ئایا بەهمەنی قوبادی فاشیستە !

شوان حەمە

ماوەی چەند ڕۆژێکە، ڤیدیۆیەکی بەهمەنی قوبادی، هەرای ناوەتەوە.
ڤیدیۆکە لە کۆمێنتدا دادەنێم!
کورتەی قسەکانی بەهمەن هیرشکردنە سەر عەرەبە، بە وتەی بەهمەن "لەو ڕۆژەوە عەرەب هەڵمەتی بە ئێران کرد، خەڵکی ئێران ڕەش بوون".

قوبادی ئاماژە بە بیابان و دارخورما دەکات لە عەرەبستان هەیە، بەڵام لە تاران و کوردستان نییە. (نازانێت لە کەرکوک خانەقین دارخورما هەیە!).

دوای قسەکانی بەهمەن، تائێستا چەندین نوسەر و کەسایەتی کورد و نەتەوەکانیتر، وەڵامی بەهمەنیان داوەتەوە. لەبەشێکی ئەو وەڵامانەدا بەهمەن وەک کەسێکی فاشیست وێناکراوە. بەڵام ئایا بەهمەن فاشیستە؟
ڕەنگە چیرۆکی من لەگەڵ بەهمەن، یارمەتی بدات، کەمێک زیاتر لە کەسایەتی بەهمەن قوبادی تێبگەین.
ساڵی ٢٠١٣ لە هەشتەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە لەندەن، من و بەهمەن چەندین جار قسەوباسمان هەبوو.
دواتر دیدارێکی ڕۆژنامەوانیم لەگەڵ ساز دا، کە لە ڕۆژنامەی ئاوێنە بڵاو بووەوە.
سەردێڕی دیدارەکە، گلەییەکی بەهمەن بوو، وتبووی: من لە ئیتسانبول ڕێزم زیاتر لێ دەگیرێت، وەک لە هەولێر!
دوای بڵاوبوونەوەی دیدارەکە، دیاربوو پارتی فشاریان بۆ بەهمەن هێنا بوو. بەهمەن ڕوونکردنەوەیەکی بۆ کەناڵی ڕوودا ناردبوو. لە ڕوونکردنەوەکەیدا نکۆڵی کردبوو، دیداری لەگەڵ من و ئاوێنە ئەنجام دابێت.
هێرشی کردبووە سور من  و نوسیبووی " نە ئەو ڕۆژنامەنووسە دەناسم، نە بینیومە، نە قسەم لەگەڵ کردووە، ئەو ڕۆژنامەنووسە دەیەوێت بەناوهێنانی من، ناوبانگ بۆ خۆی پەیدا بکات!
نامەم بۆ بەهمەن نارد و بۆمنووسی: ئەگەر بۆ تۆ ئاساییە، من دیدارەکە بە دەنگ بڵاو دەکەمەوە. بەڵام بەهمەن بێدەنگی هەڵبژارد. منیش نەمویست فشاری زۆرتری بۆ بێنم. کێشەکە لێرە کۆتایی هات.
.
بە ئەزموون و تێگەشتنی من، بەهمەنی قوبادی فاشیست نییە، بەڵکو کەسێکی بەرژەوەندخواز و خۆبەرەپێشی سوودویستە. بەهمەن لەو جۆرە کەسانەیە لەپێناوی بەرژەوەندی خۆیدا، وەک کورد دەڵێت "لەناڵیش دەدا و لە بزماریش"
ڕاستە بەهمەن فیلمسازێکی دیاری کوردە، بەڵام ڕەوا نییە قسە و لێدوانی بەهمەن، لەسەر کورد حساب بکرێت، بەڵکو پێویستە خۆی وەک تاکەکەس، باجی بەرژەوەندخوازانەی خۆی بدات.

28/11/2022



وتارەکانی تری نوسەر