هەڵبژاردنەکانی مانگی داهاتووی تورکیا و هەدەپ وەک بەردی گۆشە!

شوان حەمە

پێشخستنی هەڵبژاردنەکانی تورکیا بە بڕیاری ڕەجەب تەیب ئەردوغان لە ١٨ی مانگی حوزەیرانەوە بۆ ١٤و مانگی ئایار، هێندەیتر تورکیای خستوەتە بەردەم ئایندەی نادیار!

ئابووری ناوخۆ و پرسی کورد و جەنگی ئۆکرانیا و بوونی زیاتر لە سێ ملیۆن و نیو پەنابەری سوری لە ناوخۆی تورکیا و پەیەوەندییەکانی تورکیا و ئەوروپا، لە پرسە هەرە گرنگەکانی هەڵبژاردنن.

گۆڕینی جارێکیتری سیستمی دەوڵەت، لە سەرۆکایەتییەوە بۆ پەرلەمانی، گرێدراوی سەرکەوتنی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانە بەسەر ئەردۆغان و پارتی نەتەوەپەرستی هاوپەیمانی!

ئەردۆغان لە ڕێگەی بەکارهێنانی دادگاوە، هەوڵی داوە دوو گورزی پێشوەخت لە دوو ڕکابەری سەرەکی خۆی و حیزبەکەی بدات. لە ئێستادا هەدەپ کە  بە بەردی گۆشەی ئەم هەڵبژاردنە ناسراوە، ڕووبەڕووی ئەگەری داخستن بووەتەوە، تەنانەت گەر پرسی داخستنی هەدەپ بۆ دوای هەڵبژاردنەکان دوابخرێت، هێشتا ئاستەنگی یاساییەکان ڕێگرە لە بەخشینی زیاتر لە نیو ملیار لیرە لە خەزینەی دەوڵەت بە حیزبەکە، کە لە ئێستادا خاوەنی پەنجاو نۆ کورسی پەرلەمانە.

ئەکرەم ئیمام ئۆغلو سەرۆکی شارەوانی ئیستەنبول، کە بە ڕکابەری سەرەکی ئەردۆغان دەناسرێت، بەهەمانشیوە و بە هۆکاری یاسایی، ڕووبەڕووی دوورخستنەوە لە هەڵبژاردنەکان بوەتەوە!

ئەزمونی پێشینەی پارتە کوردییەکان لە تورکیا، سەلماندویەتی کە ئەگەر هەدەپ بە یاسا دابخرێت، هێشتا سەرکردایەتی و ئەندامان و لایەنگران و دەنگدەرانی پارتەکە، هاوشێوەی هەڵنژاردنەوەی ئەکرەم ئیمام ئۆغلۆ بۆ سەرۆکی شارەوانی ئیستانبول، توانایان هەیە بەشداری کاریگەر لە هەڵبژاردنەکاندا بکەن و تەرازوی هێز دژ بە ئاک پارتی و رەجەم تەیب ئەردۆغان بکەنە ڕاستییەکی ئاشکرا. 

نزیکەی ساڵێک بەر لە ئێستا، لە دیدارێکی دەنگی ئەمریکا، ئاماژەم بە ئەگەری چەند سیناریۆ کرد، کە رەنگە ئەردۆغان پێش هەڵبژاردنەکان، بۆ کۆکردنەوەی دەنگ بەکاریبێنێت، سیناریۆی یەکەم: پەلاماردانی ڕۆژئاوای کوردستان، کە مانگی یازدەی ساڵی ڕابردوو، ئەردۆغان هەوڵی زۆری دا، بەڵام لەلایەن ئەمریکاو ڕوسیاوە، لانیکەم تا ئێستا رێگەی پێندراوە. سیناریۆی دووەم: دروستکردنی گرژی لەگەڵ یۆنانییەکان، ئەردۆغان ئەم سیناریۆیەشی تاقیکردەوە بێئەوەی هیچ ئەنجامێکی دیارکراو بەدەست بێنێت.

 چەند مانگی داهاتوو دەبنە ماوەیەکی کورت و هەستیار، بۆ ڕووداوەکان و ئەگەری و سیناریۆی نوێ لە تورکیا! وتەیەکی سەرۆکی پێشوتری تورکیا سلێمان دیمریل هەیە دەڵێت: لە تورکیا بیستوچوار کاتژمێر بۆ سیاسەت ماوەیەکی درێژە!

وێنەی هاوپێچ کۆکردنەوە شازدە ڕاپرسی ساڵی ٢٠٢٢، دابەشکردنەوەیەتی بەسەر پارتە سیاسییەکاندا. لە کۆکردنەوی ژمارەکاندا دەردەکەوێت، کە هیچ یەک لە بەرەی ئۆپۆزیسیۆن و بەرەوی ئەردۆغان، بە بێ بەشداری هەدەپ، ناتوانن نیوە زائید یەک تێپەڕێنن.

01/02/2023



وتارەکانی تری نوسەر