لابردنی حەلبووسی و هەنگاوەکانی تر

عومەر عەلی

بردنی حەلبووسی بە بڕیارێکی دادگای فیدراڵی لە ئێستادا تەنها ئەوە نییە کە بە هۆی دۆسیەی گەندەڵیەوە بێت ،چونکە ئەگەر بابەتەکە پەیوەست بێت بە گەندەڵی سەرکردەکانی ئێستای چوارچێوەی هەماهەنگی تاوانبارن بە دزینی دەیان ملیار دۆلار و جۆرەها گەندەڵی تر ،بەڵام دادگای فیدراڵی بێ دەنگە و کار لەسەر هیچ سکاڵایەک ناکا لە دژیان. بارودۆخی سیاسی ناوچەکە و جەنگی غەزە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ئەم بڕیارەی دادگای فیدراڵی هەیە چونکە لە ئێستادا جەنگەکە ئەگەری ئەوەی هەیە کە لە چوارچێوەی غەزەدا نەمێنێتەوە و پەل بکێشێت بۆ وڵاتانی تریش، بە تایبەتی ئەوانەی کە نەیارن بە سیاسەتەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل یان لە ئایندەدا مەترسییان بۆ دروست دەکەن، لە ئێستادا ئیسرائیل ئەم دۆخە بە هەل دەزانێت و دەیەوێت بیکاتە جەنگێکی گەورەی دژ بە هەموو نەیارەکانی لە ناوچەکەدا، بە تایبەتیش لە ئێستادا کە  هاوپەیمانیەتێکی نێودەوڵەتی دروست بووە دژ بە حەماس و ئەمریکاش ڕابەرایەتی ئەم بەرەیە دەکات. ئەمریکییەکان لە ئێستادا هاوڕان لەگەڵ سیاسەتەکانی ئیسرائیل ،چونکە ئەویش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سیاسەتەکانی ڕووی لە لاوازی کردووە و ڕووسیا و  چینیش دەیانەوێت جێگەی بگردنەوە.

 لە ئێستادا حکومڕانەکانی عێراق کە لە ژێر هەژموونی چوارچێوەی هەماهەنگیدایە لە خۆئامادەکردندان بۆ هەر ئەگەرێک کە لە ئایندەدا بەرەو ڕووی دەبێتەوە ،لەبەر ئەوە دەیانەوێت حکوومەتی ئێستای عێراق و پەرلەمانەکەشی زۆرینەیەک بێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسییانە. ئەمەش کاتێک دەبێت کە ڕۆڵی هەموو ئەو هێزانە لاواز بکرێت کە پشتیوانی لە سیاسەتەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی وتاران ناکەن، چوارچێوەی هەماهەنگی لە ئێستادا پلانە سیاسییەکەی لە ڕێگەی دادگای فیدراڵییەوە جێبەجێ دەکات ،کە ئەویش لاوازکردنی سوننە و شیعەکانی دەرەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی(سەدریەکان) و حکوومەتی هەرێمی کوردستانە ،چونکە پێیان وایە ئەو لایەنانە بە جۆرێک لە جۆرەکان هاوسۆزیان لەگەڵ سیاسەتەکانی ئەمریکا هەیە و لە ئێستاشدا ئەمریکا دژ بە ئێران و چوارچێوەی هەماهەنگییە.

 ئەگەر سەرنج لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیش بدرێت کە دژ بە هەرێمی کوردستان دراوە ،بە کۆی گشتی دەیانەوێت قەوارەکە لاواز بکەن.و کوردستانیش بگەڕێتەوە بۆ ژێر حوکمی پارێزگاکان. تازەترین بەڵگەش ئەوە بوو میدیای فەرمی حکوومەتی فیدراڵی لە کاتی سەردانەکەی سوودانی بۆ هەولێر هەولێری بە پارێزگا ناوبرد نەک پایتەختی حکوومەتی هەرێمی کوردستان .

لە لایەکی تریشەوە ئەگەر سەننج لەو بڕیارانە بدرێت کە لەلایەن دادگای فیدراڵی دژ بە حکومەتی هەرێم دەرکران، بە جۆرێک نەبوو کە بەرژەوەندی هاوڵاتییان ڕەچاو بکات و لە دووپارتە حوکمڕانەکە جیان بکاتەوە ،بەڵکوو لەدوای ئەو بڕیارانە باروگوزەرانی هاوڵاتییان بە تایبەتیش مووچەخۆران زیاتر ڕووی لە خراپی کرد .

چوارچێوەی هەماهەنگی لەو بڕوایەدان کە ئێستا حکوومەتی هەرێم لەژێر دەسەڵاتی پارتی دایە ،(یەکێتیش هاوڕان لەگەڵ ئەم بۆچوونەدا )لەبەر ئەوە لە ئێستادا چوارچێوەی هەماهەنگی فشاری زیاتر بۆ سەر پارتی دروست دەکات چونکە یان دەبێت ئەوانیش و سیاسەتەکانیان هاوشێوەی یەکێتی لێبێت، یان تووشی زەبری کوشندە دەبن

15/11/2023



وتارەکانی تری نوسەر