٢٠١٣/٦/١٣

شوان محه‌مه‌د

رۆژی ١٣/٦/٢٠١٣ یادی لە دایکبوونی دەزگای سپی یە کە گۆڤار و ماڵپەڕێکی کوردی سەربەخۆیەو، ئەمڕۆ تەمەنی دە ساڵ تێدەپەڕێنێت و پێدەنێتە ساڵی یانزەوە.

لە هەلومەرجی ئەمڕۆی میدیادا دامەزراندنی کەناڵێکی میدیای کارێکی زەحمەت و ئەستەم نییە، بەڵام هەنگاوە قورس و تاقەتپڕوکێنەکانی دوای کردنەوەکەی گرنگە کە تاچەند وەک میدیایەکی سەربەخۆ دەمێنێتەوەو  متمانە لای خەڵک پەیدا دەکات و ( پارەی سیاسی ) رەتدەکاتەوەو لە کاروانەکەی دوور ناخاتەوە.

ساتی دامەزراندنی " سپی " دۆخێکی تەواو جیاواز بوو لە دۆخی ئەم چەند ساڵەی دوایی هەرێمی کوردستان، دەکرێت بڵێن ئاستەنگ و لەمپەڕەکانی ژینگەی کاری رۆژنامەوانی بە جۆرێکی تر بوو، راستە رۆژنامەنووس تیرۆر دەکرا، بەڵام دەستگیرکردنی بە کۆمەڵ لە ئارادا نەبوو، راستە پێشێلکاری هەبوو لەسەر جێبەجێکردنی یاسای ٣٥ ی ساڵی ٢٠٠٧ ، بەڵام هەر لەو دەمەشدا یاسایی ١١ ساڵی ٢٠١٣ ی یاسای مافی دەستکەوتنی زانیاری دەرچوو کە یاسایەکی باشە، هەرچەندە تا ئێستا نەخراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئەمڕۆ کە یادی " سپی " دەکەینەوە ژینگەی کاری رۆژنامەوانی بەتەواوی گٶڕانکاری نەرێنی بەسەردا هاتووە، لەلایەکەوە " مالی سیاسی " چۆکی بە زۆر رۆژنامەنووس و دەزگایی میدیا داداوە کە تا دوێنێ بانگەشەی میدیای ئازادیان دەکرد، کەچی ئەمڕۆ لە سێبەری حزبێکدا، یان بەرپرسێکی سیاسی دا خۆیان حەشارداوە.

لەم چەند ساڵەی رابردوودا هەستدەکرێت پاشەکشەیەکی تەواوی لە ئازادی بیروڕاو رۆژنامەگەری دا بەدیدەکرێت، هەر دەمەو حزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم بە جۆرێک مانۆر دژی ئەو ژینگەیە دەگێڕن، رۆژێک بە ناوی هەموارکردنەوەی یاسای ٣٥ کاری رۆژنامەگەرییەوە، دەمێکی تر بەناوی دەرکردنی یاسایەک بۆ سۆشیال میدیا، تاوێکی تر دروستکردنی ئەنجومەنی باڵای میدیا، دواهەمینشیان دەرکردنی رێنومایی ژمارە ١ وەزارەتی رۆشنبیرییە کە ئەگەر پووچەڵ نەکرێتەوە ئەوا داکوتانی دوا بزمارە بە جەستەی ئەو پەراوێزە کەمە لە ئازادی رۆژناگەری کوردی کە لە هەرێمدا تا رۆژانێک شانازی پێوە دەکرا.

ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشێلکردنی راستەوخۆ بەرامبەر رۆژنامەنووسان هەر لە گرتن و لێدان و سوکایەتی پێکردن و ئامێر لێسەندن و .. هتد، بەردەوامە و، هەر رۆژە و لە ئاستی جیاواز و لە شێوەی جیاوازدا مافی رۆژنامەنووسان لە گەیاندنی پەیامەکەیدا زەوتدەکرێت.
کوردستان بە شێوەیەکی گشتی بە دۆخێکی خراپی ئازادی بیروڕا و میدیا دا گوزەر دەکات، پێشێلکارییەکان زۆر و لەمپەرەکان لە ژمارە نایەن، باشترین بەڵگەش ئەو لێشاوە لە راپۆرتی نێودەوڵەتییە کە ناوبەناو بڵاودەکرێتەوەو بەرپرسی راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمیش لەبەر زۆری راپۆرتەکان، فریا ناکەوێت وەڵامیان بداتەوە.

" سپی " دە ساڵە لەم دۆخەدا تاریکەدا رێچکەی خۆی گرتووەو بەردەوامە، کەس نازانێت ئەم جۆرە میدیایەی هاوشێوەی ئێمە چارەنووسی بە کوێ دەگات، دیارە بەردەوامی و گەشەسەندنیشی پەیوەندی بە بارودۆخی گشتیەوە هەیە کە تا ئێستا خراپ و تاریکە، بەڵام جارێک هەر ئێمە بەردەوامین و دەستی هەموو ئەو رۆژنامەنووسانەش دەگووشین کە لەم کاروانە پڕ زەحمەتەدا لەگەڵماندان. 

 سەرەتای دامەزراندنی " سپی " چەند هاوڕێیەک بە شۆخییەوە پێیان وتین: " خەڵکی یەک ژمارە ١٣ی بۆ دەردەچێت، تووشی فۆبیا دەبێت، ئێوە دوو ژمارەی ١٣ تان هەیە و پێشبینی دەکەین لە ماوەیەکی کەمدا دەزگاکەتان دابخەن "، بەڵام وا دە ساڵ تێدەپەڕێت تا ئێستاش وەک میدیایەکی سەربەخۆ ماوەتەوەو درێژە بەکارەکانی دەدات.
 
 
 


13/06/2023



وتارەکانی تری نوسەر