موجازەفەیەکی تر بە هەرێمەوە لە ریفراندۆم قورستر

شوان محه‌مه‌د

دوێنێ لە هەولێر زیاتر لە ٣٠٠ کەس کە زۆرینەیان عەرەبی سونەن کۆدەبنەوەو، لە رۆژی ریفراندۆمدا داوای ئاساییکردنەوە پەیوەندیەکانی عێراق لەگەڵ ئیسرائیل دەکەن.

هێشتا خەڵکی کوردستان لە ژێر باجی ریفراندۆمە ناواقیعیەکەی بارزانیدا دەژی، دوێنیش کۆبوونەوەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکان لەگەڵ ئیسرائیل لە هەولێر سازکرا کە دەرئەنجامە سیاسیە خراپەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان لە ریفرانۆدم قورستر دەبێت و  رۆژانی داهاتووش دەیبینین..!!

حاڵ لە دوو بڕگە بەدەر نییە، گەر پارتی کڵاویکراوەتە سەر، کێ بەرپرسە لەو کڵاولەسەرکردنە، کێ رێگای دا بەو کۆبوونەوەیە بکرێت و کار ئاسانی کرد، با غیرەتی هەبێت و بچێتە بەردەم پەرلەمان و دواتر بۆ ماڵەوەو لەهەر پلەیەکدا بێت متمانەی لێبسەندرێتەوە.

گەر پارتیش ئاگاداربووە و رێگای مۆڵەتی پێدوان، بەراستی ئەوە نەک کاری کردە نییە، بەڵکو هەڵەیەکی ستراتیژیە کە رسک بە هەرێمەوە دەکات و  کەڵبەی دانەکانی ئێران و هەموو هێزە شیعەکانی تیژترکرۆتەوە کە مانۆر لە هەرێم بکەن و پەلاماری بدەن.

حاڵەتە کۆمیدیەکە لەوەدایە کورد خۆی هەرێمێکەو خاوەنی دەوڵەت نییە تا داوای ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئیسرائیل بکات، ئەو عەرەبانەی دوێنێش لە هەولێر داوایان کرد، خۆیان ئاوارەن لەهەرێم، کەی غیرەتیان هەبوو بگەڕێنەوە شارەکەی خۆیان، با لەوێوە داوای ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل بکەن.

مایەی سەرسوڕمانێکی زۆرە دەزگاکانی پاراستن و دژەتیرۆر و ئاسایش دەزانن رۆژنامەنووس و چالاکوانەکان لە چ گروپ چاتێکدایە و لەگەڵ کێ قسەدەکەن لە پەیوەندییە تەلەفونییەکانیدا، کەچی زیاتر لە ٣٠٠ کەسی ناسراو لە هۆتێل دێڤان لە بن سمێڵیاندا کۆدەبنەوە، بەڵام ئەو دەزگایانە نازانن ناوەرۆکی کۆبوونەوەکە چی یە، عەجەب وەڵا عەجەب!

ئێران، لەو کاتەوەی ئیبراهیم رەئیسی هەڵبژێردراوە بەسەرۆک، رۆژ نییە هەڕەشەی لێدان لە هەرێم نەکات، پارتی ئەم پاسە گەورەیەی تریشی دا بەو وڵاتە کە نەک لێدان، بەڵکو بیر لەوە دوورتر بکرێتەوە کە رەنگە لە باربردنی تێکڕای ئەزموونەکە بێت، لە رۆژانی ئایندەشدا دەیبینین..
بەراستی هاوڵاتی کورد هەژار و بەسزامان و داماوە بەدەست کۆمەڵێک سیاسی فاشل و نەزانەوە..

رۆژانی داهاتوو ئاکامی ئەو کۆبوونەوەیەی هەولێر دەبینین کە چۆن تۆڵە لە هەرێم دەکەنەوە، بەراستی ئێمە تەنها بەدەست کۆمەڵێک سیاسی خۆسەپێن و گەندەڵەوە دانەماوین، بەڵکو بەدەست کۆمەڵێک سیاسیەوە داماوین کە تاسەر ئێسکیش فاشیلن و مەجازەفە بە هەرێمەوە دەکەن..!


26/09/2021



وتارەکانی تری نوسەر