بێباکی خێزان و بێدەنگی کچان

سۆما خالید
دەستدرێژی کردن یان گێچەڵی سێکسی بۆ سەر کچان، بابەتێکی زۆر گرنگ و هەستیارە و یەکێکە لە ترسناکترین کێشەی تەندروستی، کە لە حالەتەوە بوتە دیاردە و کاریگەری ڕووخێنەر لەسەر دەروونیان دروست دەکات، ئەگەر هاتوو لەگەڵ گەورە بوونی تەمەنی لایەنی دەروونی چارەسەر نەکرێت، ئەوە بەرە خراپبوونی دەبات و دەبێتە هوی هەستکردن بەشەرم و خۆ بەکەم زانین لەناو کۆمەڵگادا، رەق و کینە بەرامبەر دایک و باوک دروست دەکات، بیرکردنەوەی ناخۆش و کابوس لەئەنجامی ئەو یادەوەرییە ناخۆشەی بەسەردا هاتووە، ئەگەری ئەوەی هەیە ببنە پیاوکوژ.

پاشان ئەمە لەناو خێزانێکدا روودەدات کە کاتیان بۆ بەسەربردن و ئاگا لێبوونی منداڵەکانیان نییە، کە زیاتر بە ئیشی دەرەوە و تەکنولوجیا سەرقاڵن، هەروەها ناتوانن کاتیان بۆ تەرخان بکەن و لەکاتی قسەکردن ئیهمالیان دەکەن و گوێیان بۆ ناگرن، بە هەربیانو پاساوێک بێت بێدەنگیان دەکەن، بەڵام پەروەردەکردنی منداڵ پێویستی بە دایکێک و باوکێکی رۆشنبیر و غەمخور هەیە، کە ئەم ئەرکە گەورەیە لەسەر ئەوانە و رۆشنبیربوونیان دەسپێکی پەروەردەیەکی باشە بۆ کۆمەڵگا و دروستبوونی نەوەێ کامڵ و تێگەیشتوو، خێزان تەنیا بریتی نییە لە دروستکردنی منداڵ و بەخێوکردنیان بەلکو پەروەردەکردنە بەشێوەیەکی تەندروست، دواتر پێویستە بەشێوەیەکی هاورێیانە لەگەڵیان مامەڵە بکرێت نەک بەشێوەی توندوتیژی، چونکە ئەمەش لە داهاتوو کاردانەوەی خراپی لێدەکەوێتەوە.

هەروەها نابێت کچان بێدەنگ بن بەلکو دەبێت هاوار بکەن و رووبەروی ئەو دەستدرێژییانە بوەستنەوە کە لە رەگەزی بەرامبەر واتە نێر دەکرێتە سەریان، وە دەسەلات ناچار بکەن کە بەیاسا دەستدرێژیکاران سزا بدەن، داب و نەریت و کلتوری کۆمەڵگا بشکێنن، پێویست ناکات شەرم لە کۆمەڵگا بکەن و بترسن، شکاندنی بێدەنگیت دەتوانێت سەدان دەنگی کچانی تر بشکێنێت و وابکات لە دیاردەوە بگۆردرێت بۆ حالەت و کەمبوونەوە، تاکە چارەسەر پەیوەندی کردنە بە پۆلیس و لایەنی پەیوەندیدار و شکات کردنە لە دەستدرێژکەر، ئەگەر نزیکترین ئەندامی خێزانەکەشت بێت، چونکە بە پەردەپۆش کردنی ڕێگە دەدەیت مرۆڤێکی دەروون نەخۆش قوربانیەکانی زیاد بکات لەنێو کۆمەڵگادا و کارەسات بخولقێنێت.

پێویستە بۆ بڵاوکردنەوەی ھۆشیاری لەسەر ئەم بابەتە لە باخچەی ساوایان تا دوا خوێندنی زانکۆکان و شوێنە ئاینیەکان گرنگی پێبدرێت و خولی تایبەت و سیمینار بکرێتەوە، لە لایەن دەسەلاتیشەوە بەتوندی تاوانبارەکان سزا بدرێت بەبێ دەستێوەردانی حزبی و بەرپرسیارانە مامەلەیان لەگەڵ بکرێت.

11/10/2020



وتارەکانی تری نوسەر