هەڵبژاردنەکانی تورکیا و چەند سەرنجێک!

شوان حەمە

بەشێک لە هۆکارەکانی پێشکەوتنی ئەردۆغان و ئاک پارتی بەسەر کەمال و شەش پارتەکەی ئۆپۆزیسیۆن.
١. ئەردۆغان وەک سیاسییەکی پۆپۆلیست و جنێوفرۆش کە زۆرجار لە کۆبوونەوە جەماوەرییەکاندا، نەیارانی بە شەرەفسز و ئەخلاقسز بانگ دەکات، ئەزمونی زۆری لە هەڵمەتی هەڵبژاردن و جوڵاندنی دەنگدەران هەیە. یەکێک لەو کارتانەی بەکاریهێنا و تا ئاستێکی بەرچاو سەرکەوتو بوو، هێرشکردنە سەر کەمال و وروژاندنی پرسی شیعەبوونی بوو، دۆخێک کەمالی ناچارکرد لە پێگەی بەرگریکردندا جوڵە بکات و لە پەیامێکی فەرمیدا دان بە شیعەبوونی خۆیدا بنێت. ئەم دۆخە بە هەموو ڕەهەندە مەزهەبی و مێژویی و فەرهەنگییەکانییەوە، جەمسەرگیری توندی لای دەنگدەران دروستکرد، کە بووە هۆی یەکگرتنی هەردوو باڵی فاشیزمی نەتەوەیی و ئاینی توركی.
ڕێکەوت نەبوو ڕێژەی بەشداریی دەنگدەران لەم هەڵبژاردنەدا گەیشتە نزیکەی لە سەدا نەوەد. 
٢. ئەردۆغان پارە و میدیای دەوڵەتی خستە خزمەت خۆی و پارتەکەی. بۆ نمونە، پێش هەڵبژاردن، زۆرێک لە پەیج و پێگەکانی سۆشیالمیدیا، بە تایبەت تویتەری کڕی، هەر یەک لەو پەیجە کڕڕاوانە، ژمارەی بەشداربوانیان سەرو دە هەزارە.
٣. پروپاگەندە لە سوشیالمیدیا دژی کەمال، لەوانە دروستکردنی ڤیدیۆیەکی ساختە گوایە قە*را*ی*لا*ن پشتگیری کەمال دەکات.
بەشێک لە هۆکارەکانی کەمبوونەوەی دەنگەکانی هەدەپە.
١. هەدەپە، یان پارتیی چەپی سەوز بەر لە هەڵبژاردن دوو بژاردەی هەبوو. بژاردەی یەکەم وەک پێشتر ڕێگای سێیەم هەڵبژێرێت و بە شوناس و کاندیدی خۆی بۆ سەرۆککۆمار بەشدار بێت. بژاردەی دووەم، پشتگیری کەمال بکات.
٢. هەدەپە و سەلاحەدین دەمیرتاش لە زیندانەوە، توانا و وزەی زۆریان لە پشتیوانی کەمال بەکارهێنا، ڕاستە یەکێک لە دروشمەکانی هەدەپە (سەد کورسی) بوو، بەڵام لە ڕووی کردارییەوە وەک پێویست کاریان بۆ بەدەستهێنانی سەد کورسی نەکرد. هەدەپە بە گشتی لە کوردستان کورسییەکانی کەمیان نەکردووە، بەڵام لە شارەکانی تر، بەهۆی پشتگیری لە کەمال، بەشێک لە دەنگەکانی هەدەپ دراون بە جەهەپە.
خولی دووەمی هەڵبژاردن.
بەشێک لە شرۆڤەکاران، پێشبینی ئەنجامی هەڵبژاردنی خوولی دووی سەرۆکایەتی، بە حاسیبە و ژمارە دەکەن. بۆ نموونە دەڵێن: ئەردۆغان پێویستی بە نزیکەی نیو ملیۆن دەنگیتر و کەمال پێویستی بە نزیکەی دوو ملیون دەنگیتر هەیە، یان لە سەدا پێنجی دەنگەکانی سینان ئۆغان، دەخەنە سەر دەنگی یەکێک لە دوو کاندیدەکە و ئەنجامگیری لەسەر دەکەن. ئەم لێکدانەوە میکانیکیانە خەوشی گەورە لە شرۆڤەدا دروست دەکات!
١. مەرج نییە لە خولی دووەمدا هەمان رێژەی بەرزی دەنگدەرانی خولی یەک بەشدار بن. ئەمە بۆ هەردوو کانیدەکە (ئەردۆغان و کەمال) ڕاستە، 
٢.  توێژێک کە بە زیاتر لە ملیۆن و نیو دەنگدەر دەخەمڵێنرێن، لە خولی یەکەمدا بەشدار نەبون، ئایا لە خولی دووەمدا بەشدار دەبن؟
٣. ڕەنگە سینان ئۆغان بتوانێت ئاڕاستەی لەسەدا دووی دەنگدەرەکانی خۆی بکات, بەڵام ئەو توانایەی نییە، ئاڕاستەی کۆی لەسەدا پێنجەکە بکات.
خولی دووەمی هەڵبژاردن لەبەردەم هەموو ئەگەرەکاندایە. سەرۆکی پێشوتری تورکیا، سلێمان دیمریل وتەیەکی هەیە دەڵێت: لە تورکیا بیستوچوار کاتژمێر بۆ سیاسەت، کاتێکی زۆرە!

18/05/2023



وتارەکانی تری نوسەر