خوایە رەحم بەم شارە بکە

شوان محه‌مه‌د
سلێمانی بە دۆخێکی نا ئاسایی تێدەپەڕێت کە رەنگە لە دوای راپەرینەوە بەدۆخێکی هاوشێوەی ئێستادا لە گەڕەلاوژێ  و سەرگەردانی سیاسیدا تێنەپەڕیبێت.

دەرکەوتەی سەرەکی ئەم سەرگەردانە سیاسیە لەوەدا رەنگەدەداتەوە کە ئەو هێزەی بە کردەیی دەسەڵاتی یەکەمی لەم شارەدا هەیەو یەکێتی نیشتمانی کوردستانە، ناتوانن کۆببنەوەو بڕیار لەسەر چارەنووسی حیزبەکەیان بدەن، ئەوجا چۆن دەتوانن بەشێوەیەکی سروشتی کاروباری خەڵک بەڕێوەببەن و بڕیار لەسەر چارەنووسی خەڵک بدەن.

هەرچی گۆڕانە کە هاوبەشە لە حوکمی ئەم شارەداو چەند جومگەی دەسەڵاتی بەدەستەوەیە، نەخۆشیەکەی یەکێتی گوازراوەتەوە بۆ نێو ریزەکانی ئەوانیش. گۆڕان ئێستا بە قەیرانێکی خاوەندارێتی بزووتنەوەکەدا گووزەر دەکات، ئایا دەسەڵاتی بنەماڵە بن کۆڵی دامەزراوەکانی ئەو بزووتنەوەیە دەکات؟ یان وەک هێزێکی زیندوو ژیانی دامەزراوەیی خۆی چاک دەکات، ناکۆکی نێو ئەو هێزە گەیشتۆتە ئاستێک خەریکە وەک هاوشێوەی یەکێتی نەتوانێت کۆبوونەوەی دەستە سەرکردایەتیەکەی کە ناوی " جڤاتی نیشتمانییە"، سازبکات.

سلێمانی هەر کێشەی ناکۆکییەکانی ئەم دوو هێزەی نییە، ژیانی سیاسی لەم ناوچانەدا پەرت پەرت بووە، هەر رۆژەو هێزێکی نوێ و بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی نوێ دروست دەبێت، کێشەی ئەم هێزە نوێیانە لەنێو خۆیان و لەگەڵ هێزە کۆنەکانیش لەوەدایە، کە ژیانی سیاسیان ئەم ناوچەیەیان پارچە پارچە کردووەو بەربوونەتە جەستەی یەکتری و،  لەسەر سەرەتایترین پرس کە پەیوەندی بە دیموکراسیەت و ژیانی هاوڵاتیانەوە هەیە رێکناکەون.

هێزەکانی سلێمانی هەموویان بەشێکی شەڕەکەیان داناوە بۆ هێرش کردنە سەر پارتی، بەهەق و ناهەق، بەڵام ئەو هێرشەی کە دەیکەنە سەر پارتی بۆ ئەوە نییە لاوازی بکەن، بریا بۆ ئەوە بوایە پێگەی پارتیان لە هەولێر و دهۆک لاوازبکردایە، بەڵکو  ئەم هێزانە بۆ ئەوە هێرشدەکەنە سەر پارتی بۆ ئەوەی لەناوچەکانی سلێمانی لەبەشی یەکتری بخۆن و یەکتر لاواز بکەن، پارتیش بۆخۆی بە دووربینێکەوە لە بەرازییەکانی سەری رەشەوە بە شۆخیەوە تەماشای پەرت پەرتبوونەکەی سلێمانی دەکات.

کێشەیەکی تری سلێمانی، پۆپۆلیستی سیاسیە، پۆپۆلیستی سیاسی ئەم شارەی کووشتووە، زۆرێک لە سیاسیەکان و بگرە چالاکوانانی کۆمەڵگای مەدەنی و رۆشنبیران، رۆژانە لە میدیاکان و کۆڕکۆبوونەوەکان لێدوانی نا واقیعی دەدەن، بەشێکیان بۆ ئەوەی سبەی بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو سەرمایەگوزاری لەسەر بکەن، بەشێکی تریشیان بۆ ئەوەی ببنە ئەستێرەیەکی نێو خەڵک، ئەم تەوژمە پۆپۆلیستییە  بۆتە مایەی بەرهەمهێنانی وتارێکی نا واقیعی، هاوکات بۆتە مایەی سەر ئێشەیەکی گەورەش بۆ حیزبەکانیان و بۆ کۆمەڵگاش.

ئابوری ئەم شارە بەدەست حیزب و کۆمەڵێک کوڕە بەرپرسە باڵاکانی حیزبەوە وێران بووە، کەم کوڕ و کچە بەرپرسی یەکێتی هەیە کۆمپانیای لە بوارێکی ژیانی ئابوری ئەم شارەدا نەبێت، کە نە کەس دەزانێت سەرمایەی کۆمپانیایەکە چۆن کۆکراوەتەوە، نە کەسیش دەزانێت حکومەت چ کار ئاسانیەکی بۆ کردوون و پرۆژە و دەروازەیەکی بۆ دۆزیوونەتەوە تا سەرمایەگوزاری ناشەرعی و مافیاوی تیا بکەن.

خەڵکی ئەم شارەو هەرێمیش بەگشتی وەک ئەوەی بڵێی لە نەوەی یەکەمی سەرکردەو سەرکردایەتی ئەم حیزبانە زۆر سودیان وەرگرتبێت، ئەوجا سەرەی نەوەی دووەمیانە کە وەک " گەنە " بەربوونەتە ئابووری هەرێم و جەستەی خەڵک.

ئەو فەزا نیمچە ئازادەی لە ناوچەکانی سلێمانی دا هەیە، دەکرا بەو ئاراستەیە رێکبخرایە تاببوایەتە مایەی دروستکردنی ژیانێکی سیاسی تەندروست و دیموکراسی و دامەزراوەیی، دەشیا بکرایەتە نموونە بۆ ناوچەکانی هەولێر و دهۆک و کۆتایی هێنان بە حوکمی خۆسەپاندنی پارتی وەک حیزبی " قائید"، دەکرا شەپۆلی دیموکراسی ئەم ناوچانە فاکتەری بنکۆڵکردنی ئەو سیستەمە تاک حیزبیە خێڵەکیەی هەولێر و دهۆک بوایە، بەڵام مایەی نیگەرانییە، ئەوەی ئێستا لە ناوچەکانی سلێمانی روودەدات، جگە لەسەرگەردانیەکی گەورەی سیاسی، ناتوانرێت هیچ ناوێکی تری لێ بنرێت و عاقیبەتیشی خێر نابێت.

بەدۆخی پەرت پەرت بوون و، بە گوتاری پۆپۆلیستی نوخبەیەکی بەرفراوانی سیاسی ئەم دەڤەرەو، بەرێنەکەوتن لەسەر رادەی کەمی بەرنامەیەکی سیاسی، هاوشان لەگەڵ گەورەبوونی نفوسی ئابوری و ئەمنی و سیاسی نەوەی دووەمی کوڕە بەرپرسەکان، بەم رەوشەوە لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەم شارەو هەرێم دەچنە ‌چەند هەڵبژاردنێکەوە، دەبێت بڵێین، " خوایە رەحم بە سلێمانی و باشوری کوردستان بکە".
   
   


01/03/2018



وتارەکانی تری نوسەر