حكومەتی هەرێم و بەسەرهاتەكەی ئەبوعەلای معەری

د. کامەران مەنتک
گەورە شاعیر و هزرمەندی عەرەب ئەبوعەلای معەری رۆژێكیان نەخۆش دەبێت و دەچێتە لای وەك خۆیان دەڵێن حەكیم، كە دەكاتە دكتۆری ئێستا، حەكیمەكەش دوای پشكنین پێی دەڵێت چەلاوی(ئاوی گۆشتی) باڕكە (فروج) بخۆ باشە، ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت بۆ چەلاوی فروجی باشە، چونكە فروج لاوازو بێهێزەو بەئاسانی دەیگری وسەری دەبڕی، بۆ ناڵێی بڕۆ چەلاوی شێری بخۆ باشە. 

ئیدی ئەوە سوننەتی ژیانە، وەك یاسایەكی دارستان، بەهێزەكان هەمیشە بێهێزەكان دەچەوسێننەوەو لرفیان دەكەن، ئێستا ئەگەر تەماشای كارەكانی حكومەتی هەرێمیش بكەین، رێك بەو چەمكەی ئەبوعەلای معەری كاردەكات، دەست بەرداری دزە گەورەكان بووە وبەناو كەوتۆتە گیان دزەبچوكەكان. 

هەموو چاكسازییەكەی لەوەدایە، ئێخەی فەرمانبەرە هەژارە رااستەقینەكانی گرتووەو وازی لەو هەزاران بن دیوارە هێناوە، كە لە پەنای حیزبەكاندا بە نایاسایی و بە بێئەوەی كار بكەن، قوتی خەڵكی كوردستان دەخۆن، كەسێك لەسەرئەوەی گۆڕانكارییەكی بچووكی لە ئۆتۆمۆبیلەكەی كردووە، بە پێنح مانگ حوكم دەدات، كەچی كەسی یەكەمی حزبێك بە ئاشكرا، ناوی چەند حزبێكی تر دێنێت، كە گوایا بۆئەوەی ململانێی پارتی ویەكێتی بكەن وببنە ئەلتەرناتیڤ.

وەك خۆی دەڵێت بەیەكەوە چوونەتە ئێران و زیاتر لە ملیۆنێك دۆلاریان لەو وڵاتە وەرگرتووە. 

بەبێئەوەی كەسێك، دەسەڵاتێك، هێزێك، رۆشنبیرێك، دادگایەك، حكومەتێك هەبێت، بڵێت كاكە ئەمە خیانەتی نیشتمانییە حزب چۆن دەبێت لە دەرەوەی وڵاتەكەی بە ئاشكرا پارە وەربگرێت، باشە بەارمبەر چی ئەو پارەیە وەردەگرێت و ئامادەیە چی بۆ ئەو وڵاتە بكات، خۆ ئێران دەزگایەكی خێرخوازی نییەو لە راهی خوا ملیۆنان دینار ناداتە خەڵك!.

بزانن كۆمەڵگەی كوردی لە چ كارەساتێك و نادادپەروەررییەكدا دەژیت، حیزبی كوردی، (واز لەو دەسەڵاتە بێنە، كە رووی باسكردن ورەخنەلێگرتنی نەماوە)، كە خۆی بە ئۆپۆزسیۆن ئەلتەرناتیڤ دەزانێت و رەخنە دەگرێت، كەچی بە رۆژی رووناك لە دەوڵەتێكی تر پارە وەردەگرێت و بەئاشكراش، بە بێئەوەی شەرمیش لەخۆی بكاتەوە، بگرە شانازیشی پێوە دەكات وبە بێ هیچ دوودڵییەك لەبەردەم كامیرای میدیاكان باسی دەكات، باشە ئەگەر ئەو جاشایەتییە بەو راشكاوییە بگێڕێتەوە، دەبێت ئەوەی نایگێڕێتەوە چی بێت و چ شەرمەزارییەك و چ تاوانێك بێت، لەوەش سەیرتر ئەوەیە. 

ئەو ئابڕووچوونە سیاسییە هەر وا بە ئاسانی تێدەپەڕێت و نە رای گشتی دەجولێنێت ونە حكومەت و نەداواكاری گشتیش نقەیان لێوە نایەت، دیارە ئەوانە ئەو شێرەن، كە ئەبوعەلا باسی دەكات، چارەسەرییەكەی حكومەتی هەرێمیش تەنیا بەچەلاوی فڕوجییە! بەراستی لە سەردەمێكدا دەژین، پڕ بەپێستی وشەكە، سەردەمی تاریكی هەرێمە، بۆیە ئەگەر مێژوونووسان لە ئایندەدا باسی ئەو قۆناغەی ئێستا بكەن، پێویستە ناوی بنێن كوردستان لە قۆناغی تاریكیدا!.

05/05/2023



وتارەکانی تری نوسەر