ئینسانێک بە وێنەی داربەڕوو

شوان محه‌مه‌د

دار بەڕوو دارێکی خۆڕسکە و یەکێکە لە هەرە دارە بەهێزەکانی ئەو ژینگانەی تیادا رواون، ئەم رووەکە بەرگەی سەرمای لوتکەکان و گەرمای هاوینش دەگرێت و هەرگیز سەر نەوی ناکات، ئێمەش هاوڕێیەکمان هەیە ناوی ( بەختیاری شێخ عوسمانە ) بە وێنەی دار بەڕووە.

دار بەڕوو بۆ ئەو هەموو سەرما و گەرماو   رەشەبا و گێژەڵوکەی زەمانە و ئەو هەموو " تەور" بەدەستانە سەر نەوی ناکات و لەسەر پێکانی خۆی وەک ستون راوەستاوە، بەختیاری شێخ عوسمانیش نە شەهیدکردنی دوو برای ( سەردار و رێبوار ) و نە راگواستنی دایکی بۆ باشوری عێراق و نە رووخانی خانووکەیان و نە .. نە.. نە، نەیتوانیووە هێندەی تۆزێک سەر بەم زاتە نەوی بکات و، ناچاری بکات دەستبەرداری پرەنسیپەکانی بێت و، لەو کاروانە روو لە رۆژەی  خۆی بڕوای پێیەتی، هێندەی فرسەخێکی بچووکیش دووری بخاتەوە.

بەختیار وەک دار بەڕوو خۆڕسکە، ئەو خۆی لەسەر پێی خۆی وەستاوە، نە کوڕی سەرکردەیەکی سیاسی یە، نە نەوەی سەرۆک هۆزێکی گەورەیە، ئەو کوڕی دایک و باوکێکی ئاسایی بووە، کە جگە لە دنیایەک خۆشەویستی و میهربانی هیچی تریان نەبووە، پێیبدەن، هەر بۆیە وەک دار بەڕوو، بەختیاریش خۆڕسکە.

ئەو هەمیشە هاوشانی داربەڕووەکانی نێو دارستان بووە، ئەو دژی تەور بە دەستەکان و ئاغا سیاسیە سەرکوتکەرەکان بووە، ئەو بەدەست خۆی نەبووە لە کوێ و لەکام بەرەدا بێت، ئەو تەنها بۆ ئەوە دروستبووە ئۆپۆزسیۆنی هەموو تاریکی و ناشیرینییەکانی دنیای ئێمە بێت، هەر بۆیە هەمیشە لە ریزێکدا بووە کە پڕ بە گەروو بانگەشەی بۆ ئازادی کردووە.

ئەو وەک داربەڕوویەکی گەڵا چڕ، چەتر و سێبەرێکی نەوازە بووە بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە چەرخی زەمانە و ستەمی دەسەڵاتدار غەوارەی کردبوون، ئەو ئامێزی خۆشەویستی خۆی بۆ راخستوون، تا گەیاندوونیەتە کەناری ئارامی.

بەختیار دارێکی بەرداری ناو دارستانەکانی ئەم کوردستانە بێ نازەی ئێمەیە، بە هێمنی و ئارامی، بە لێبوردەیی بە هەستکردن بە جیاوازیە زۆرەکانی نێو دارستان، ئەو هارمۆنی ئێمەی دەزانی، هەر بۆیە زانایانە دەبووە مایسترۆی هەمووان.

بەختیار دار بەڕوویەکی میهرەبان و لێوان لێوە لە خۆشەویستی، دڵنیام گەر ژمارەیەکی دی لە دار بەڕووی وەک بەختیارمان هەبووایە،  کوردستان دەمێک بوو لە کەنارێکی ئارام و جواندا دەبوو.

29/01/2023



وتارەکانی تری نوسەر