مەترسیدارتر لە مووشەک و درۆنەکان .

عومەر عەلی
پاش ئەوەی شاری هەولێر کەوتە بەر هێرشی درۆن و مووشەکەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، حوکمڕانانی هەرێمی کوردستان لە هەوڵی ئەوەدان کە ئەم ڕووداوە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی گەورە بکەن و وەک هەڕەشەیەک لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان و گەلەکەی لە قەڵەمی بدەن ،لەم ڕێگەیەشەوە هەوڵ دەدەن ڕێگەی پێ بگرن. ڕاستە وڵاتانی ئیقلیمی لە ڕێگەی درۆن و بنکەی سەربازی و مووشەک و هێرشە سەربازییەکان بەردەوام ویستویانە ببنە هەڕەشەیەکی جیدی لەسەر قەوارەی هەرێم و گەلەکەی.  لەم ڕێگەیەشەوە بەردەوام لە هەوڵی لاوازکردن و دروستکردنی ناکۆکی و لاوازکردنی ڕیزەکانی هێزەکاندابوون لە هەرێمی کوردستان بەڵام ئەو هەڕەشانە بە نیسبەت گەلی کوردستانەوە شتێکی تازە نین، چونکە گەلی کورد بە هۆی دەوڵەتە داگیرکەرەکانەوە تووشی جینۆساید و ڕاگواستن و تەعریب و تەتریک و تەشەیوع بوونەتەوە ،بەڵام دواجار کورد هەر بە سەربەرزی ماوەتەوە و لە هەر چوار پارچەکەدا وەک کورد پارێزگارییان لە کورد بوونی خۆیان کردووە، بەڵام ئەوەی لە هەموو ئەو هێرش و داگیرکاریانە مەترسیدارترە ،ئەوەیە کە بە درێژایی سی و سێ ساڵی ڕابردوو ئەم حوکمڕانانە بە گەلی کوردستان و سیادە و ئاسایشی نەتەوەیی ئەم گەلەیان کردووە، ئەم حوکمڕانانەی کە ئێستا ئیدارەی سیاسیی هەرێمی کوردستانیان بە دەستەوەیە ،دەبوایە ئەو ڕاستی بزانن کە ئەم قەوارەی هەرێمە بەرهەمی خوێن و ماندووبوون قوربانی دانی گەلێکە کە بە نزیکەی سەدەیەک بە بەردەوامی خەباتی بۆ کردووە ،بەڵام سەد مەخابن لەدوای ڕاپەڕینەوە دووپارتە حوکمڕانەکە هەموو ئەو ڕاستیانەیان لە یاد کردوو بە هیچ جۆرێک حسابیان بۆ ئەو مێژووە نەکردوو بە تەواوی مانا ستراتیجیەتی حوکمڕانیان گۆڕی بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی حیزب و بنەماڵەو کەسە نزیکەکان، بۆ ئەم مەبەستەش حوکمڕانیان کردە هۆکارێک بۆ دەوڵەمەندبوونی خۆیان  و کۆمپانیا و بەرپرسانی نێو حیزبەکانیان، بۆ ئەم مەبەستەش گەندەڵیان شۆڕ کردەوە بۆ ناو هەموو جومگەکانی حکوومەت و یەکە ئیداریەکان و ئەوەی بەلایانە و بایەخی نەبوو هەستکردن  بوو بە بەرپرسیاریەتی لە ئاست هاوڵاتی و نیشتمان و نەتەوەدا. ئەو جۆرە حوکمڕانیەش زۆرتر نزیکە لە گاڵتە جاڕی و چەتەگەری.ئەمەش کاریگەری خراپی کردە سەر دید و پەیامی هاوڵاتییان و بە تایبەتیش گەنجان، چونکە لە کاردانەوەی ئەو جۆرە حوکمڕانییەدا، کەوتنە بنیاتنانی گوتارێکی خودنەفرەتی و وەستانەوە دژ بە حوکمڕانی کوردی و دڵخۆشبوون بە لاوازبوون و نەمان و هەرەسی قەوارەی هەرێم و حکوومەتی هەرێمی کوردستان. ئەم دۆخەی کە ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا دروست بووە، هۆکارەکەی گەندەڵی و خراپی حوکمڕانی و  برسیکردن و گوێنەگرتنە بۆ خواست و ویستەکانی هاوڵاتییان. ئەو وێرانیەی کە ئێستا  لە ناوخۆی هەرێمی کوردستاندا دروست بووە سەرچاوەکەی ئەو حوکمڕانیە خراپەیە کە ئێستا هەرێمی کوردستاندا هەیە،  ئەم مەترسیەش کاریگەرییەکانی زۆر خراپترە لە مووشەک و درۆنەکان ،چونکە هەر کیانێکی سیاسی ئەگەر لە ناوخۆدا پتەوو یەکگرتوو بێت، هەرگیز لە بەردەم هەڕەشەکانی دەرەوەدا ناکەوێت.

18/01/2024



وتارەکانی تری نوسەر