بۆ مامۆستا عوسمان کانیکوردەیی براوهاوڕێم!؟

ئەبو بەکر هەڵەدنی

یارمەتی دەری شەیتان مەبن لەسەر براکەتان(فەرمودەی خۆشەویست).
لەدوێنێوە چاوم بۆت گێڕا بەداخەوە بەخزمەتت نەگەیشتم،دودڵیش بووم ئەم پەیڤانەت بۆ بنوسم یان تەماشاچی وبێدەنگ بم بەڵام سوێند بەخوا دڵسۆزی و پەرۆشیم بۆتۆ وئایندەی کاری ئیسڵاحخوازی وپێگەی زانایەکی وەک بەڕێزت وهاڕەی بەرەی ستەملێکراوو شاگەشکەی بەرەی ستەمکاری هاندەری ئەم نویسنەم بون.
مامۆستا گیانم
دوێنێ هەموان توشی شۆک بوین بەتایبەت ئەوهەزارانەی لەم عومرە درێژەی بەڕێتکردوە یاوەری کۆڕی زیکر ومەجلسی دەرسەکانت و گوێگری ووتاری هەینی وتامەزرۆی دەرکەوتنت بون لەرادیۆ وتیڤیەکانەوە تابچینە ناو ماڵەکانیان ئارام ئارام لەدەرگای دڵیان بدەیت تا ببنە مرۆڤێکی چاکەکارخزمەت بەخێزان وکۆمەڵگەکەیان بکەن.
دوێنێ زانایەکمان بینی پێچەوانەی دەرکەوتنەکانی پێشووی هەموان ئازار دەخۆین،دەزانی بەچ زەحمەتێک مامۆستا عوسمانێ کەوتە سەرپێ،چەندەت دوعابۆکرا،چەند پاڵپشتت بون وپەروانە ئاسا بەدەورتدا دەهاتن ودەچون.
ئەو چەپڵانەی دوێنێ بۆت لێدرا بۆ ئەو مامۆستا عوسمانە نەبوو کەدەمانناسی،لەدوێنێوە ببینە مامۆستائەزیزەکەم کێن شاگەشکە بون بەو هەڵوێستەت وکامەناشن نیگەران ومەلول  ئا لێرەدا هەق وناهەق خۆی جوان نمایان دەکات.
مامۆستای خۆم بیری ڕۆژانی فەزڵ لەگەڵ هاوسەنگەروژن وپیاوە بەدەستنوێژەکانی ناو کۆمەڵی دادگەری بکەرەوە،خوێنە گەشەکەی شەهیدانی گردی ڕەمکان وسەداکەی کۆساری وسرودەکەی شەهیدمحەمەدخەلەکانی ودڵە بەهەستەکەی شەهید محەمەدسەنگاوی وهەزاران لاوی خوێن گەرم کەخەمی هیدایەت وخێزان وچاکەکاری وخزمەتی گەلە سەربڵندە ئیسلام دۆستەکەی کوردبوبوە ئیلهام بەخشی تێکۆشانیان،ئەو ڕۆژانەی هیمەت بەرزی  ببنەوە بەهاندەری بەخۆدا چونەوە.
هێشتا نەچوە بچێت مامۆستا شیرینەکەم بچۆوە ئاستی ناوی عوسمانی کوڕی عەففان و قەڵەمباز بدەوە بۆ قافڵەی زانا سەربڵندە یاخیەکان لەدونیاو دەسەڵات.
مامۆستای خۆم تۆ جێگاکەت نابێت لێ وون ببێت تۆ هێشتا پێویستیت بەشیلەی زانست وکانیاوی وەرع وجەمی یارانێکە وەک کاک ئەحمەدی موفتی زادە دەفەرموێ خاوەنی بانگێهشتن خودا گیان بێت.
ئەوە تەنها خودایە هەڵەناکات،هەمومان هەڵەدەکەین باشترینیشمان ئەوانەن لەسەر هەڵە بەردەوام نابن وجورئەتی بەخۆداچونەوەیان هەیە.
مامۆستاعوسمانی ئێمە ئەهلی بەدری کات وزەمەنی خۆیەتی و هەرگیز ڕێگەبەخۆمان نادەین چاکەو ڕابردووی جوانی سفر بکەینەوە بە یەک تێکەوتنی دوێنێی،شوێنی تۆ ئامێزی گەرمی کاروانچیە بەویقارەکانی کۆمەڵی دادگەری وئیسڵاح خوازان وئەو هاوسەنگەرانەتە دەیان هەورازونشێوتان بەیەکەوە بڕی.
تەنها بە بڕیارێکی جوامێرانە  دڵی دۆستانت ئۆقرە پێبگرە وداخێکیش بکە بەجەرگی ئەوانەی لەکەمین ومەڵاس دان بۆ کەوتنی زاناکان و کاڵبونەوەی بیروباوەڕو هەرەسی بەرەی ستەملێکراو وقەوی کردنی بازووی ستەمکاری.


02/03/2023



وتارەکانی تری نوسەر