راپەڕین..لەڕاونانی بەعسەوە بۆ بەعەرەبكردنی كوردستان!

د. کامەران مەنتک


یەكێك لە ئامانجەكانی راپەڕین، دەركردنی بەعس ورژێمی بەعس بوو لە هەرێمی كوردستان، كە هیچ تاوانێك نەمابوو دەرهەق بە خەڵكی كوردستان نەكەن، تاوانگەلێك، كە ئەو كەسانەی لەو قۆناغەدا نەژیابن، ئاستەنگە لەقووڵی وگەورەیی ئەو تاوانانە تیبگەن، بەڵام لەپاڵ ئەوەدا، چەند خاڵێكی تری گرنگ هەیە، نابێت فەرامۆش بكرێت، ئەویش ئەوەیە، كە تەنیا خەڵكی ستەمدیدەی كوردستان بوو بەرامبەر بەعس بەو شێوەیە داخ لەدڵ بوو، چونكە هەر ئەوان بوون پشكی شێریان لە زوڵم وزۆرەكانی بەعس بەركەوتبوو، ئەگینا ئەوانەی تر، كە خۆیان وەك حیزب وهێزی شۆڕشگێڕ دەناساند وبەروكەش دژی بەعس وەستابوونەوە، بەشێوەیەك لەشێوەكان لینكێكیان لەگەڵ بەعس دا هەبوو، تەنانەت بەشێك لەسەركردەكانیشیان زۆر بەكەسایەتی (سەدام حوسێن)، ئەو دیكتاتۆرەی پلانی لەناوبردنی هەموو كوردی داڕشتبوو سەرسام بوون، هیوایان دەخواست رۆژێك لە رۆژان بەدیداری جەنابیان شاد ببن، بەشێك لەو بەڵگەنامانەی دوای رژێمی بەعس كەوتە دەست خەڵكی كوردستان، دەڵێم بەشێك، چونكە زۆرینەی بەڵگەنامەكان یا لەلایەن ئەو شۆڕشگێرە نهێنیانەوە لە رۆژی راپەڕیندا سووتێنران، یاخود لەلایەن دەزگاكانی بەعسەوە وەك ئەمانەت لایان هەڵگیرا، یاخود دوای پاككردنەوەیان و دەرهێنانی ناوی خۆیان فرۆشتیانە ئەمریكییەكان، ئەو كەمە بەڵگەنامەیەی مایەوەو كەوتە دەست خەڵكی كوردستان، ئەوەی روونكردەوە، كە ژمارەیكی زۆر لە فەرماندە شۆڕشگێڕەكانی شاخ، لە ژێرەوە قارەمانی ئازاو چاو نەترسی بەعس بوون، لەیەكەم رۆژی راپەڕین لە رانییە، وەك هەندێك سەرچاوە، كە لەناو رووداوەكاندا بوون بۆیان باسم كردم، خێرا ئەو تاوانبارانەی بەعسیان لەناوبرد، كە زانیاریان دەربارەی ئەو خەباتگێرە نهینیانەی بەعس لابوو و وەك شۆڕشگێڕو وڵاتپارێز لەناو ئاپۆڕەی خەڵك وەستابوون،  بۆئەوەی نهینییەكان ئاشكرا نەكات، تەنانەت هەندێك لەوانە دەیانویست راستییەكان بۆ خەڵكیش روونبكەنەوە، بەڵام خێرا خرانە بەر سەرەنیزەی خەڵكە سادە تووڕەكەو لەناو بران!!!.

بەم چەشنە راپەڕین، بەرووكەش بۆ دەركردنی بەعس بوو، خەڵكیش لە دەركردنی بەعس قازانجی دەكرد، بەڵام بەڵام بەشێكی زۆر لەبەناو سەركردەو هێزەكانی شاخ لەمەدا زەرەمەند دەبوون، لەبەرئەوەی كاسبیەكەیان لەگەڵ بەعسدا بوو، هەر دوای كشانەوەی بەعسیش لە كوردستان، خێرا پەیوەندیان لەگەڵ بەستایەوەو لەنێوان منالەكانی بەرپرس وبنەماڵە سیاسییەكانی كوردستان، پەیوەندییە برایەتیەكانیان لەگەڵ لەگەڵ بەرپرسان و تەنانەت لەگەڵ مناڵە دڕندەكانی دیكتاتۆری ئێراق برەوی زیاتر پێدراو بوون بە هاوڕێی گیانی بەگیانی! دوای رووخانی رژێمی بەعسیش، دەروازەی كوردستان بۆ بەرپرسە تاوانبارەكانی بەعس كرایەوە وبە پارەی دزراوی خەڵكی ئێراق بوونە سەرمایەدارو بزنسمانی گەورە لە هەرێم وبەشیكیشیان خانوو وشوێنی حەوانەوەیان بۆ دابین كراو مووچەیان بۆ بڕایەوە، واتە بەعسیە كوردەكانی شاخ بە هانای برا بەعسییە عەرەبەكانیاوە چوون و لە رۆژی تەنگانەدا بەكەڵكیان هاتن، ئەمە ئەو لاپەڕە رەشەیە، كە لەیادی راپەڕیندا پێویستە خەڵكی كوردستان یادی بكاتەوە، كەچی جێگەی سەرسامییە، دوای زیاتر لە سی ودوو ساڵ لە راپەرێن، هێشتا ئەوانەن، كە راپەڕینیان فرۆشتن وكوردستانیان تەعریب كرد، وتاری ئاگرین دەدەن وداوای پاراستن ورێزگرتن لەدەستكەوتەكانی راپەڕین، دەكەن، لەكاتێكدا خۆیان دەستكەوتەكانی راپەڕینیان چرووك وهەرزان فرۆش كرد و تا ئێستاش وەك داگیركارێكی دڵڕەق مامەڵە لەگەڵ كوردو خاكی كوردستان دەكەن!!!

06/03/2023



وتارەکانی تری نوسەر