داوای لێبوردن !؟

ئەبو بەکر هەڵەدنی


سوپاس بۆ خودا دواجار سەرۆکایەتی پەرلەمانی ماوە بەسەرچوو نامەی دەستلەکاركێشانەوەمانی خستە ناوکارنامەی یەکەم کۆبونەوەی وەرزی گرێدانی بەهارە کەبڕیارە لە ١ی٣ی٢٠٢٣ ئەنجامبدرێت.

بەم بۆنەوە:
١/داواکارین لەهاوپیشەکانمان لەفراکسیۆنە جیاوازەکان دەنگ بدەن بە خواست وویستمان ودەستلەکارکێشانەوەکە پەسەند بکەن.
٢/داوای لێبوردن لەگەلی مەزنی کوردستان  ودەنگدەرە ئازیزەکانمان دەکەین کەلە ئاست چاوەڕوانی ئەواندا نەبوین وهەموو کارێکمان لەبەرنەڕۆیشتوە لەتوانای سنوردارو لاوازی ئەدائمان بمانبەخشن.
٣/سوپاسی هەموو ئەو پەرلەمانتارە بەڕێزانە ووەزیرو کاربەدەستی حکومەت دەکەین کەحزبیانە لەگەڵمان نەجوڵانەوەو پێکەوە هاوکاربوین کەلێرەو لەوێ گرفتێکمان چارەسەر کردبێت ودڵی هاوڵاتیەکی بەشمەینەت خۆشکرابێت بە وەڵامدانەوەی داواکەی.
٤/هەموو ئەو پەرلەمانتارو کاربەدەستانەی بۆ جارێک جاویلکەی ڕەشی حزبەیاتی تەسکیان دانەنا و تەنانەت وەزیر هەبوە بەدرێژایی چوارساڵ وەڵامی تەلەفونیشی نەداینەوە،دەیانسپێرین بەویژدانی خۆیان گەردنیان ئازاد بێت،ئەوەندەیان لێوەفێر بوین ئێمەش وەک ئەوان نەبین وڕقی ئایدۆلۆژیا توڕبدەین وجوانی بەرامبەرمان ببینین.
٤/سوپاسی بێپیان  بۆئەفسەران وکارمەندانی هێزی ئەمنی لەپاراستنی پەرلەمان،لەئاسایشی بازگەکان،لەفەرمانبەرانی ئازیزی پەرلەمان لەسکرتاریەتی پەرلەمان وپرۆتۆکۆڵ وبەڕێوەبەرایەتیەکانی پەرلەمان کەپێمانەوە ماندوو بوون وکارئاسانیان بۆکردین
٥/پێزانینی تایبەت بۆ ڕاگەیاندنکاران وڕۆژنامەنوسان کەپێمانەوە ماندووبون.
٦/دڵسۆزو ئەمەکی فەرمانبەرانی فراکسیۆنی یەکگرتوو لەپەرلەمان بۆهەتاهەتایە لەبەرچاودەگرین.
٧/سوپاسی هەموو ئەو خوشک و برایانەی بەدرێژایی ئەم نۆساڵە پشتیوان وپاڵپشت بوون بەزانیاری ولەپشتوەستان وبەرگری لێکردنمان ونزای خێریان، ئەوانەی دەرگای ماڵ ودڵیان بۆخستینە سەرپشت وبەتایبەتر لەسۆشیال میدیا ولەکاتی هێرشی ناڕەوای گەندەڵکاران. 

ئیتر ئەمە سونەتی ژیانە دەبێت جێگەکەت بەجێبهێڵیت بۆکەسانی دی، تەنها خودا هەڵە ناکات ئێمەی مرۆڤ بەردەوام گرفت وکێشەی هەڵەو کەموکوڕی وبیرچونەوەمان هەیە بۆیە ئەرکەکانمان وەک پێویست ڕاناپەڕێنین.

میلەتە گەورەکەمان:

قەرزاری متمانەی ئێوەین، لەهەر جێگەو شوێنێک بین هەرخزمەتکاری ئێوەین دوای نۆ ساڵ وچوارمانگ لەکاری پەرلەمانی داوای گەردن ئازادیتان لێدەکەین.

خودای گەورە گەلی کوردستان وقەوارەو نیشتیمانەکەی  بپارێزێت ودەسەڵاتدارە مشەخۆرەکانی لەکۆڵ بکاتەوە کەبونەتە گیاکەڵەی ڕەنجی سەد ساڵەی گەلێک وهەموومان لەسەر ئەم خاکە پیرۆزە بەعاقیبەت خێری سەربنێینەوە.

هەموو چاکەو سەرکەوتنەکان لەخودا وپاڵپشتی ونزای پاکان ودڵسۆزانەو کەوتن وهەڵەوپەڵەکانیش هی دەروونی بەدکارمان .

27/02/2023



وتارەکانی تری نوسەر