بڕیاڕی هەدەپە بە پشتیوانیکردن لە کەمال کڵچدار ئۆغلو، لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی، لە ڕووی سیاسییەوە بڕیارێکی چاوەروانکراو بوو.
کلچدار ئۆغلو بەر لەوەی بەردانەواندن بۆ فاشیستێکی وەک ئومیت ئوزداغ بکات و بەڵێنی پۆستی وەزاری پێبدات، لەوە تێگەیشتوە کە بەشداریپێکردنی ئوزداغ و پارتی سەرکەوتن، کە ڕێژەی دەنگدەرانی لە نێوان سەدا دوو تا سێ دەبێت، هەدەپە و پارتی چەپی سەوز دەخاتە بەردەم بڕیاری پێداچوونەوە. گەر هەدەپە و چەپی سەوز بایکۆتی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بکەن، بێ دەستکەوت و بە گیانێکی ئاڵینگاری لاوازەوە، پاشەکشە دەکەن و سەرکەوتنێکی ئاسانیش بە ئەردۆغان دەبەخشن.
لێرەوە گەر ئەم هەڵبژاردنە وەک بناغەی کاری هاوبەش و لێکتێگەیشتنی نێوان کڵچدار ئۆغلو و هەدەپە دابنێن، تێدەگەین کەمال لە یەکەم تاقیکردنەوەدا لەگەڵ کورد، سیاسەتەی ناچارکردنی بەکار دەهێنێت.
هەدەپە و چەپی سەوز لەوە تێگەیشتون کە دابەشبونی فاشیزمی تورکی بەسەر هەردوو گۆڕەپانی ئەردۆگان و کەمال، جۆرێکە لە ڕێکەوتنی ڕانەگەیندراو، کە لە هەردوو گۆڕەپانەکەدا کورد بە ئامانج گیراوە. لێرەدا یان دەبێت ئامادە و دیار بیت، یان دەبێت بێدەنگ و بێدەستکەوت بیت.
لەناو هەدەپە و چەپی سەوز کەسانێک هەن، هەمیشە بە پێوەری ئایدۆلۆجی لە هاوکێشەکان دەڕوانن، خۆشحاڵانە دوا بڕیاری هەدەپە و چەپی سەوز، بە بەشداری و لە گوڕی دووەمی هەڵبژاردن و پشتیوانی لە کاندیدەکەی، گەمەکەی گەڕاندەوە بۆ چوارچێوە سیاسیە تاکتیکییەکە.
پشتیوانی هەدەپە و چەپی سەوز بۆ کەمال، نە لەبەر کوردبون، نەلەبەر عیلمانیبون، نە لەبەر عەلەییبونی کەمالە، بەڵکو لە دژی ئەردۆغانە. کەوتنی ئەردۆغان، کاریگەری لە سەر، زیاتر لە پرسێک و زیاتر لە جوگرافیایەک دادەنێت، کە دەکرێت لەبەرژەوەندی کورد بێت، یان لانیکەم، فشارەکانی سەر کورد کەم بکاتەوە.
گەر کەمال کڵچدار ئۆغلو، گوڕی دووەمی هەڵبژاردن بباتەوە و ئەردۆغان دەسەڵات ڕادەستی لایەنی براوە بکات، لە خراپترین حاڵیدا، کەمال بیست ساڵیتری دەوێت، تا دەگاتە قۆناغی دڕەندەیی و پاوانخوازی ئەردۆغان.
لێرەوە تێدەگەین کە کورد لە باکوری کوردستان، بە هاوکاری هەندێک هێزی چەپ و پێشکەوتوخوازی تورکی، لە نێوان خراپ و خراپتردا خراپەکە هەڵدەبژێرن. خۆ گەر لەسەرەتاوە بایکۆتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتییان بکردایە، بێ سێ دوو خراپترینەکە سەردەکەوت!