپای گرتووە، ئەمە وادەكات ئەگەری پەڕینەوەی شەڕەكە بۆ ئەوروپا تاڕادەیەكی زۆر ئەگەرێكی دووربێت، لاوازترین گۆڕەپان بۆ گواستنەوەی شەڕەكە بەرەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، وەك ئەوەی ڕوسیا دوای داگیركردنی نیمچە دورگەی كریم كردی، گۆڕەپانێكە زیانی ڕاستەوخۆی بۆ لایەنە سەرەكیەكانی ململانێیە جیهانیەكە كەمترە، هاوكات ئەگەری فراوانبوونی جەنگەكەش بۆ جەنگێكی جیهانی زۆر كەمتر دەكاتەوە، بۆیە دەبێت چاوەڕوانی ڕووداوێكی سەرسوڕهێنەربین لەناوچەكە.

ئەمشەو حوسیەكان سەرچاوەكانی وزەیان لەشانشینی عەرەبی سعودیە كردە ئامانج، واتە سەرەتای قۆستنەوەی دەرفەتەكەو زیادكردنی فشارەكانی لەلایەن ئێرانەوە دەستیپێكرد، دیارە ئەمە هێرشی تری بەدوا دادێت ڕەنگ بێت، لێدانی نوێ جارێكی تر لەهەولێر بێت، بەهۆی ئەو هەوڵە چڕەی لەبەغدا هەیە بۆ بڕینەوەی دەستی ئێران لەئێراق. توركیا لەچەند تەوەرێكەوە یاریەكی ترسناك دەكات، لەلایەك لەپەرلەمانی ئێراق لەڕێگای دروستكردنی بەرەی ڕزگاری نیشتمانی (پارتی‌و سەدریەكان‌و سونە) وانیشان بدات دەیەوێت ئێراقێكی نوێ‌و بەهێز بونیاتبنێتەوە، دیارە بونیاتنانەوەی ئێراقێكی بەهێز هەرگیز لەبەرژەوەندیی كورد نییەو واتای گەڕاندنەوەی دۆخی جیۆپۆلەتیكی قۆناغی شەڕی ساردە، لەلایەكی تر توركیا هێزی كۆكردۆتەوەو دەیەوێت هەردوو پڕۆسەی چنگی پڵنگ‌و چنگی هەڵۆ، كە لەساڵی (2020) دەستیپێكرد، تەواوبكاتەوەو پەلاماری پارتی كرێكارانی كوردستان، یاخود وردترو ڕاستر باشووری كوردستان بداتەوە پانتاییەكی تر لەڕووی سەربازیەوە بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ بخاتەوەسەر وڵاتەكەی، واتە بەشێك لەو پشتێنەیە تەواوبكات، كە ناوی ناوە پشتێنەی ئارام كە لەسەر دەریای سپی ناوەڕاستەوە لەڕۆژئاوای كوردستان دەستپێدەكات، تادەگاتە دوا خاڵی سنوورەكانی خۆی لەگەڵ ئێراق.

بەرامبەر ئەو گۆڕانكاریە مەترسیدارانە مەسەلەی پۆستی سەرۆك كۆمارو ئەو ململانێیەی لەبەغدا دەگوزەرێت، تەنیا دیوێكی ڕووكەشی دۆخەكەیە، لەبنەڕەتدا ململانێیەكە ململانێیەكی خێڵەكی دواكەوتووە لەنێوان دوو بنەماڵەی سیاسی كە شەڕ بۆ دەستكەوتی مادی‌و حیزبی خۆیان دەكەن‌و هیچ پەیوەندیەكیان دوورو نزیك بەكوردو مەسەلەی كوردەوە نەماوە، بگرە تەنها هەوڵیكە بۆ خەریككردنی كوردو دوورخستنەوەیەتی لەتێگەیشتنی ئاڕاستەی سەرەكی ڕووداوەكان!. ئەو پۆستە بۆ پارتی بێت یاخود یەكێتی، جگە لەدانانی پێگەیەكی كارتۆنی هیچی تر لەمەسەلەكە ناگۆڕێت.

ئەوەی گرنگە لەدوو توێی ئەو ململانێیە ئاڵۆزەدا، پلانی سەرەكی داڕشتنەوەی نەخشەی ناوچەكەیەو بەگوێرەی ئەو هاوسەنگیەی لەدروستبووندایە، وەك زۆرجاری تر ئاماژەمان پێكردووە، لەبەرژەوەندی كورددانییە، لەجیاتی ئەوەی خەڵكی كوردستان خۆیان بەو گەمە سیاسیە ساختەو ڕووكەشەی بەغدا خەریك بكەن، وا باشترە بیر لەوەبكرێتەوە لەدەرەوەی ئەو هێزانە چۆن ستراتیژێكی نیشتمانی دوورمەودا دابنرێت، ئەمجارەیان بەتووڕهەڵدانی مێژووی سەد ساڵەی دوایی، قۆناغێكی جیاوازو لەسەر بنەمایەكی جیۆستراتیژی جیاوازتر دەستپێبكرێت، بۆئەوەی خەڵكی كوردستان بۆ قۆناغی نوێ ئامادەبكرێت.

26/03/2022



وتارەکانی تری نوسەر