شێروان شێروانی خاڵەکەی لە کۆتایی رستەکەدا دانا

شوان محه‌مه‌د

سەرلەنوێ دادگاییکردنەوەی رۆژنامەنووس، شێروان شێروانی پرسیاری قورسی ئەخلاقی لەسەر ئەم سیستەمە حکومڕانییەی هەرێم دروستکرد. دەتوانین بڵێین؛ ئەم دادگاییکردنە بوو بە دوا خاڵی قۆناغێک و سەرەتای قۆناغێکی مەترسیدار تر لە پێشێلکردنی ئازادی رادەربڕین و ئازادی رۆژنامەگەری.

لە داڕمانی سیستەمەکاندا، هەندێکجار کاراکتەری  ئابوری، یان سەربازی دەبێتە هۆی داڕمان، بەڵام پێش هەر شتێکی تر داڕمان لە ئەخلاقیاتی سیستەمەکەوە دەستپێدەکات، سەرەتاکەی ئەم رووەی دەڕوخێت و دواتر هەیکەلەکەشی هەرەس دەهێنێت. 

سەدام حسێن و رژێمەکەی ئەو دەمە کۆتایی هات کە پەنای بردە بەر بەکارهێنانی چەکی قەدەغکراوی نێو دەوڵەتی و جینۆسایدکردنی گەلی کورد لە تاوانی ئەنفالدا، لە دوای ساڵی ١٩٨٨ ەوە لە رووی مۆراڵەوە سەدام و رژێمەکەی کۆتایی هاتبوو، تەنها هەیکەلەکەی مابوو، ئەنجامەکەشی بۆ هەمووان رۆشنبوو کە زۆر بە رسوایی دوای چەند ساڵێک کۆتایی هات.

بەهاری عەرەبی کە ساڵی ٢٠١١ چەندان وڵاتی عەرەبی ژێر و ژوور کرد و هەندێکی تا ئێستاش لە توندوتیژی و پشێویەکی سەیردا دەژی، ئەو دەمە دەستیپێکرد کە هاوڵاتیەکی سادە بەناوی (محەمەد بوعەزیزی ) لە تونس لە بەر هەژاری خۆی سوتاند، بەڵام ئەم رووداوە کۆتایی بە  سەرۆکی پێشووی تونس هێنا، ئیتر خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی وەک ئاگر و رەشەبا هەموو ناوچەکەی گرتەوە.

بەردەوامی سیستەم بە تایبەتی بۆ گەلێکی دابەشکراوی بن دەستی وەک کورد، لە خلاقیاتی سیستەمەکەوە وزەو  توانا وەردەگرێت، کاتێک کە سیستەم هێزی ئەخلاقی خۆی لە دەستدەدات، مەسەلەی رووخان و کۆتایی هاتنی سیستەمەکە تەنها مەسەلەی کاتەو بەس.

کاتێک سیستەمێکی حوکمڕانی کە رێز لە هاوڵاتیان و دامەزراوەکانی خۆی ناگرێت، رۆژێك بە لێشاو خەڵک دەستگیردەکات وەک ئەوەی لە سالی ٢٠٢٠ و ٢٠٢١ دا لە بادینان روویداو زیاتر لە ٨٠ چالاکوان و رۆژنامەنووس لەسەر بیر و ڕای جیاواز دەستگیرکران و، ژمارەیەکیشیان حکومێکی سیاسی دران کە تا ئێستا چواریان لە زیندان ماونەتەوە، یان رۆژێکی تر لە ژێر سایەی ئەم حوکمڕانییەدا لە ناوچەکانی سلێمانیش نەیارانی سیاسی ناو حزبێک تیرۆر دەکرێن، یان بە رۆژی رووناک خەڵک بە نا یاسایی دەستگیردەکرێن.

ساتێکی تر تۆ لە ماوەی چوار ساڵی حوکمڕانیدا نەهێڵێت ناڕەزایەتییەکی هێمنانە لە دژی سیاسەتێکی حوکمڕانییەکەت سازبکرێت و سەرجەمیان بە گرتن و راونان و سەرکوتکردن کۆتایی بێت، کار بگاتە ئەوەی رێگا نەدەیت ناڕەزایەتی بەرامبەر بۆردومان و داگیرکردنی ناوچەکانی هەرێمەکەت لەلایەن دەوڵەتێکی  داگیرکارەوە لە پایتەخەتەکەتدا، سازبکرێت. 

ئەمانەو چەندان رووداوی تر کە لەم چەند ساڵەدا روویانداوە، سەرجەمیان یەک راستیمان پێدەڵێن؛ کە ئێمە لە کۆتایی قۆناغێکداین کە سیستەمی حوکمڕانی کوردستان بەتاڵ بۆتەوە لە هەر هێز و توانایەکی ئەخلاقی کە پێویستە لە سیستەمێکی رەشید و نیشتمانیدا هەبێت، بۆیە ئەوەی لە ئێستادا لە هەرێمی کوردستان حوکم دەکات هەیکەلێکی بێ رۆح و مۆراڵ و دوور لە هەڵگری سەرەتایترین بەرپرسیارێتییە، بۆیە کێشەکە " کاتە "، پێش ئەوەی لە دەرەوە بەسەرماندا بڕووخێت، لە ناوەوە هەرەسدەهێنێت!  


06/08/2023



وتارەکانی تری نوسەر