ئۆپۆزسیۆنی بێدەنگ وەک زۆرینەیەکی سیاسی

عومەر عەلی
گەر سەرنج لە سیستمی حوکمڕانی بدەین لە هەرێمی
 کوردوستان ،لەبەر ئەوەی بە ئاراستەیەک نەڕۆیشت کە دەمەزراوە دیموکراسیەکان گەشە بکەن،نەبوە هۆی لەیەکتر جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان،ئۆپۆزسیۆنیش وەک یەکێک لە بنەماکانی دیموکراسی نەیتوانی ببێتە یەکێک لە پێکهێنەرە دان پێدانراوەکان لە لایەن حکومەت و پارتە حوکمڕانەکان،
یەکێتی و پارتی لەو ڕۆژەوە کە جڵەوی حوکمڕانیان گرتۆتە دەست،لەلایەک جوگرافیای کوردوستانیان دابەش کرد ،لەلایەکی تر هەمو جومگەکانی حوکمڕانیان دابەش کرد،لەم نێوانەدا بۆشاییەکیان نەهێشتەوە بۆ لایەنێکی سیاسی تر ،هەر بەوەشە وە نەوەستان بەڵکو بەردەوام بەهەمان عەقڵیەتی شاخ لە هەوڵی سڕینەوەی یەکتریشدا بوون.ئەمانە نەک پارتێکیتری ئۆپۆزسیۆن قبوڵ ناکەن ،بەڵکو یەکتریشیان قبوڵ نیە،کەواتە لەژێر سایەی ئەم دۆخە ناهەموارەدا ئەو فرەییەسیاسیەش کە قبوڵیان بوە تەنها بۆ ئەوەبوە کەبڵێن سیتمەکە دیموکراسیە ،نەک وەک بنەمایەکی دیموکراسی سەیری بکەن و ئامادەی ئاڵوگۆڕی دەسەڵات بن.
لەبەر ئەوە هەر لە سەرەتاوە فرەیی سیاسی زەمینەیەک نەبوە بۆ دروست بوونی زەمینەی کاری ئۆپۆزسیۆن ،چونکە بەهۆی ئەو دابەش بوونەوە دەبوایە پارتەکانی تریش پشتیوانی لە پارتی یان یەکێتی بکەن،ئەگەر ئەوەشیان نەکردایە دەکەوتنە ژێر فشاری جۆر بەجۆر هەتا لێدان و سوتاندنی بارەگاو تیرۆرو زیندانی،بەڵام سەڕای ئەوەش جۆرێک لە ئۆپۆزسیۆن هەر هەبووە.بەڵام ئەو ئۆپۆزسۆنە نەیتوانیوە لە ئەو ژینگە سیاسیە دەربچێت کە یەکێتی و پارتی هەریەکە لە  ناوچەی خۆیان ڕەنگیان بۆ ڕشتوە،
لەژێر سایەی ئەم بارودۆخەدا پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان  نەیانتوانیوە ببنە جێگەی ئومێدی خەڵک،بەڵام لە لاییەکیترەوە ،جۆرێکیتر لە ئۆپۆزسیۆن لە هەلو مەرجی تایبەتدا دروست بووە،وەک بزوتنەوەی گۆران کە بوە جێگەی ئومێدی خەڵک ،بەڵام لەبەر ئەوەی ئەویش لە هەناوی یەکێتیەوە هاتبوو هەڵگری هەمان ئەو ماکانەبون کەیەکێتی گرفتار کردبوو،دواجار توشی گۆڕانیش بوو ،لەلایەکی تر کەم ئارامی و بەشداری لە حکومەتێکی گەندەڵ  تەواوی خەڵکی نائومێد کردو خەڵکیش لە هەڵبژاردنی ٢٠٢٠ی ئەنجومەنی نوێنەران تۆڵەی لێ کردەوە،جوڵانەوەی نەوەی نوێش کە لە سەر شکستی گۆڕان دروست بوە ،دەسەڵات هەست بەترس ناکات لێی،ئەویش لەبەر ئەوەی خاوەنی هیچ دامەزراوەیەک نیەو تەنها کەسێک ڕابەرایەتی دەکات و خۆیشی بازرگانەو هیچ ئەزمونێکی کاری سیاسی نیە ،لەبەر ئەوە ئاسانتر بە چارەنوسی گۆڕلنی دەگەیەنن،
