بارزانی عوقدەی کورسی سەرۆکایەتی!

شوان حەمە
پێنجشەمەی ڕابردوو ٥ی تشرنی دووەم، مەسعودبارزانی لەگەڵ "ژمارەیەك كەسایەتی و پیاوماقوڵ و ڕیش سپیی دەڤەری سلێمانی و گەرمیان" کۆبووەوە. 

نزیکەی مانگێک پێش ئەم دیدارەی بارزانی لەگەڵ "ژمارەیەك كەسایەتی و پیاوماقوڵ و ڕیش سپیی دەڤەری سلێمانی و گەرمیان"، هەر بەبڕیاری بارزانی، لەبازگەی پردێ‌و لەرێگەی هێزێكی چەکداری پارتیەوە، ڕێگری لەسەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کرا. 
مەسعود بارزانی کە "لە ١٩ ئابی ئەمساڵەوە وەک سەرۆکی هەرێم شەرعیەتی یاسایی کۆتایی هاتوە"، هەست بەوە دەکات کە نەک تەنها شەرعیەتی یاسایی، بەڵکە شەرعیەتی جەماوەریشی کەوتوەتە ژێر پرسیارەوە، بەتایبەت لە "دەڤەری سلیمانی‌و گەرمیان" .

هەڵوێست‌و رەفتارەکانی بارزانی لەیەک کاتدا دوو ڕاستی ئاشکرا دەکەن:
یەکەم: بارزانی سوکایەتی بەو سەرۆک پەرلەمان‌و کەسایەتییە سیاسی‌و حکومیانە کرد کە بەشێکی زۆری دەنگدەران‌و هاونیشتمانیانی "دەڤەری سلیمانی‌و گەرمیان" هەڵیانبژاردون‌و متمانەی خۆیانیان پێ بەخشیون.
دووەم:  بارزانی لەڕێگەی "ژمارەیەك كەسایەتی و پیاوماقوڵ و ڕیش سپیی دەڤەری سلێمانی و گەرمیان" ناڕاستەوخۆ ئاماژە بە ناگونجاوی مۆدێلی هەڵبژاردن‌و نوێنەرایەتی دەکات‌و مۆدێلی دیوەخان‌و تەگبیری خێرخواو مەجلیسی پیاوچاکان، وەک بەدیلی یاساو پەرلەمان‌ دیموکراتی دەخاتە ڕوو.

بارزانی لەلایەک یاساشکێنی مەترسیدار دەکات، لەلایەکیتر هەوڵ دەدات یاساکانی خۆی بسەپێنێت.
بارزانی لەوە تێگەیشتووە کە ئەمریکی‌و ئەوروپی‌و هێزە ئیقلیمیەکان، لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ناوچەکە مامەڵە دەکەن، جا ئەو دەسەڵاتدارە بە قەباری دەسەڵاتی حوسنی موبارەک بێت لەسەردەمی سەرۆکایەتیدا، یان دەسەڵاتێکی سنوورداری وەک دەسەڵاتی ئەحمەد شا مەسعودی ئەفغانی بێت .

 
لە ئێستادا دۆخی هەرێمی کوردستان بە ڕووی هەموو ئەگەرەکاندا کراوەیە. یەکێک لەو ئەگەرانەی پیشتریش بەشێک لە سیاسەتوان‌و میدیاکاران باسیان کردووە، بەهەرێمکردنی ناوچەکانی سلێمانی‌و گەرمیانە. ڕەنگە هەنگاوێکی هاوشێوە هانی بارزانی بدات بۆ دۆزینەوەی بەدیلێکی تر! پێویستە هەنگاوە چاوەرواننەکراوەکانی بارزانی لەبەرچاو بگیرێت، دوو هەفتە بەر لە ٣١ی ئابی ١٩٩٦،  کەس لەو بڕوایەدا نەبوو لەسەر داوای بارزانی، سوپای عێراق هەولێر داگیر بکات! 

هەرکات بارزانی لەوە تێگەیشت کورسی سەرۆکایەتی لە دەست دەچێت، دوور نییە بەپشتیوانی تورکەکان، بیر لەبەقوبرسکردنی هەولێر‌و دهۆک بکاتەوە، بەڵام لە فۆرمی میرنشینێکی کوردیداو بە ئیدیعای دەوڵەتێکی کوردی. ئەوکات هەرێمی کوردستانیش، بە دەستی خۆمان، دەکرێتە دوو بەش‌و دەکەوێتە ژێردەستی تورک‌و ئێرانیەکان.

08/11/2015



وتارەکانی تری نوسەر