ئەوەی جێگەی سەرنجە ئێستا بە ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتەوە خاوەنی 27% ی دەنگی هاوڵاتیانیانیان بەدەست هێناوە ،واتە ،73%ی دەنگدەرانی کوردوستان دەنگ نەبە حوکمڕانان نەبە ئۆپۆزسۆن نادەن،کەواتە لێرەوە هەست دەکەین کە ئۆپۆزسیۆنێکی بێ دەنگ هەیە ئەمانە ڕێکخراو نین لافیتەی سیاسیان نیە بەڵام لە نێو کۆمەڵگەدا چالاکترین گروپی کۆمەڵایەتین ،ئەمانە زۆرینەی خەڵکی خوێندەوارو پزیشک و ئەندازیارو مامۆستاو فەرمانبەرو خەڵکی سەرشەقامن،بەبەردەوامی ڕەخنە لە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن دەگرن،بڕوایان بە کەسیان نیە،
لێرەوە دەگەینە ئەو ڕاستیەی کە چۆن دەسەڵات ڕولە کەمیە لە هەمان کاتدا ئۆ پۆزسیۆنیش هاو شێوەیە،چونکە دەشێت لە ئێستادا دەنگێکی ئۆپۆزسیۆن زیاد بکات بەڵام ئەو دەنگە لە جەماوەری ئۆپۆزسیۆنێکی ترەوە بۆی دێت نەک لەوەوە بێت کەڕێژەی بایکۆت کەمی کردبێت ،
کەواتە ئەم جەماوەرە ڕازی نیە لەم ئۆپۆزسیۆنەو هاو شێوەی دەسەڵات ئەویش بایکۆت دەکرێت،
ڕەخنەگرتن لە ئۆپۆزسیۆن و گەڕان بەشوێن ئەو هۆکارانی کەبۆتە هۆی بایکۆت و دەنگ پێنەدانی، دەبێت قسەی لە سەر بکرێت.خاڵە لاوازەکانی ئۆپۆزسیۆن هاو شێوەی دەسەڵات،ئێستا لای خەڵک ڕوونە .گرنگترین خاڵێک ئەوەیە پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان ناتوانن تاسەر لە بەرەی خەڵکدا بمێننەوەو تا ئێستا بە کورسیەکی کەمی پەڕلەمانی بەشداری حکومەتیان کردوەو خەڵکیان بەتەنها جێهێڵاوە،لەلایەکی ترەوە ناتوانن بەتەواوی لە حوکمڕانان دابڕێن واتە پێیەکیان لای دەسەڵات بوەو بەتەواوی لێی دانەبڕاون.لەلایەکی تریش لەنێو یەکدا بەردەوام لە ململانێدابوون و نەیانتوانیوە بەرەیەکی ئۆپۆزسیۆن دروست بکەن .بەم شێوازەش هەرچەند یەکێتی و پارتی کەمینەن بەڵام هەر ئەوان لە هەڵبژاردنەکاندا دەردەچن،
کەواتە لە ئێستادا هاوشێوەی حوکمڕانان ئۆپۆزسیۆنیش جۆرێک لە بایکۆتی لەسەرە،بەڵام ئایا ئۆپۆزسیۆن هەست بەو ڕاستیە دەکات و ئامادەی بەخۆدا چونەوەی هەیە؟ یان ئەویش هاوشێوەی دەسەڵات گاڵتەی بەڕەخنەو ناڕەزایەتیەکان دێت،؟
پوختەی بۆچونەکان ئەوەیە خەڵک چاوەڕێی ئۆپۆزسیۆنێکی نوێیە بە فۆرمێکی نوێوە کە هەڵەکانی پئش خۆی دوبارە نەکاتەوەو ڕاستگۆیانە ڕابەرایەتی خەڵک بکات و هەتا دو مەنزڵ لەگەڵیدا بێت و لێی جیانەبێتەوە.

01/09/2023



وتارەکانی تری نوسەر